یانە گەورەكانی ئەوروپا ئەركیان قورسە، جگە لە بردنەوە چاری تریان نیە

وەرزش 01/10/2019

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 1/10 گەڕی دوەمی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا دەستپێدەكاتەوەو، هەندێك لە یانە گەورەكانی ئەوروپا ئەركیان زۆر قورسەو جگە لە بردنەوە هیچ چارێكی تریان نیە.
لە گەڕی یەكەمی یاریەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا هەریەكە یانەكانی ریاڵمەدریدو بەرشەلۆنە ئیسپانی و لێڤەرپول و چێڵسی ئینگلیزی ئەنجامەكانیان دڵخۆشكەر نەبوو بۆ ئیدارەو هاندەرانی یانەكە.

ریاڵمەدرید: ئەنجامەكانی راست دەكاتەوە
لە دەستپێكی گەڕی دوەم یاریەكانی یانە پاڵەوانەكان سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 7.55 خولەك یانەی ریاڵمەدرید میوانداری یانەی كلۆپ بروجی بەلژیكی دەكات، تیایدا یانەی مەدریدیەكە پێویستی زۆری بە بردنەوە هەیە تاوەكو قەرەبوی دۆڕاندنەكەی یاری یەكەمی لەگەڵ پاریس سانجێرمانی فەڕەنسی  بە ئەنجامی 3- 0 بكاتەوە، جگە لە بردنەوە یانەی ریاڵمەدرید هەر ئەنجامێكی تر تۆمار بكات، ئەوا بێگومان یاریەكانی داهاتوی فشارێكی زۆری لەسەر دەبێت، چونكە یاری داهاتوی لەگەڵ یانەی گەڵەتەسەری توركیادایەو لەهەمان كۆمەڵەدایە و نێچیرێكی ئاسان نیە.

بەرشەلۆنە: بەبێ‌ میسی
یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە یاری یەكەمی ئەو پاڵەوانێتیەدا بە ئاستێكی زۆر لاواز دەركەوت و دوای ماندوبونێكی زۆر توانی لەگەڵ یانەی بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی یەكسان بێت، بۆیە دوبارە یانە كەتەلۆنیەكە لە رۆژی چوار شەممە 2/10 لە تاقیكردنەوەیەكی قورسدایە لەگەڵ یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی و راهێنەرەكەی ئەنتۆنیۆ كۆنتی، كە تا ئێستا هیچ یاریەكی لە خولی سیریا ئەی نەدۆڕاندوە. 
دۆڕاندنی بەرشەلۆنە لەم یاریەدا وەك زەنگێكی مەترسیدار وایەو، هیچ دور نیە سەركەوتن بۆ خولی كۆمەڵەكان مسۆگەر بكات، چونكە لە هەمان كۆمەڵەدا دو یانەی بەهێزی وەك  دۆرتمۆندو ئینتەر هەیە كە كێبڕكێیانە لەسەر یەكەم و دوەمی كۆمەڵەكە و یانەی بەرشەلۆنەش بەبێ‌ میسی یاری دەكات.

لێڤەرپول: یاری رابردو بۆ لەبیركردنە
سەرەتای دەستپێكی یاریەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بۆ یانەی لێڤەرپول باش نەبو، توشی شكست هات لەسەر دەستی یانەی ناپۆلی ئیتاڵی، بۆیە پێویستە زۆر بە وریایەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم یاریەدا بكات كە بەرامبەر یانەی ریدبۆڵ سالزبورگی نەمساوییەو لە یاریگای ئانفیڵد.
گەر لێڤەرپول سەركەوتو نەبو لەم یاریەدا، ئەوا ئەنجامەكەی ئەوەمان پێدەڵێت ئەو یانەیە نابێت بیر سەركەوتن بۆ یاری كۆمەڵەكان بكاتەوە، دۆڕاندنیش بە مانای ئەوە دێت یانە ئینگلیزیەكە هەلی سەركەوتنی زۆر لاواز دەبێت، چونكە یانە نەمساویەكە لە گەڕی یەكەمی یاریەكاندا بە ئاستێكی زۆر ترسناك دەركەوت و بە ئەنجامی شەش گۆڵی بێ‌ بەرامبەر لە یانەی خینكی بەلژیكی بردەوە.

لامپارد، ئەركی چێڵسی قورستر كرد 
فرانك لامپاردی راهێنەری یانەی چێڵسی یانەكەی توشی ئەركێكی قورستر كرد كاتێك لە گەڕی یەكەمی پاڵەوانێتیەكەدا بە یانەی ڤالنسیای ئیسپانی دۆڕاو ئەمەش ئەركی ئەو یانەیەی زۆر تر قورس دەكات كاتێك لە فەڕەنسا روبەڕوی یانەی لیل دەبێتەوە.
كەم ئەزمونی یاریزانەكانی چێڵسی وایكرد لە یاری یەكەمدا بدۆڕێت، بۆیە پێویستە ئەو یانەیە سود لە هەڵەكانی رابردویان وەربگرن و بردنەوەیەكی بەنرخ تۆمار بكەن لە فەڕەنسا، چونكە لە یاریەكانی تردا روبەڕوی یانەی ڤالنسیاو یانەی ئەیاكس ئەمستردامی هۆڵەندی دەبنەوە كە خاوەنی ئەزمونێكی زۆر باشن. 

توتنهام و بایرن مونشن یاری لوتكەی سێشەممە دەكەن
یانەی بایرن مونشن و تۆتنهام یاری لوتكەی گەڕی دوەمی یاری یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا دەكەن و توتنهامی دوەمی یانەكانی ئەوروپا لە وەرزی رابردودا بە شێوەیەكی زۆر باش دەرنەكەوت كاتێك لەگەڵ یانەی ئۆلۆمپیاكۆسی یۆنانی بە ئەنجامی 2-2 یەكسان بون، و یانەی بایرن مونشنیش دەیەوێت زیاتر جێ‌ پێی خۆی قایم بكات كۆی خاڵەكانی بگەیەنێتە شەش خاڵ، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت هەردو یانە بە ئاستێكی زۆر بەرزەوە دەربكەون.