لە هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێكی بارانبارین رو لە هەرێم دەكات

کوردستان 15/10/2019

چاودێر:
دەزگای كەشناسی كوردستان، باس لەوەدەكات، لەسەرەتای هەفتەی داهاتوەوە شەپۆلێكی باران روو لەهەرێمی كوردستان دەكات.
دەزگای كەشناسی كوردستان، لە راگەیەنراوێكیدا ئاشكرایدەكات، لەئەنجامی كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی لاوازی دەریای سوور بارستە هەوری بەرز لە كاتژمێرەكانی داهاتوودا ئاسمانی ناوچەكان دەگرێتەوە كە پێكهاتووە لە هەوری (cirrus) بەدرێژایی سبەینێ چوارشەمە ئاسمان داپۆشراو دەبێت بەم جۆرە هەورەو لەگەڵ بوونی رێژەیەكی كەم لەهەوری مامناوەندی بێ باران.
دەزگای كەشناسی كوردستان، رونیدەكاتەوە، پلەكانی گەرما بە جێگیری دەمێنێتەوە خێرایی با ئاسایی دەبێت بە ئاراستە جیاجیاكانەوە ٥كلم/س - ١٠كلم/س .
دەزگاكە رونیشیدەكاتەوە، لەسەرەتایی هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێكی بارانبارین و هەورە بروسكە لەهەردوو سەرچاوەی دەریایی سپی ناوەراست - سوور هەرێمی كوردستان و ناوچە جیاجیاكانی عێراق دەگرێتەوە بەشێوەیەكی پچڕ پچڕ بۆ ماوەی زیاتر لە چەند رۆژێك كاریگەری دەبێت.