ئارسناڵ: داوا لە ئۆزیڵ دەكات یانەكە جێ‌ بهێڵێت

وەرزش 30/09/2019

ئیدارەی یانەی ئەرسناڵی ئینگلیزی داوا لە ئەستێرەی پێشوی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا مەسعود ئۆزیل دەكات، ریزی یانەكەی جێ‌ بهێڵێت و لە گواستنەوەكانی زستانەدا یانەیەكی تر بۆ خۆی دەستنیشان بكات، چونكە ئۆنای ئیمری راهێنەری یانەی ئەرسناڵ لە پێكهاتەی سەرەكی دوری خستۆتەوەو پشت بە تواناكانی نابەستێت.
رۆژنامەی ئاس-ی ئیسپانی بڵاویكردۆتەوە، كە یانە ئینگلیزیەكە لەهەوڵَی ئەوەدایە بەهەر شێویەك بێت لەبەر دو هۆكار لەو یاریزانە ئەڵمانیە رزگاری ببێت. یەكەم: بەهۆی زۆری بڕی موچەی هەفتانەی كە نزیكەی 400 هەزار پاوەن-ە كە ئەو بڕەش زۆرترین موچەیە لە خولی ئینگلیزی، هۆكاری دوەمیش: ئۆنای ئیمری راهێنەرە ئیسپانیەكە بەهیچ شێوەیەك پشتی پێ‌ نابەستێت لە یاریەكانداو لە دەستپێكی خولی ئینگلیزی 2019-2020 تەنها لە دو یاریدا بەشداری پێكراوە، بۆیە فشارێكی زۆری خراوەتە سەر ئەو یاریزانە تا ریزەكانی ئارسناڵ جێ‌ بهێڵێت.
رۆژنامەی ئاس وتیشی، یانە ئینگلیزیەكە لە بیری ئەوەدایە ئەو یاریزانە لە میركاتۆی زستانەدا بەخواستن بگوازێتەوە یانەیەكی تر لەگەڵ پێدانی بڕێك لە موچەكەی، چونكە لە ئێستادا مانگانە بڕی 1.600 هەزار پاوەن لە ئارسناڵ وەردەگرێت بەبێ‌ ئەوەی هیچ سودێكی بۆ یانەكە هەبێت. 
ئاس زانیویەتی، ئۆزیل بەهەمو شێوەیەك  رەدی ئەوە دەكاتەوە ریزەكانی ئارسناڵ جێ‌ بهێڵێت، چونكە بەردەوام تەئكید لەوە دەكاتەوەو كە گرێبەستەكەی تا ساڵی 2021 لەگەڵ ئارسناڵ بەردەوامە، چونكە موچەیەكی زۆرو زەبەند لە ئیدارەی یانەكە وەردەگرێت، كە لە هیچ یانەیەكی تر دەستی ناكەوێت و بگرە هیچ یانەیەك ئامادە نیە گرێبەستیشی لەگەڵدا واژو بكەن.