مەلا بەختیار: بارودۆخێک هاتۆتە پێشەوە دنیا تێدەگات کە هەقە پشتیوانی کورد بکرێت

کوردستان 07/11/2019



مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێری، لەگەڵ بزافی ئاشتی سلێمانی کۆدەبێتەوەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە: مێژوو جارێکی تر بە تراجیدیا بۆ کورد دووبارە نابێتەوە.
کۆبوونەوەکە کە ئێوارەی رۆژی (٦/١١/٢٠١٩) بەڕێوەچوو، بزافی ئاشتی سلێمانی، ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد کە سەردانەکەیان بۆ لای سیاسەتمەدارێکی ئاشتیخوازە، کە هەمیشە لەوپێناوەدا تێکۆشاوەو بەمەبەستی گفتوگۆو بیروراگۆرینەوەیە سەبارەت بە بزافەکەیان و ئامانج و نەخشەرێگەی کارکردنیان.
هاوکات مەلا بەختیار رایگەیاند: بەمایەی دڵخۆشیزانی لەناو میللەتێکدا کە تائێستاش لەسەنگەرەکانی بەرگریدایە لەخۆی و یەکێکیش لەشانازییەکانی نەتەوەکەمان و کە لەئاییندەشدا دەبێتە شانازی بۆ هەموو ئاشتیخوازانی کورد، ئەوەیە کە کورد لەمێژووی خۆیدا تەجاوزی بۆ خاکی هیچ نەتەوەیەکی تر نەکردووەو تەئکیدیشی کردەوە: نەتەوەکەمان قەرزارباری هیچ نەتەوەیەکی تر نییە، بەڵکو هەمیشە نەتەوەو دەسەڵاتەکانی تر، تەنانەت دەوڵەتە گەورەکانی دنیا قەرزاری میللەتەکەمانن.
مەلا بەختیار، سەربردەیەکی مێژووی بەرگری نەتەوەکەمانی لەرابردووی دوورەوە بۆ ئێستا و لە وێستگە جیاوازەکانی خەبات و قوربانیدان گێرایەوە کە نەتەوەکەمان هەمیشە لەبەرگریدابووەو وتی: میللەتێک کە هەمیشە لەبەرگریدا بێت زۆر ئاساییە ئاشتیخوازیش بێت و ئەرکیشێتی.
لێپرسراوی دەستەی کارگێری، تەئکیدیشی کردەوە کە بوونی ئەم جۆرە رێکخراوانە بەگرنگ و پێویست دەزانێت، بە تایبەت کە میللەتەکەمان هەمیشە لەبەدبەختی و بەرگریدابووە بەتایبەت بۆ پاراستنی ئەزموونی ئێستامان و وتیشی: خۆشبەختانە ئێستا بارودۆخێک هاتۆتە پێشەوە کە دنیا تێدەگات کە هەقە کورد پشتیوانی بکرێت. ئەمەش دۆخێکی تازەیە لەم هاوكێشەیەی هاتۆتە پێشەوە. کە ئەمەش دووەمجارە ئەم بارودۆخە دێتە پێشەوە، جاری یەکەم راپەرینی ساڵی ١٩٩١ و دۆخی ئێستای رۆژئاوای کوردستانیش دووەمجارە و رایگەیاند:
باوەریشم نییە ئەمە بگەڕێتەوە دواوەو جارێکی تر بگەرێتەوە ئەو چوارگۆشەی کە رای گشتی و مێدیا سۆزیان بۆ کورد نەبێت، چونکە مێژوو جارێکی تر بە تراجیدیا بۆ کورد دووبارە نابێتەوە.
لێپرسراوی دەستەی کارگێری، رونیشیکردەوە کە ئەم سەردەمە سەراپا جیاوازە لەرابردوو، چونکە سەردەمی ئێستا کە جیهانگیرییە، تێکست و کەرەستە، ستراتیژ و فەلسەفەی جیاوازی خۆی هەیەو رابردوو گوزەشت و لەگۆرانکاری سەراپاییداین. بۆیە ناتوانین بەبیر و ئەندێشەی چەقبەستوو کێبەرکێی دنیای گۆڕاوی ئێستا بکەین. لەئایندەشدا گۆرانکارییەکان رۆدەچن، فروان دەبن و پەلوپۆدەهاون و لە دە ساڵی ئاییندەشدا ئەوەی ئێستا هەیە لە سیاسەت، کۆمەڵ و ئابوری هەڵدەگەرێتەوە.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشیدا مەلا بەختیار وتی: وردە وردە دەبێ ئێمەش لەم سەردەمەدا بین و دەبێ تێبکۆشین بێینە ناو بازنەکە و جێگەی خۆمان بکەینەوە لە سیاسەت، لە ئابوری، زانست...تد و ئاشتی کۆڵایەتیش بۆ پێکهاتەکان، شارو دێهاتەکان، ئایین و مەزهەبەکان، نەتەوە جیاوازەکان پێویستە.
تەئکیدیشی کردەوە کە: دەسەڵاتی حوکمڕان ئەزەلی نییە بەڵام دەسەڵاتی گۆڕانکاری مێژوویی هەمیشەییە، هەم دەگۆڕێ و هەم دەتگۆڕێت.