قرمزگوول لەپاش 13 ساڵ ئەلبومێك دەردەكات

سۆشیال میدیا 05/10/2019


مەحسوون قرمزگوول، هونەرمەندی ناوداری توركیا و بەڕەچەڵەك كورد، لەپاش 13 ساڵ دابڕان لە موزیك و گۆرانی وتن، ئێستا سەرقاڵی تۆماركردنی ئەلبومێكی نوێیە و بەم نزیكانەش بڵاودەبێتەوە.
قرمزگوول، لەم ساڵانەی دوایدا سەرقاڵی كاری هونەری بوو بەتایبەت لە بواری سینەما و درامای تەلەفیزیۆنیدا، بەو هۆیەشەوە لە گۆرانی وتن دووركەوتبوەوە. 
لەچاوپێكەوتنێكی نوێیدا لە رۆژنامەی حورییەتی توركی دەربارەی ئەلبومە نوێیەكەی قرمزگوول دەڵێت "هونەر خانەنشینی نییە، بەهەمانشێوەش موزیكیش خانەنشینی نییە پێویستە بەردەوامبین، هەمان هەست و دڵخۆشیم هەیە كە وەك یەكەم سات بۆ یەكەم ئەلبومم هەمبوو".  
قرمزگوول تائێستا خاوەنی 25 ئەلبوم، نۆ درامای تەلەفیزیۆنیە و هەشت فیلمی سینەماییە كە كاری دەرهێنان و نواندنی بۆ كردوون.  هاوكات فیلمێكی نوێی بەناوی (موعجیزەی عەشق 2 ) لەئێستادا لە سینەماكانی توركیا نمایش دەكرێت.  
قرمزگوول لەساڵی 1969 لە قەزای هەنی سەربە ئامەدی باكووری كوردستان لەدایك بووە، بۆ یەكەمجار لەساڵی 1981 ئەلبومێكی دەركردووە و لەپاش ئەوەش شەش ئەلبومی تری بڵاوكراوەتەوە. بەڵام لە ساڵی 1994 وەك گۆرانیبێژێكی پۆپ ناوبانگی دەركرد.