شیعر و سیاسەت

ڕەخنەی چاودێر 03/10/2019

شاڵاو حەبیبە

 

 

من مەرگی سیاسییە گەورەکانم تەنیا لەو ڕووەوە پێ کارەساتە، کە دەبێ لەگەڵ سیاسییە بچووکەکاندا لە یەکەمەوە دەست پێ بکەینەوە. دەنا مەرگی سیاسییەکان هیچ پەیوەندییەکی بە شیعرەوە نییە، چونکه شیعر نەمرە. لەگەڵ مردنی هیچ شاعیرێکی گەورەیشدا پێویست ناکات لە یەکەمەوە دەست پێ بکەینەوە، چونکە شیعر خۆی هەمیشە سەرەتایە. بەو واتایەی لەگەڵ هەر شاعیرێک یان شیعرێکی تازەدا، دەستپێکێکی ترمان دەبێت. بەڵام لێرەدا سیاسەت شتێکە بەردەوام لە مەترسیی گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتادایە.

 شیعر ئەم مەترسییەی نییە، چونکە شیعر هەوڵ بۆ شتێکی دیکە نادات، کە ناکام بێت و بگەڕێتەوە خاڵی سەرەتا، شیعر هەوڵ بۆ خۆی دەدات. ئێمە لەگەڵ مردنی شاعیرێکی گەورەدا دەتوانین لە شیعری ئەو شاعیرەوە دەست پێ بکەینەوە، تەنانەت دەتوانین بە تێکستێکی قووڵتر بگەین. بەڵام لەگەڵ مردنی سیاسییەکی گەورەدا بەر جۆرێک لە تێکستی ساختە دەکەوین، کە هەواداری وەک هەر شتێکی ساختە زۆرە، ئەویش نەمریی سیاسییە. نەمریی سیاسییش ساختەیە، بەڵام هەر وەک شیعرێکی نەمر، شاعیرێکی نەمر، ڕەتکردنەوەی ئەستەمە. ئەگەر ڕوونتر بیڵێم: ئەو تێکستە ساختەیەی کە نەمریی سیاسییە، بە ئەندازەی هەمان ئەو شیعرە نەمرەی شاعیرێک نووسیویەتی، ڕەتکردنەوە یان ئاوەژووکردنەوە یان بردنیان بۆ سەر هێڵێکی دیکە ئەستەمە. ڕەتکردنەوەی شیعر ئەستەمە، چونکە شیعرێکی باش، خۆی ڕەتکەرەوەیە. ڕەتکردنەوەی تێکستێکی ساختەیش کە نەمرییەکی سیاسیی خولقاندووە ئەستەمە، بگرە ئەستەمتر، چونکە خەڵک نووسیویەتی.


بەڵام ئەم دوانە، شیعر و سیاسەت. یەکەمیان ڕێیەکانی وەهمین، تاکەکەسین، نەبینراون، لێرەوە ناتوانیت هەڵی بگریت بیبەیت بۆ شوێنێکی تر، کەسێک بۆ کەسێکی تری ناڵێتەوە، لە کەس نەبووە، کەس لە ئەو نەبووە، لە هەموو شوێنێکە و هەندێک جاریش ونە، خۆی ئاوێتەی سێبەر دەکات، بۆیە ژمارەی شاعیرانی باش، تەنانەت لە جیهاندا، زۆر کەمە. هەروەها ژمارەی خوێنەرانیشی کەمتر.


کەچی دووەمیان ڕێیەکانی ئاشکران، لەبەر چاون، بینراون، هیچ شتێکی لە سێبەردا نییە، هەرچەند بەردەوام پێی وایە لە سێبەردا کار دەکات. ئەوەی ڕوو دەدات، وەک تێکستێکی خراپ، هەر ئەوەیە کە لە ڕووکەشدا بەیان کراوە، ناواخنی نییە، بەتاڵە، بۆیە دەتوانێت بۆ دوورمەودوا ڕاتبکێشێت، سەرەنجامیش کە دەزانیت فریو دراویت، پێش ئەوەی هەڵچیت، فریوخواردنەکەت بۆ دەکات بە شانازی. کەچی ئەمیان هەواکار و هەواداری زۆر زیاترە.


کە سیاسەت، کە نەمریی ساختە، کە مەرگی تاک لەناو سیاسەتدا، ئەو هەموو هەوادارەی هەبێت و کەسیش هۆشیار نەبێتەوە، خەتای شیعر نییە، چونکە شیعر بە هەواداری زۆر دەمرێت- چونکە ئاسایییە ناتوانین خەڵک بە شیعر هەڵخەڵەتێنین، چونکە ئەمە زمانی ئەوان نییە و هەر لەبەر ئەمەیشە کە شیعر شیعرە- بەڵام سیاسەت هەرگیز نامرێت، چونکە درووشم هەرگیز نامرێت.(بیر لەو شیعرانە بکەرەوە کە وەک درووشم نووسران و دەنووسرێن و هەواخوێنەریان زۆرە) ئەمەیش سیحری وشە؛ وشەیەک هەم لە تێکستی سیاسیدا، هەم لە ژانری شیعردا، کەواتە: وشەی بێخاوەن.


ئێمە بۆ دەبێ دژی سیاسییەکان دژی سیستم بین؟ بە تایبەت ئێمە کە ئەدیب کە خوێنەر بین. پێم وایە وەڵامەکە بێ لەوانەی باسم کرد لە بیرکردنەوە لە شیعر لە وشە و زماندایە.


هیچ سەیر نییە کە، سیستمی سیاسی دەتوانێت خەڵک بە کفتە بە شفتە بە خەیار بە بەڵێنی مووچە هەڵبخەڵەتێنێت، بەڵام شاعیرێک ناتوانێت خەڵک بە دەربەندی پەپوولە- تەنانەت بۆ کارێکی باش کە خوێندنەوەیە- هەڵبخەڵەتێنێت.