لە رانیە کۆنفراسێک لەبارەی لێبوردەیی لە گوتاری ئاینیدا رێکدەخرێت

ڕاپۆرت 22/08/2019


 رۆژی شەممە (24 – 8 – 2019) كاتژمێر (10)ی پێشنیوەڕۆ لەهۆڵی (5)ی ئازاری شاری رانیە پلاتفۆڕمی دابڕان بەهاوبەشی ناوەندی رێكخراوە دیموكراتییەكانی راپەڕین و بەبەشداری یەكێتی زانایانی ئاینیی ئیسلامی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی راپەڕین و توێژەران و مامۆستایانی زانكۆ كۆنفڕانسێكی زانستی لەژێر ناونیشانی (هزری لێبوردەیی لەگوتاری ئاینییدا لەهەرێمی كوردستان) رێکدەخات. 
كۆنفڕانسی (هزری لێبوردەیی لەگوتاری ئاینیی-دا لەهەرێمی كوردستان)، لە (2) پانێل پێكهاتووە كە لەماوەی یەك رۆژدا پێشكەشدەكرێن و لەهەر پانێلێكدا (3) سیمینار لەلایەن (3) پسپۆڕەوە پێشكەشدەكرێن، و بەكۆی گشتی لەچوارچێوەی پانێلەكاندا (6) سیمیناری زانستیی لەلایەن كەسانی پسپۆڕ و خاوەن ئەزموون پێشكەشدەكرێن.
لەپانێلی یەكەمدا هەریەك لەبەڕێزان (د. به‌سمه‌ حبیب سیمینارێك دەربارەی پاراستنی مافی مرۆڤ، وەک ڕێگاچارەیەک بۆ بەرنگاربوونەوەی هزری توندتیژی لە کۆمەڵگەدا. و سیمیناری دووەمیش لەلایەن م. علی بەردەكۆزی دەربارەی راو ڕای جیاواز سیمیای شارستانیەتی ئیسلامە و سیمیناری سێیەمیش لەلایەن م. ماجید خلیل دەربارەی تایبەتمەندییەکانی کوردبوون و لێبوردەیی ئایینی) پێشكەشدەكرێن.
هەروەك لەپانێلی دووەمیشدا لەلایەن بەڕێزان د. نێكۆڵا ئەشرەف دەربارەی میکانیزمەکانی بەرھەمھێنانی لێبوردەیی و پێکەوە ژیان لە ھەرێمی کوردستان و سیمیناری دووەمیش لەلایەن م. غەریب احمد دەربارەی هزری لێبوردەیی لەئاینی ئیسلامداو رۆڵی حكومەت لەرێكخستنی گوتاری ئاینییدا و سیمیناری سێیەمیش دەربارەی م. عومەر علی دەربارەی مەترسییەكانی توندوتیژی رەمزی لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی پێشكەشدەكرێن.