بیستو سێهەمین خولی فێستیڤاڵی گەلاوێژ ئەنجامدەدرێت

کوردستان 15/10/2019

چاودێر:
بڕیارە بیست و سێهەمین خولی فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە 16 و 16 و 28ی نیسانی 2020 لەشاری سلێمانی بەڕێوەبچێت.

ئیپتسام ئیسماعیل سەرۆكی بنكەی ڕووناكبیری گەلاوێژ لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بیست و سێهەمین خولی فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە 16 و 16 و 28ی نیسانی 2020 بەڕێوەدەچێت.

ئاماژەی بەئەوەشدا، لەئێستاوە ئامادەن بۆ وەرگرتنی بەرهەمی نوسەران و ڕووناكبیران لەبوارەكانی شعر و چیرۆك و لێكۆڵینەوە و كتێب، بەپێی ئەو مەرجانەی كە دواتر لەماڵپەڕی فەرمی فێستیڤاڵی گەلاوێژ بڵاودەكرێنەوە.

وتیشی: "ئەم فێستیڤاڵە لەماوەى (22) ساڵى رابردودا توانیویەتى ببێتە سیمبولێک و وەرچەرخانێک لە دنیاى هزر و داهێنان و رۆشنگەریدا، بەدرێژایى تەمەنى فێستیڤاڵى گەلاوێژ زۆرترین ئەدیب و رۆشنفکر و هونەرمەند و لێکۆڵەر و توێژەرى هێناوەتە شارى سلێمانى، کە زۆرترین کێبڕکێکى کراوە لەسەر بەرەو باشتر و جوانترکردنى هەموو بوارەکان".

بنكەی روناكبیریی گەلاوێژ رێكخراوێكی روناكبیریی گشتییە بایەخ بە ئەدەب و فیكرو كولتوری رۆشنگەری دەدات، كە لەساڵی 1996 لە شاری سلێمانی دامەزراوە.

ناوی گەلاوێژ وەك رێزلێنان و پێزانینێك بۆ مامۆستای روناكبیر ئیبراهیم ئەحمەد دانراوە، كە لە ساڵانی 1939-1949 گۆڤاری گەلاوێژی لە شاری بەغدا دەركردووە.

ساڵانە فێستیڤاڵێكی كولتوریی گەورە ساز دەكات كە لە سەرجەم وڵاتانی دونیا نوسەران و روناكبیران بانگهێشت دەكات، تا ئێستا بیست و دوو فێستیڤاڵی بەبێ دابڕان ساز كردووە.

ئەم بنكەیە لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لەساڵی 1996 بەردەوام هەوڵ بۆ كولتورێكی رۆشنگەر و ئەدەب و فیكرێكی پێشكەوتوو دەدات، ئامانجی سەرەكیی فێستیڤاڵیش بریتییە لە بنیاتنان و پتەوكردنی پردی پەیوەندیی كولتوری كوردی بە كولتوری گەلانی ترەوە لەپێناو خوڵقاندنی دیالۆگێكی كولتوریی كراوە.