چەند وڵاتێكی ئەوروپی سزای توركیا دەدەن

ڕاپۆرت 13/10/2019


ئا/ رەمەزان شێخانی
بەهۆی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان هەر یەك لە ئەڵمانیا و فەرەنسا بریاریان دا چەك بە توركیا نەفرۆشن 
ئەمرۆ یەكشەممە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بڵاویكردەوە لەدژی هێرشەكانی توركیا رۆژئاوای كوردستان وڵاتەكەی بریاری داوە چەك بە توركیا نەفرۆشێت.
هایكو ماس بەرۆژنامەی " بیلدئەم زۆنتاگ"ی هەفتانەی راگەیاندوە لەپاش ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا بۆ سەر كوردانی سوریا وڵاتەكەی مۆڵەتی نوێ نادات بۆ فرۆشتنی هیچ جۆرە چەكێك كە توركیا بتوانێت لە سوریا بەكاری بهێنێت. 
لای خۆشیەوە هەردوو وەزارەتی دەرەوەو و سوپای فەرەنسا بڵاویانكردوەتەوە " فەرەنسا بریاری داوە هەموو ئەو گرێبەستانە هەڵپسێرێت بۆ فرۆشتنی چەك بەتوركیا كە بتوانێت لەو هێرشانەدا بۆ سەر باكوری سوریا بەكاری بهێنێت وبریارەكە دەستبەجێ جێبەجێدەكرێن روونیشیان كردوەتەوە كە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی كاروباری دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا كە بریارە رۆژی 14ی ئەم مانگە كۆببنەوە لە لۆكسمبۆرگ دەرفەتێكی باش دەبێت بۆ نزیككردنەوەی بیروراكانی ئەوروپا 
لەو بارەیەوەحكومەتی فەرنسا جارێكی دیكە سەركۆنەی توندی هێرشەكانی توركیای كرد بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان وهۆشداریشیان دا كە هێرشەكەی توركیا دەبێتە هۆی لەباربردنی ئەمنیەكان سەقامگیری كە هاوپەیمانی دژ بەداعش كاری بۆ دەكات و كارەساتی مرۆییشی لێدەكەوێتەوە ئەوەش مانای زیان گەیاندنە بە ئاسایشی ئەوروپا.
لەراگەیاندراوەكەی هەردوو وەزارەتی دەرەو سوپا فەرەنسا هاتوە : فەرەنسا داوا دەكات هەرچی زووە كۆبونەوەیەكی خێرای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش ببەسترێت بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی هەوڵەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەم بارودۆخەدا، پێشتریش حكومەتی هۆڵەندا بریاری راگرتنی فرۆشتنی چەكی بە توركیا راگەیاند.
لای خۆشیەوە بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لەپەیوەندییكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان  رایگەیاندوە بەریتانیا هەست بەنیگەرانییكی قوڵ دەكات لەبەرامبەر هێرشە سەربازیەكەی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان وداواشی لە ئەردۆغان كردوە هێرشەكانی رابگرێت وگفتوگۆو دیالۆگ دەستپێبكات.
لەپەیوەندیە تەلەفۆنێكدا جۆنسۆن نیگەرانی قووڵی بەریتانیای راگەیاندوە لەبەرامبەر هێرشە سەربازیەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان وتەئكیدی كردوەتەوە هێرشەكان كارەساتی مرۆیی لێدەكەوێتەوە و دەبێتە هۆی لەباربردنی ئەو سەركەوتننانەی بەسەر داعش دا بەدەستهاتون.
سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بە روونی بە ئەردۆغانی راگەیاندوە ئەوان پشتیوانی لەو كارە سەربازیە ناكەن 
 هانی ئەردۆغانی داوە كۆتایی بەهێرشەكان بهێنێت و گفتوگۆ دەست پێبكات و بەریتانیا و هاوپەیمانەكانی لەو پەڕی ئامادەباشیدان بۆ پشتیوانی كردن لە دانوستانەكان.
لێدوانەكان لەكاتێكدایە هەزاران كورد  لە چەندین شاری ئەڵمانیا رێپێوانی نارەزایەتییان دەستپێكردوە لەدژی لەشكر كێشی سوپای توركیا.
هەروەك كوردەكان لەهەریەك لە نەمسا ، سویسرا و یونان خۆپیشاندانیان دەستپێكردوە لەدژی لەشكركێشی سوپای تورك بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان. 
شەڕێكی خۆێناوی
چەند گرووپێكی چەكداری ئۆپۆزسیۆنی سوریا كە توركیا پشتیوانیان دەكات هێرشیان كردوەتە سەر شاری سەری كانی و توركیا رایگەیاندوە ئەو چەكدارانە توانیویانە بچنە نێو شارەكەوە لەبەرامبەردا هێزەكانی هەسەدە هەواڵەكەیان رەتكردەوە .
رۆژی هەینی رابردوو هێزەكانی سوریای دیموكرات شەڕێكی سەخت و خوێناویان لەدژی میلیشیا چەكداریەكانی سەر بەتوركیا ئەنجامدا و رێگەیان نەدا ئەو هێزانە بچنە ناو شارەكەوە.
هەسەدە داوای لە واشنتۆن كردوە بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی لە ئەستۆ بگرن و رێگە بەهێرشی فرۆكە جەنگیەكانی توركیا نەدەن و كایەیی ئاسمانی لەبەردەم هێرشی فرۆكەكانی توركیا دابخەن.
رۆژی شەممەی رابردوو لە كۆبونەوەیەكی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب ئیدانەی لەشكركێشی سوپای توركیا كرد بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و داواین كرد دەستبەجێ توركیا هێرشەكانی رابگرێت و هێزەكانی بكشێنێتەوە.
سكای نیوز