رۆژنامەنوسێكی ناوداری توركیا: ئەردۆغان خەون بە دروستكردنی ئیمپراتۆریەتێكی ئیخوانیەوە دەبینێت

ڕاپۆرت 04/11/2019



وەرگێڕانی: رەمەزان شێخانی
نوسەرو رۆژنامەنوسی توركی ئارغۆن باباهان رایگەیاندوە: حكومەتەكەی ئەردۆغان توركیای كردوە بە وڵاتێكی قێزەوەن و ئەردۆغان نمونەی پاكستان پراكتیزە دەكات.
لەوتارەكەیدا كە نوسەر لە سایتی " احوال توركیا" بڵاوكراوەتەوە بەناونیشانی " توركیا بوەتە نمونەی پاكستان لە ناوچەكەدا.
ئارغۆن باباهان هۆشداری دەدات لە پەرەسەندنی پەیوەندیەكانی توركیا لەگەڵ گرووپە جیهادیەكان لە سوریا بەتایبەتیش رێكخراوی داعش كەچەند رۆژێك پێش ئێستا سەرۆكەكەیان كوژرا. 
لەوتارەكەدا هاتوە: هەنگاوەكانی توركیا زۆر بەخێرای بە حكومەتی ئێستاو كۆمەڵگەی توركیەوە كە گوێی خۆی كەڕكردوەو چاوی داخستوە لەبەرامبەر دۆزی كورد بەرەو زەلكاو هەنگاو دەنێت كە رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر پەراوێز دەخرێت و بوەتە وڵاتێكی تەنیا و قێزەوەن لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە.
ئەردۆغان خەون بە درووستكردنی ئیمپراتۆریەتێكی ئیخوانیەوە دەبینێت لەسەر داروپەردووی رژێمەكەی بەشار ئەسەد لەرێگەی پێشكەش كردنی هەموو جۆرە چەكێك و ئاسانكاری كردن بۆ گرووپە تێرۆریستیەكان بەتایبەتیش رێكخراوی داعش.
كاتێك چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر شاری كۆبانی  كە دەستیان بە خوێنی خەڵكی بێ تاوان سورە ئەردۆغان نقەی لەخۆی بریبوو وەك ئەوەی پەیوەندی بەوەوە نەبێت لەكاتێكدا كوردەكان بە پیاوو ژن و گەنجیانەوە شەرێكی سەختیان لەدژی ئەو چەكدارانە دەكرد بەو چەكانەی كە هەیانبوو سەرەتا بە چەقۆ دژی ئەو رێكخراوە تێرۆریستیە شەڕیان كرد كە دەستدرێژیان كردە سەر ژنان و سەری پیاوەكانیان لێكردەوە.
تەنها دەستە واژە كە ئەردۆغان دەیوتەوەو هاواری دەكرد " كۆبانێ كەوت و كەوت كۆبانێ" هیچ رۆژێك ئەردۆغان بێزاری دەرنەبڕی لەداگیركردنی ناوچە سنوریەكانی توركیا لەلایەن داعشەوە ، یاخوود توركیا ببێتە دراوسێی ئەو رێكخراوە.ئەردۆغان گوێی بەوە نەدا كە زیاتر لە 20_25% توركیا كوردن.
لە ئێستادا دوای ئەوەی بێ ئومێد بوو لە روخانی رژێمی ئەسەد  تەنها ئامانجی رژێمی ئەردۆغان پاككردنەوەی ناوچە سنوریەكانە لە كورد و درووستكردنی پشتێنەیەكی ئەمنی عەرەبی لەناوچەكەدا بێ گوێدانە ئاوارە بونی سەدان هەزار هاوڵاتی رەسەنی سوریا لە زێدی خۆیان. ئەوەی جێگەی داخە لەنێو كۆمەڵگەی توركیا دەنگێكمان نەبیست لە دژی پلانەكانی ئەردۆغان كە پێچەوانەی یاساكانی رەوشت و لۆژیكە و لەبەرامبەردا بینیمان كەسانێكی نێو كۆمەڵگەی توركیا پشتیوانیان لە ئەردۆغان كرد گوایە رێگەی ئەتاتۆركی گرتوەتە بەر بێ ئەوەی بزانن لە ئێستادا هێزە چەكدارەكانی توركیا هەمان هێزی سەربازی جاران نیە كە پارێزگاری لە پرنسیپەكانی عەلمانی دەكرد بەڵكوو سوپای توركیا كراوەتە سوپای محەمەد كە نمونەی پاكستانمان بیر دەهێنێتەوە كە ئەركی تەنها پاراستنی ئیسلام بو كە تەنها ئەردۆغان وای دەبینێت. بەو شێوەیەش ئەو دەزگا سەربازیە دەبێتە شوێنكەوتوانی " سادات " كە عەدنان تانری فێردی ژنراڵی خانەنشین و راۆێژكاری ئەردۆغان دایمەزراندوە كە تەنها كاری گوماناوی ئەنجامدەدات وەكو مەشق كردن بەكەسانی گومان لێكراو لە دەرەوەی سوپا و دەوڵەت ئەوەش مانای وایە سوپای توركیا دوور لە پەیمانی ناتۆ دەجوڵێت. ئەوەش وادەكات هێزە سەربازیەكانی توركیا زۆر لەگەڵ گرووپە ئیسلامیە توندرەوەكاندا كاربكات و پەیڕەوەی بكات هاوشێوەی سوپای پاكستان بەوەش پەیوەندیە ئاڵۆزو تێكڵاوەكانی سوپای توركیا لەگەڵ ئەو گرووپانەدا تاوانی نامرۆیی كە ئەو گرووپانە ئەنجامیدەدەن دەبێتە باكگراوندی سوپای توركیا.
پەیوەندیەكانی توركیا لە گەڵ گرووپە توندرەوەكاندا هەمان ئەزمونی پاكستان لە ئەفغانستان بڵاودەكاتەوە بەوەش توركیا بەردەوام هەموو هاوكاریەك پێشكەش بەو گرووپە توندرەوانە دەكات لە سنوری وڵاتەكەیدا.
كوشتنی ئەبو بكری بەغدادی لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە بە پشتیوانی كورد بەبێ بەشداری كردنی توركیا رێك ئەو راستیە دەسەلمێنێت چونكە هێزەكانی ئەمریكا بەغدادیان لەناوچەیەكدا كوشت تەنها 5 كیلۆمەتر لەوناوچەیە دووربوو كە لەژێر كۆنترۆڵی سوپای توركیادابوو ئەستەمیشە باوەڕ بەوە بكرێت كە ئەنقەرە زانیاری نەبوە لەسەر بوونی بەغدادی لەو ناوچەیەدا لەكاتێكدا ئەنقەرە 12 خاڵی چاودێری لەناوچەكەدا هەیە جگە لە بوونی هەواڵگری لەناوچەكەدا ئەوەش گومان لەسەر بوونی پەیوەندی لەنێوان بەغدادی و ئەنقەرە دەسەلمێنێت.
دەزگای هەواڵگری ئەمریكا و پنتاگۆن زانیاری تەواوی هەبوە لەسەر بوونی پەیوەندی لەنێوان ئەنقەرەو داعش ئەوەش نیشانەی ئەوەیە كە ئەمریكا زانیاری نەداوەتە توركیا سەبارەت بەهێرش كردنە سەر شوێنی خۆحەشاردانی ئەبوبكری بەغدادی.ئەوەش كوشتنەكەی ئوسامە بن لادان مان بیردەخاتەوە كاتێك ئەمریكا بەئەنقەست پاكستانی ئاگادار نەكردەوە سەبارەت بە هێرش كردنە سەر بن لادن.
هێزەكانی ئەمریكا و دەزگای هەواڵگری ئەمریكا متمانەی تەواوی بەهێزە كوردیەكان كرد لە سوریا و عیراق بەڵام متمانە بە ئەنقەرە نەكردو ئاگاداری نەكردنەوە.
هەروەك هەماهەنگی لەگەڵ ئەنقەرە نەكرد بۆ بەكارهێنانی ئاسمانی توركیا بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە و هەروەك واشنتۆن بریاریدا بنكەی ئینجرلیك لەو ئۆپراسیۆنە دوورخاتەوەو بەشداری پێنەكات ئەوەش نیشانەی بێمتمانەیی ئەمریكایە بە توركیا.
لەكۆتایی وتارەكەیدا نوسیویەتی پێم وایە ئاراستەی ئێستا توركیا و عەقڵیەتی بە ئیسلامی كردن بەو شێوەیەی ئێستا لەداهاتوودا خزمەت بە بەرژەوەندیەكانی ناكات.