دی روسی بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئیتالیا دەكرێتەوە

وەرزش 25/09/2019

رۆژنامەی میسنجیروی ئیتاڵی بڵاویكردەوە، بۆ هەردو یاری هەڵبژاردەكەی لەگەڵ یۆنان و لیشتنشتاین لە یاری پاڵاوتنەكانی یۆرۆی 2020. راهێنەری هونەری هەڵبژاردەی ئیتالیا رۆبەرتۆ مانشینی مانگی داهاتو بانگهێشتی دانییلی دی روسی دەكاتەوە بۆ پێكهاتەی هەڵبژاردەكەی. 
مانیشتی بەنیازە وەك رێز لێنانێك لە بەرامبەر ئەو مێژوە پڕ لە شكۆیەی ئەو یاریزانە تەمەن 35 ساڵە پێشكەشی هەڵبژاردەكەی كردوە لەو دو یاریەدا بەشداری پێ‌ بكات، كە بڕیارە لەیەكەم یاریشدا لەگەڵ هەڵبژاردەی یۆنان لە یاریگای ئۆلومپیاكۆ بەیەك دەگەن و ئیتالیا بۆ سەركەوتنی یۆرۆی 2020 پێویستی بە بردنەوە هەیە لەو یاریەدا.
دی روسی لە ئێستادا یاریزانی یانەی بۆكا جۆنیۆرزی ئەرژەنتینیەو، تا ئێستا 117 یاری بۆ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا ئەنجامداوەو 25 گۆڵی تۆماركردوە.