عەبدولمەهدی دەستبەرداری دەسەڵات نابێت وسەدریش پشتیوانی خۆپیشاندەران دەكات

ڕاپۆرت 30/10/2019


ئا /رەمەزان شێخانی
لەگەڵ بەرزبونەوەی ناڕەزایەتیەكان لەشەقامی عیراقی،چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار بڵاویانكردوەتەوە عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی حكومەتی عیراقی نیازی دەست لەكاركێشانەوەی نیە.
بەگۆێرەی ئەو سەرچاوانە ئەو لایەنە سیاسیانەی پشتیوانی عەبدولمەهدی دەكەن دژی دەست لەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدین بەتایبەت پاش ئەوەی موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر چوەتە ریزی خۆپیشاندەرانەوەو پشتیوانیان دەكات.
سەرچاوەكان روونیانكردوەتەوە ئەو لایەنانە هەوڵ دەدەن چاكسازی گەورە ئەنجامبدەن بەڵام بە بێ گۆرینی سەرۆكی ئێستای حكومەت تا ڕێگە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەخت بگیرێت كە رەوتی سەدر تێیدا باڵا دەست بن و حكومەتێكی تاك ڕەو درووستبكرێت.
سەرچاوەكان پێش بینیان كردوە بازنەی خۆپیشاندانەكان فراوانتر ببێت بە ئاراستەی پردە سەرەكییەكانی بەغدا بە پردی سنك یشەوە.
لای خۆشیەوە موقتەدا سەدر هۆشداری دا لە دەرهاویشتەی سیاسی مەترسیدار كە عەبدولمەهدی دەستبەرداری دەسەڵات نەبێت 
 وتیشی دەست لەكار نەكێشانەوەی عەبدولمەهدی عیراق دووچاری دۆخێكی وەكو سوریا یا یەمەن ی دەكات.
سەدر توانی زەمینەیەكی سیاسی نوێ بەدەستبهێنێت پاش ئەوەی هادی عامری سەركردەی سیاسی شیعەكان رایگەیاند: من هاوكاری سەدر دەكەم لەپێناو بەرژەوەندیەكان و رزگاركردنی وڵات 
پێشتر سەدر داوای لە عامری كردبوو كە گەورەترین رەكابەری سیاسی خۆی بوو هاوكاری بكات لە پێناو رووخاندنی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی، ئەوە لەكاتێكدایە دەیان هەزار كەس لەدژی حكومەت رژاونەتە سەر شەقامەكان.
سەدر كە سەرۆكایەتی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی دەكات لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە راگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە داوای لە هادی عاممری كردوە كە سەركردەی دووەم گەورە فراكسیۆنی پەرلەمانییە یارمەتی بدات لە پرۆسەی دەنگدان بەمەبەستی سەندنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیرانی عیراق.
لای خۆشیەوە عادل عەبدومەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە راگەیاندراوێكدا كە ئاراستەی سەدری كردوە بڵاویكردوەتەوە : گەر ئامانجی هەڵبژاردنەكان گۆرینی حكومەتە ئەوا رێگەی زۆر كورت تر هەیە ، ئەوەیش لە رێگەی رێككەوتنی نێوان سەدر و هادی عامری بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ، لەو كاتەشدا سەرۆك وەزیران دەتوانێت دەست لەكار كێشانەوە پێشكەش بكات و حكومەتی نوێ لە ماوەی چەند رۆژیەكدا دەست بە كارەكانی خۆی بكات .
پار ساڵ عەبدولمەهدی وەكو چارەسەرێكی مام ناوەند گەیشتە دەسەڵات بە ئامانجی چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی نێوان فراكسیۆنی سەدرو وهاوپەیمانەكانی و فراكسیۆنی عامری كە سەركردەی چەند حزبێكی سیاسی شیعەكانی دەكرد و ماوەی چەند هەفتەیەك بەردەوام بوو.
بەهۆی ئەو خۆپیشاندانەوە كە دژ بە خراپی باری ئابوری و گەندەڵی بەرێوەدەچێت ژمارەی ئەو كەسانەی كە گیانیان لەدەستداوە لەخۆپیشاندانەكانەوە كە لە یەكی مانگی ئۆكتۆبەرەوە دەستی پێكردوە لانی كەم 250 كەس گیانیان لەدەستداوە.
سكای نیوز