مەلا بەختیار: چۆن ئازادی بۆ كارە دنیاییەكان گرنگە، ئەوا بۆ كارە ئاینییەكانیش گرنگە!

ڕاپۆرت 22/09/2019



مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆڕمی دابڕان، لەگەڵ بازنەی رۆشنگەری سۆران، كۆدەبێتەوەو لەگفتوگۆیەكی هەمەلایەنەی فكریدا، رایدەگەیەنێت: دابڕان بۆ ئەوەیە، كە رای گشتی بەڕاستی دیموكراسی‌و ئازادییەكان‌و مەدەنیەت قبوڵبكات.
 لەكۆبوونەوەكەدا، كە ئەمڕۆ (22/9/2019) بەڕێوەچوو، پاشئەوەی لێپرسراوی بازنەی رۆشنگەری سۆران، لەبارەی كاروچالاكییە بەردەوامەكانی بازنەكەیان‌و دروستكردنی چەندین بازنەی تر لەدەڤەری سۆران‌و ناوچەكە بەگشتی، رونكردنەوەو زانیاری پێویستی خستەڕوو، لەلایەن خۆیەوە، سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆڕمی دابڕان، بەگەرمی پێشوازی لەهاوبیرانی دابڕان كرد، كە لەسۆرانەوە لەپێناو گفتوگۆیەكی رۆشنگەرانە هاتوونەتە سلێمانی ‌و خۆشحاڵی خۆیشی نیشاندا، كە بەتایبەت لەدەڤەرەكەیان بۆ رۆشنگەریی‌و دابڕان، ئاقڵانەو ژیرانە تێكۆشانون‌و سەرەنجامی دیالۆگەكانیشتان، كۆبوونەوەی ئەو هەموو خانم‌و كوڕە هاوبیرانەیە‌و ئەمەشی بە بەڵگەی ئەوەزانی، كە خەڵكی دەڤەرو ناوچە جیاوازەكانی وڵاتی ئێمە، ئەگەر خەباتی رۆشنگەریی واقیعی و توند لەتوندڕەویی‌و هەڵچون بكەین، ئیشكردن بە ئارامی وەكو ئێوە، بەرهەمی دەبێت‌و خەڵكانی وەكو ئێوەش دێنە مەیدانەكەوەو لەدەوری رۆشنگەریی‌و پرسیاری ئەقڵانی كۆدەبێتەوەو بەبیركێكی كراوەوە، بۆ وەڵامەكانی، بۆ وەرگۆڕان تێدەكۆشێ‌.
رۆشنگەرو سیاسەتمەدار مەلا بەختیار، پاشئەوەی هەڵسەنگاندنی كەمی تەمەنی دابڕان كرد، رونیشیكردەوە كە دابڕان نە ئەركی سیاسی، نە ئەركی ئابوری‌و نە ئەركی حوكمڕانی هەیە، بەپێچەوانەوە تەنها ئەركی پەروەردە كردنە‌و لەو بارەیەشەوە بڕوای خۆی خستەڕوو، كە ئەگەر ئەقڵ پەروەردە نەكرێ‌ بە فەلسەفەی رۆشنگەریی‌و بەتێگەیشتن لەئەركە فەلسەفییەكانی، ئەركە گەوهەرییەكان‌و ئەركە هزرییەكانی دیموكراسی‌و ئەگەر لەهزرەوە لەدیموكراسی تێنەگەین، ئەوا دیموكراسی هەرگیز لەسەرەوە ناسەپێندرێتە سەر هیچ كەسێك، چونكە دیموكراسی ناسەپێندرێت بەڵكو بەدیدەهێنرێت. ئەگەر سەپێندرا ئەوا هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ دیكتاتۆریەتدا. بۆیە كە دەبێ‌ دیموكراسی قبوڵ بكرێ‌. كێ قبوڵی بكات؟  قبوڵكردنەكەش نە تاك‌و نە دەستەبژێر، بەڵكو دەبێ‌ رای گشتی قبوڵی بكات، كە زۆرینەی میللەت دەكات.
وتیشی: زۆرینەی میللەتیش، بەهزر و تێگەیشتن دەبێ‌ قبوڵی بكات. چونكە ئەگەر لەدیموكراسی تێنەگەیت، كاتێك پیلان لەدیموكراسیی دەگێڕدرێت، چۆن بەرگری لێدەگەیت؟ بۆیە تێگەیشتن لەدیموكراسی، مەرجی سەركەوتنی دیموكراسی‌و مەرجی قوڵكردنی دیموكراسییە‌و زەمینەسازیش دەكات كە دوژمنەكانی دیموكراسی نەتوانن پیلان لەدیموكراسی بگێڕن.
جەختیشیكردەوە، كە: دوژمنانی دیموكراسی لەهزری دواكەوتووەوە پیلان دەگێڕێت. ئەگەر هزری دواكەوتوو نەبێ‌ بۆ دەبێ‌ بەداعش، دەبێت بەئەنسار‌و جوند ئیسلام‌و لەخێڵی حەمە (37) پێشمەرگەی یەكێتی سەردەبڕن! ئەگەر خەڵك پێشكەوتوو بێ‌، ئەگەر ئەقڵی هۆشیاربێ‌، بەچەقۆ پێشمەرگە سەردەبڕێ‌؟ بەڵام ئەگەر دواكەوتووبێ‌، ئەقڵێكی دواكەوتوی رەشەكوژی هەبێ‌، مناڵی سەر بێشكەش دەكوژێ‌، وەك كردەوەكانی ئۆرۆپایان، كە خەڵك رەشەكوژ دەكەن، یان تەقینەوەكانی ئەنجامیانداوە‌و راشیگەیاند:
بمانەوێ‌ تاوانی رەشەكوژی و خۆكوژی‌و خەڵك كوژی، كۆتایی پێبهێنین، ئەوا دەبێ‌ پەروەردەی خەڵك‌و هەموو ئەوانە بگۆڕین، كە چوونەتە ژێر كاریگەری ئەو رێگایەی كە پێیانوایە، رەوایە خەڵك بكوژن‌و رەشەكوژی بكەن! ئەگەر پەروەردە نەكرێن، ئە‌و رێگایە بەردەوام دەبێ‌. ئێمەش كە كوردین‌و میللەتێكی ئازادیخوازین، لەپێناو ئازادی هەموو شتێكمان كردووە‌و هیچ گوناهێكمان نییە، بەڵكو لەزۆر وڵاتی دونیا زیاتر ئەم وڵاتە مزگەوتی تێدایە‌و زۆرێكیش لەخەڵك عەرەبی نازانن، بەڵام عیبادەتی خواش دەكەن‌و باوەڕ‌و ئیمانی خۆشتان هەیە! هەربۆیە باشترین چەك بۆ ئەوەی ئەم تاوانانە نەمێنێ‌‌و رەشەكوژی نەمێنێ‌، چەكی پەروەردەكردن‌و پەروەردەیە! 
مەلا بەختیار، لەو چوارچێوەیەشدا، تەئكیدی كردەوە: گەورەترین هەڵە  كە دەوڵەتان دەیكەین ئەوەیە، كە دەیانەوێ‌ بەچەك، هێزی رەشەكوژی، چەكی رەشەكوژی‌و ئەقڵی رەشەكوژی لەناوبەرن، كە لەناو ناچێ‌.. بەڵكو بە پەروەردە، كە لە وەزارەتی پەروەردە‌و لە فەلسەفەی پەروەردە‌و لەخوێندنەوە دەبێ‌ خەڵكی پەروەردە بكرێ‌ پێ‌ بەپێی قۆناغەكانی خوێندن‌و كاتێكیش دەگاتە خوێندنی باڵا، ئیتر شتێك بەناوی رەشەكوژی لەهزرو بیریدا بوونی نابێ‌‌و باوەڕیشی پێی نابێ‌.    
وتیشی: لەكاتێكدا كە لەلای من خواو قورئان‌و پێغەمبەر هێڵی سورن‌و هەركەسێكیش دژی ئەمانەبێ‌، ئەوا من بەجاهیلیان دەزانم‌و تێناگەن، بۆ؟ چونكە كاتێك تۆ دژی عەقیدەی خەڵكیت، ئەوا خەڵك ئیهانە دەكەیت‌و هەستی بریندار دەكەیت. برینداركردنی هەستی خەڵكیش، پەیوەندی بەئازادیی‌و دیموكراسییەوە نییە، بەڵكو دژایەتیكردنی ئازادی، لەدژایەتیكردنی عەقیدەی خەڵكیشەوە سەرچاوە دەگرێت. هەروەك چۆن ئازادی بۆ كارە دنیاییەكان گرنگە، ئەوا ئازادی بۆ كارە ئاینییەكانیش گرنگە.
  لەكۆتایی دیدارەكەشیدا، مەلا بەختیار، جەختیكردەوە، كە: دابڕان هیچ پەیوەندییەكی بە دروستكردنی حزبەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بەململانێی هزر‌و بەرپەرچدانەوەی رەشەكوژییەوە هەیە. دابڕان پەیوەندی بە پەروەردەی رای گشتییەوە هەیە، بۆ ئەوەی رای گشتی بەڕاستی دیموكراسی‌و ئازادییەكان‌و مەدەنیەت قبوڵبكات.
هەروەك لەكۆتایی كۆبوونەوەشدا، گفتوگۆیەكی كراوە‌و مشتومڕێكی هاوبیرانە لەنێوان مەلا بەختیار‌و هاوبیرانی بازنەی رۆشنگەری دابڕان لەسۆران هاتە كایەوەو تیایدا ئەركە نوێیەكانی خۆپەروەردەكردن‌و رۆشنگەریی تاوتوێكران.