ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکرد: هێرش دەکرێتە سەر رۆژئاوای کوردستان

ڕاپۆرت 07/10/2019


ئا/ رەمەزان شێخانی
كۆشكی سپی بە ئاشكرا رایگەیاند دەستبەرداری شەرڤانانی كورد دەبێت و رێگە بە توركیا دەدات هێرش بكاتە سەر كوردان لە باكووری سوریا،
 لەبەرامبەردا هێزەكانی سوریای دیموكرات بڵاویكردەوە هێزەكانی ئەمریكا دەستیان بە كشانەوە كردوە لە ناوچە سنوریەكانی توركیا.
پاش چەند كاتژمێرێك لە راگەیاندنێكی كۆشكی سپی كە بڵاویكردەوە هێزەكانی ئەمریكا بەشداری لەپرۆسە سەربازیەكانی توركیا ناكات لە باكووری سوریا لە راگەیاندنێكی دیكەدا رایگەیاند هێزەكانی ئەمریكا خۆی بەدوور دەگرێت لە هێرشەكان و رێگەش بۆ سوپای توركیا خۆش دەكات كە ئۆپراسیۆنە سەربازیەكەی ئەنجامبدات لەدژی كوردان.
ستیڤانی  گریشام سكرتێری رۆژنامەوانی كۆشكی سپی ئەمرۆ دووشەممە لە راگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە هێزەكانی ئەمریكا پشتیوانی لە ئۆپراسیۆنەكان ناكات و بەشداریشی تێدا نەكات و لەناوچەكەش دووردەكەوێتەوە بەبێ ئەوەی باس لە چارەنووسی كوردانی سوریا بكات كە ئەو لێدوانە بە ئاشكرا نیشانەی ئەوەیە ئیدارەی ئەمریكا پشتی كردوەتە شەرڤانانی كورد كە ماوەی چەند ساڵێكە پشتیوانی لە هێزەكانی ئەمریكا دەكەن لە شەڕی دژ بە تێرۆریستانی داعش وقورسایی ئەو شەڕە لەسەر شانی شەرڤانانی كورد بوو .
لە ئێستادا نزیكەی 1000 سەربازی ئەمریكا لە باكووری سوریادان، بەرپرسێكی سوپای ئەمریكا رایگەیاند ئەو هێزە لەناوچەكە دەكشێتەوە و پێدەچێت نەك لەناوچەكە بگرە لەتەواوی سوریا بكشێنەوە هەركاتێك شەڕ لەنێوان سوپای توركیا و شەرڤانان رووبدات.
كۆماری و دیموكراتخوازەكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە رێگە دان بە هێرشی توركیا لە باكووری سوریا دەبێتە هۆی بڵاوبنەوەی پەیامێكی پڕ نیگەرانی بۆ تەواوی هاوپەیمانانی واشنتۆن لە جیهاندا.
كۆشكی سپی بڵاویكردەوە بریاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا پاش پەیوەندیە تەلەفۆنێكەی نێوان دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا و رەجەب تەیب ئەردۆگان هات
بریاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەناوچەكە پاش تێپەربوونی یەك رۆژ بەسەر هەڕەشەكانی ئەردۆغان هات كاتێك هەڕەشەی كرد سوپای توركیا تاك لایەنە ئۆپراسیۆنی سەربازی لە باكووری سوریا ئەنجامدەدات و یەكەكانی سوپای توركیا و سیستمی بەرگری بەهێزی رەوانەی ناوچەكە كرد.
ئەردۆغان رایگەیاند هەموو جۆرە هۆشداریكمان داوە سەبارەت بەناوچەی فراوانی باكووری فورات و زۆریش دانمان بەخۆماندا گرت.
ماوەی چەند مانگێكە ئەردۆغان هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی دەكات لەدژی هێزە كوردیەكان لە باكووری سوریا كە توركیا بە تێرۆریست ناویان دەبات.
كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا
ئاژانسی ئسۆشێتد پرێس بڵاویكردوەتەوە هێزەكانی سوریای دیموكرات ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە لەبەشی باشوری سنوری نێوان توركیا وسوریا واشنتۆن هێزەكانی خۆی لەناوچەكە كشاندوەتەوە پاش ئەوەی ترامپ گڵۆپی سەوزی بۆ توركیا هەڵكرد بۆ هێرش كردنە سەر باكووری سوریا كە چەندین مانگە ئەنقەرە پلانی بۆ دارشتوە.
فەرماندەیی هێزەكانی سوریا دیموكرات لە راگەیاندراوێكدا بڵاویكردوەتەوە : سەرباری هەوڵەكانمان بەمەبەستی رێگەگرتن لە هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ توركیا و هەموو نەرمیەكمان نواند بەئامانجی گەیشتن بە میكانیزمێك بۆ پاراستنی ئاسایشی سنور ،بەڵام هێزەكانی ئەمریكا بەڵێنەكانی خۆیان نەبردە سەرو هێزەكانی خۆی كشاندەوە لەناوچە سنوریەكانی توركیا.
هێزەكانی سوریا دیموكرات لە راگەیانراوەكەدا بڵاویكردەوە بەتوندی بەرپرچی هەرهێرشێكی سوپای توركیا دەدەنەوە و ململانیەكان دەكەنە جەنگێكی خوێناوی.
موستەفا بالی وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات رۆژی شەممەی رابردوو رایگەیاند: لە پێناو بەرگری كردن لەخۆمان و گەلەكەمان بەهیچ شێوەیەك دوودڵ نابین هەرهێرشێكی بێ پاساوی سوپای توركیا بكەینە شەڕێكی گشتگیر لە سنوری وڵاتەكەماندا
بەرپرسێكی دیكەی كورد رایگەیاند: ئەوان پێشبینی دەكەن سوپای توركیا ئۆپراسیۆنێكی سنوردار ئەنجامبدات و چونكە تێروانینی باو ئەوەیە كە كورد مافی ڕەوای خۆیەتی بەرگری لەخۆی بكات.
سكای نیوز