لە تەقینەوەكەی سلێمانیدا كوژراوو بریندار هەیە

کوردستان 15/10/2019

چاودێر:
سەرچاوە ئەمنییەكان ئاشكرایدەكەن، ئێوارەی ئەمڕۆ لە سەر چیای ئەزمەڕی شاری سلێمانی كە شوێنێكی گەشتیارییە دەنگی تەقینەوە بیستراوە‌و بەو هۆیەشەوە كوژراوو بریندار هەیە.
سەرچاوەیەك لە"جی سی سی" سلێمانی، ئاشكرایدەكات، دوای ئەوەی ئاگادار كراونەتەوە لە بونی تەقینەوەیەك لەسەر چیای ئەزمەڕ راستەوخۆ هێزەكانیان چونەتە شوێنی روداوەكەو دەستییان بە لێكۆڵینەوە كردووە.
"جی سی سی" ئەوەیشی رونكردۆتەوە، تائێستا ئەوەی زانراوە‌و بە پێی لێكۆڵینەوەكان، دوو كەس كیانیان لە دەستداوە، بەڵام رەگەزو تەمەنیان نەزانراوە، هەروەها تا ئێستا بەتەواویش یەكلایی نەبۆتەوە تەقینەوە بووە یان شتی دیكە.
لای خۆیشیەوە وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، لە لێدوانێكیدا باسی لەوەكرد، راستە دەنگی تەقینەوەیەك لەسەر چیای ئەزمەڕ بیستراوە، بەڵام تا ئێستا نازانرێت تەقینەوەیە یان نا.
سەركەوت ئەحمەد، وتیشی "بەهۆی روداوەكەوە كەسێك گیانی لە دەستداوەو كەسێكیش بریندارە، بۆیە چاوەڕێی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس دەكەین‌و داتر وردەكارییەكەی ئاشكرا دەكەین".