كریستیانۆ، بە پارە خانمە نمایشكارەکە بێدەنگ دەكات

وەرزش 20/08/2019

رۆژنامەی ئاس-ی ئیسپانی بڵاویكردەوە: ئەستێرەی پورتوگالی كریستیانۆ رۆناڵدۆ دانی بەوەدا ناوە كە بڕی 375 هەزار دۆلاری داوە بەو خانمە نمایشكارە ئەمریكیەی تۆمەتی دەستدرێژی سێكسی دابوە پاڵی.
لەماوەی رابردودا كاترین مایۆرگا نمایشكاری ئەمریكی چەند جارێك راگەیاندوە كاتێك لە ساڵی 2009 وەك نمایشكاری جلوبەرگ لە یانە شەوانەكانی لاس ڤیگاس كاری كردوە چاوی بە كریستیانۆ ئەستێرەی یانەی ریاڵمەدریدی پێشو یانەی یۆڤانتۆسی ئێستا كەوتوەو ناسیویەتی و لە یەكێك لە هۆتێلەكانی لاس ڤیگاسی ئەمریكی دەستدرێژی سێكسی كردوەتە سەر. 
ئاس دەڵێت، دوای ئەوەی ئەو خانمە لە ساڵی 2018 بە ئاشكرا رایگەیاند رۆناڵدۆ دەستدرێژی كردوەتە سەر، لەلایەن دەسەڵاتدارانی لاس ڤیگاسەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەو مەبەستە كرایەوە، بەڵام بەهۆی كەموكوڕی و نەبونی بەڵگەی پێویست هیچ تۆمەتێك نەدرایە پاڵ كریستیانۆ. دواجار لە هاوینی ئەمساڵدا كۆتایی بە كێشەكە هات.
بەڵام جارێكیتر مایورگا سكاڵایەكی مەدەنی دژی كریستیانۆ تۆمار كردەوەو، بەڵام ئەمجارەیان بەناچاری كریستیانۆ بەڵگەی پێویستی خستە بەردەم دادگاو رایگەیاند، لەساڵی 2010  بەمەبەستی كپكردنەوەی ئەو باسە بە ئامادەبونی بریكاری هەردولا كە پابەند بن بە نهێنیی كارەكەو باس نەكرێت بڕی 375 هەزار دۆلاری داوەتە مایۆرگا.
رۆژنامە ئیسپانیەكە وتیشی، لەگەڵ ئەوەدا گومان لەوەدا نیە ئەو بڕە پارەیە لەلایەن یاریزانە پورتوگالیەكەوە دراوە بەو نمایشكارە، بەڵام رۆناڵدۆ خۆی بەبێ‌ تاوان دەزانێت لەو كارەداو، هەموو ئەو تۆمەتانەش رەد دەكاتەوە، كە ئەو پارەیەی لەبری دەستدرێژی سێكسی دابێت بە مایۆرگا، لە كۆتایشدا ئاس دەڵێت، ئەو بڕە پارەیە تەنها وەك گرنتیەك دراوە بە مایۆرگا بۆ ئەوەی تەشهیر نەكات و هیچ لێدوانێك بۆ راگەیاندنەكان نەیات لەسەر ئەو بابەتە بەرامبەر بە كریستیانۆ.