شیعرەکانی نووسەری شازادە چکۆل

ڕەخنەی چاودێر 19/08/2019

وەرگێڕانی شەماڵ وەلی


دەبوو لە کاتی خۆیدا خەوتبام

بۆ چاو بە باشیی جوانی
بۆ گوێ بە باشیی لایلایە و
بۆ دڵ بە باشیی دیاری
تۆ لە کوێوە دێی ئەی پەری؟
ڕێت ون کردووە لەم خاکەدا؟
یان ڕێبواری؟
من دەبوو لە کاتی خۆیدا خەوتبام
تا خەون بە تۆوە ببینم…
پەیامبەری ئەڤینی تۆ
ئەم گشتە کە لە تۆ دەدوێم
بێهوودە نییە
هەرکەس کە بڕوا بە شتێک بهێنێت
دەیەوێت تێکڕای تەمەن و
لە هەر کوێ بێت
پەیامبەری ئەم بڕوایە بێت

*

 تۆ دەگەڕێیتەوە

هەموو شتێک
باس لە نەبوونی تۆ دەکات
جگە لە دڵم
کە هەروەک تۆوێک لە تاریکی خاکدا
لە چاوەڕوانیی بەهاردا ترپەی دێت،
تۆ دەگەڕێیتەوە،
دەزانم…
لە هاتنەبوون و مەرگ
زوو هاتی و
دڵم، کتوپڕ کەیلی تۆ بوو.
ئەمەیش ئازارێکی شیرین بوو
ئازارێکی وەک ئازاری هاتنەبوون
نەک بە خێرایی
بەڵکوو سەبرسەبر، لە دڵم دەرچوویت و
جیهان
نەختەنەختە لە تۆ بەتاڵ بوو
ئەمەیش ئازارێکی تاڵ بوو
ئازارێکی چەشنی مردن



*

بێزارت دەکەم؟


بێزارت ناکەم
تەنیا گڵۆپەکان هەڵدەکەم
گوڵەکان دەخەمە ئینجانەکەوە
پەنجەرەکە دەکەمەوە و
پاشان دەڕۆم