دەبێت لەم حاڵەتانەدا نەشتەرگەری گورچیلە بكرێت

تەندروستی 09/10/2019


چاودێر: تابان ڕەزا

گورچیلە بە یەكێك لە ئەندامە گرنگەكانی لەش دەدانرێت، كە ئەركی كردنە دەرەوەی مادەی زیان بەخشی ناو جەستەیە لە ڕێگەی میزكردنەوە، ئەگەر هاتو گورچیلەكان ئەم ئەركەی خۆی وەك پێویست بەجێنەهێنا بەرەو سستبون و لەكاركەوتن دەچێت، پزیشكێكی پسپۆڕ لەو بارەیەوە دەڵێت"  نەمانی ئارەزووی خواردن و كەمبونەوەی بڕی میز یەكێكە لەنیشانەكانی سستبونی گورچیلەكان دادەنرێت.
 نیشانەكانی سستبونی گورچیلە
د. كاردۆ حەسەن ژاژڵەیی، پسپۆڕی نەخۆشیەكانی گورچیلەو  پرۆستات  و میزەڕۆ، باس لەوە دەكات، گورچیلەكان دوو ئەندامی گرنگی جەستەی مرۆڤن كە چەند فەرمانێكی گرنگ ئەنجام دەدەن كە گرینگترینیان بریتیە لە دەركردنی مادەی ژەهراوی جەستە و ئاوی زیادە لە ڕێگەی دروستكردنی میزەوەیە ، هەبۆیە كاتێك گورچیلە سست دەبێت چەند شتێك لە جەستەماندا ڕوودەدات كە بریتین لە ئازاری كەلەكە ،لەرز و تا، بێهێزی ، نەمانی ئارەزووی خواردن، كەم بوونەوەی بڕی میز .
هۆكارەكانی لەكاركەوتنی گورچیلە
 ئەو پزیشكە  پسپۆڕە، ئاماژەبەوەدەكات،   كاتێك گورچیلە لە كاردەكەوێت دوو ئەگەر هەیە یەكەمیان كەمبوونەوەی بڕی میز لەشەو وڕۆژدا واتە لەجاران كەمتر میز دەكات و نەخۆشەكە گیانی دەئاوسێت،دووەم ئەوەیە كە وەك كەسێكی ئاسایی میز دەكات، بەڵام میزێكی ڕوونە و پێكهاتەكەی هیچ یەكێك لەو مادە زیانبەخشانەی تیا نیە كە پێویستە بكرێنە دەرەوە ئەم كەسانە ئاوسانی دەست و قاچ وبەشەكانی تریان نابێت.
وتیشی،  كاتێك گورچیلە دەوەستێت لەهەندێك حاڵەتدا چارەسەری هەیە و ئەگەر پێش مردنی خانەكانی گورچیلە چارەسەری پێویستی بۆ بكرێت دەتوانرێت جارێكی تر كاربكاتەوە، بەڵام كاتێك خانەكانی گورچیلە دەمرن ئەوا هیچ چارەسەرێكی نیە.
لەچ حاڵەتێك گورچیلە نەشتەرگەری بۆدەكرێت؟
د. كاردۆ حەسەن ژاژڵەیی، دەڵێت"  لە كاتێكدا گورچیلە لادەبرێت كە بە پشكنین بسەلمێنرێت كەوا لە سەدا هەشتای زیاتری لە كاركەوتووە و  یەكێك لەم حاڵەتانەی هەیە:
1.دروست بوونی ئازاری زۆر لەو لایەدا كە گورچیلەكەی سست بووە.
2.بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن كە بەدەرمان چارەسەر ناكرێت.
3.بوونی هەوكردنی بەردەوامی میز لە ئەنجامی كارنەكردنی گورچیلەكە و كۆبوونەوەی میزەكە و گەشەكرنی بەكتریا تیایدا.
4.دروستبوونی گرێی شێرپەنجە لە گورچیلەكەدا.
5.دروست بوونی بەرد كە بەردەكە ئازاری بۆ دروست بكات.
بەڵام ئەگەر گورچیلەیەك لە زگماكەوە بچووك بێت و هیچ كێشەیەكی بۆ نەخۆشەكە دروست نەكردبێت ئەوا دەتوانێت نەشتەرگەری بۆ نەكات بێ ئەوەی مەترسی هەبێت.