ڕێنووسکاری چەواشەکار

ڕەخنەی چاودێر 20/09/2019

شاڵاو حەبیبە

 

وەشانخانەکان دەبێت ئاگاداری ئەوە بن ڕێنووسکارەکانیان دیدە ئایینی، کۆمەڵایەتی، ئایدیۆلۆژی، نەریتی و سیاسییەکانیان بەسەر کتێبەکاندا نەسەپێنن.

 

ڕێنووسکارەکانیش دەبێت ئاگاداری ئەوە بن، کە ئەوان کتێبەکە نانووسن؛ زمان و لکەکانی چاک دەکەن.


نموونە: کە نووسەرێک باس لەوە دەکات محەمەد شتێکی گوتووە یان کردووە، تۆ نابێت یەکسەر دال.خایەکی پێ زیاد بکەیت. دوایییش بۆ نەگبەتی، نووسەر لە پەرەگرافێکی دیکەدا باس لەوە بکات هیچ پیرۆزییەک بوونی نییە.


ئەم حاڵەتە هێشتا کەمە، بەڵام لەم ڕووەوە هەندێک کتێب و پەرەگراف دەبینم، کە خەریکە سانسۆرێکی دزەکی، ئەویش لەسەر دەستی ڕێنووسکارەکان، تێیاندا ڕوو دەدات.


لەم ڕووەوە نووسینی ئەدۆنیسم خوێندووەتەوە وەک بڵێی مەلایەک نووسیبێتی.


یان کە کێر بکەیت بە چووک و قوز بە زێ... هەموو ئەمانە و زۆرێکی تریش دەری دەخەن تۆ حەز دەکەیت کتێب بنووسی؛ ڕێی مەنووسە.


ڕێنووسکار دەبێت هێندە سەری لەنێو ئیشەکەی خۆیدا بێت، تەنانەت ئەگەر هەستی کرد وەرگێڕ یان نووسەرەکە خەریکی جۆرێک لە خۆسانسۆری بووە، ئاگاداری بکاتەوە و کەموکوڕییەکە چارەسەر بکات.


جارجار ئەوەیش ڕووی داوە، بینیومە شتێک لە کتێبەکەدا لەنگە، کاتێک قسە لەگەڵ وەرگێڕەکەدا دەکەیت، یان ئەگەر حەوسەڵەت هەبێت خۆت بە دوایدا بچیت، دەبینیت وەرگێڕ بە هەمان هۆکاری ڕوانین، سانسۆری کردووە. لێرەدا خوێنەر تەنیا ئەو شانسەی هەیە ڕێنووسکاریش نەچێتە بەرەی وەرگێڕەوە.
وڵاتێکە بە گشتی لە ڕووی چاپەمەنییەوە ئازادە، بەڵام ئەوەی من جارجار دەیبینم، وەشانخانەکان ئەگەر زۆر وردەکار نەبن، ئەوا ڕاستییەکەی هەندێک لەو کتێبانەی دەیانخوێنینەوە، ڕێک ئەو کتێبانە نین، کە دەبوو بیانخوێنینەوە.


پێشنیار ئەوەیە، ئەگەر تۆ زۆرت بە لاوە مەبەستە پەرەگرافە سێکسی و بۆچوونە دژەدینییەکان سانسۆر بکەیت، کەواتە بۆ هەر لە بنەڕەتەوە کتێبی دینی وەرناگێڕیت/ڕێنووس ناکەیت!


ڕاستە، مرۆڤ ئازادە چۆن بیر دەکاتەوە، بەڵام خۆ ئازاد نییە لە بری کەسێکی تر بیر بکاتەوە. ئەگەر قووڵتریش بیر لە ڕێنووس بکەینەوە؛ واتا: تۆ دەبێت هاوکار بیت بۆچوونەکانی نووسەر باشتر بە خوێنەر بگەن، هەرچەند ڕەنگە بڕواشت پێیان نەبێت. ڕێنووسکارێکی باش دەبێت زۆر باش لە ئازادیی ڕادەربڕین حاڵی بووبێت.


ئەی ئەگەر کتێبێکی نیچە ڕێنووس بکەین، بڵێین چی؟ سەرنجی بۆ بنووسین کە بەڕێز خوا نەمردووە و ئێمە دوێنێ بینیومانە؟


بۆ هیچ وەرگێڕ/ڕێنووسکار/وەشانخانەیەک هەوڵ نادات پەرەگرافێک سانسۆر بکات، کە ئیهانە بە کانییەک بە مانگ یان گوڵێک کراوە، کەچی لەسەر خوا دێنە جواب کە خۆی هێشتوویەتی شەیتان بەو هەموو گەورەیییەوە قسەی خۆی بکات، کەچی ناهێڵن ئەم شەیتانە بچووک بچووکانە قسەکانی خۆیان بکەن. ئەم پەرەگرافەی دوایی، لەوێوە کە باسی خوا دەکات هیی ئەدۆنیسە.