كراسێك لە تریفەی مانگ

ڕەخنەی چاودێر 18/08/2019

بەیان ئیبراھیم


چیتر لێرە نابم
دەفڕم تا ئاسمان كوون دەكەم
بیناییم لە مێوی حەوشەكەمان دەكەمەوە
دەیكەمە نەخشی سەر باڵی خاڵخاڵۆكەیەك
دەبینم .... هێندە باڵام بەرز دەبێت
مانگ لە ئاسمان دەكەمەوە
بە باران دەیشۆم
دەیكەمە نەخشی سەر پەردەی
ماڵی قەسیدەیەك
كراسێك لە ڕەنگی شەو دەدورم
بە پەیژەی خەمێكی پیردا سەردەكەوم
هەمو ڕۆژەكانی پێرێتیم
لە ڕیشی باوكما دەشارمەوە
كراسێك بۆ بوكێنیم
لە تریفەی مانگ دەدورم
لە دڵی زەویدا دەیشارمەوە
لەسەر تنۆكێ باران دەنووسم
لێرە
لەم مەدرەسەیەی فڕیندا
مەلەكان خەو دەیانباتەوە
باڵەكان ئەدرەسی هیچ ئاسمانێك نازانن
كراسێك لە تریفەی مانگ دەدورم
لە تابووتی خەونێكدا
دەیكەمە بەر ڕۆژگاری ژنێتیم
هەنگاوەكان لە شەقامەكان دەسەنمەوە
وێنەیەك لە پەنای خوێنی ڕژاوی
جێپێكانی كچێتیما دەگرم
لە پرسەی خۆما
گۆرانییە سەربڕاوەكان دەنێژم
هێندە دەڕۆم تا زەوی جێدەهێڵم
دەڕۆم تا ئەو شوێنەی
باخچەكان لە ناو فرمێسكما دەتوێنەوە
هێندە دەگریم
تا چاوی باوكی شیعرم دادێت
تا چاوی دایكی قەسیدەیەكم
پڕ دەبێت
لە خوێنی ئەو دڵانەی
كە پڕن لە گۆڕی ژنانی بێ ناونیشان
تەرمەكەی خۆم بەكۆڵدا دەدەم  
تا لە گۆڕستانێكی بێ نازدا
تووڕی ھەڵدەم
تا ئەو شوینەی ئازادی تێیدا
قژی خۆی دەڕنێتەوە
بەدیار مەرگی خۆیەوە
ڕۆدەنیشێ
كە دێمەوە
خۆم  و ئەسپێك لە تەم
خۆم و گالیسكەیەك لە باران
خۆم و تەرمی شیعرە ژنێك و عەشقێكی گوناھ
لە سەر پۆشەكەی دایكم كفنیان بۆ دەدورم
بە ڕیشی باوكم دایان دەپۆشم
كراسێك لە مانگ دەدورم
دەیبەخشمە خوشكە قەیرەكەم
كچێتیم لە مانگی هەنگوینیدا دەنێژم
دوا سروودیش بۆ ئەو كۆترانە دەچڕم
كە ڕۆژگارێ نامەی ئەو پیاوەی بۆ دەهێنام
كە هەر لە یەكەم دیداردا پەشیمان بووینەوە
ئەو پەڕەسێلكانە فێری گۆرانی دەكەم  
كە بە دزی چاوەكانمەوە
لە دڵما یەكتریان  ماچدەكرد
دوا كراس لە تریفەی مانگ دەدورم
دەیبەخشمە ئەو ژنانەی
تا مردن ساتێك لە ماڵی عەشقا
نەیانتوانی گۆرانی بۆ ماچ بڵێن