خودایە بۆ نەتکردم بە سولەیمانێ بە....... بە....... !

ڕەخنەی چاودێر 12/08/2019

   خودایە بۆ نەتکردم بە سولەیمانێ بە....... بە....... !     
هاوشان عه‌زيز

بە ناو باغی عەدەمێ تۆ هەنگاو مەنێ
مەگەر بۆیان نەگێراویتەوە منم شەوێکی زستانم لە گەرووی _با_دا تێدا ئەژنەوى
ئادەمێکم تۆراو لە ئادەم ،من هیچم نەدەویست
جگە لە ئاوریشمی ،خەیاڵە دۆراوەکانم بە واقیع 
دڵم هەندێ جار مەرکانەیەکی نێو ماڵە سونەتیەکانە جگە لە جوانی بۆ درزی دڵان 
من هیچ لە مەرکانەی رژان لە ژیان نازانم 
دوورم لە خۆمەوە و نزیک لەوەی کە من نیم چ دۆرانێک دۆراوم 
 چ چەپڵەیەکی قەرەچانەم بۆ لێ ئەدەن 
بێ ستایش دەستان خۆش  دۆڕاو هەر شایستەی چەپڵەیە 
براوە هەر ئەوەندەی بەسە کە سەر و کڵاوی زیوی دنیای بردەوە
دنیا هەر یەکەم دەم کە ،پژمی لە دەمی شەوێکی تاریکەوە
بە ماڵی سەحەردا ،بازیدا و بەرامبەر هەرچی 
دڵئاسکی وەک منە ،دەسڕی ژیانی دەرهێناو 
دوو چێژی تاڵی پێداین ،کە تا مردن لە داخی بمرین 
مردین ،،مردین 
هێشتا بە مورادی ماچێکی سەدەر سەد  خودای نەگەیشتین 
بە چراخانی دڵێکدا لە دایک بووم کە زەمەن دڕدۆنگی بە حەزی گلاراودا سوا
پەرەسێلکەنیم و نامەم زۆر پێیە بۆ خودا 
عەسرێک من ئەدوێنێ 
و منیش رووی نادەمێ هەقی خۆمە ، من رۆحێکی لە بیرکراوم و ئەویش کاتژمێرێکی پیرۆز
بە نازی هەموو چاوە بێ نازەکان ،کە ژیان شەوێکی نەوسنی نەدانێ 
تێربن لە هاوکێشە هاوسەنگەکانی خودا  بێ ناز وەک پڵنگێکی بێ برا 
کەڵبەکانم تەنها لە پەنگخواردنەوەدا 
سواند  تا دڵم حەزکات ژیانم تیا هاڕی کەچی ،خۆمم خوارد 
خۆمم کەلاک ،کەلاک کرد
پەرە سێلکە نیم و نامەی زۆرم پێیە بۆ خودا
خۆزگە چۆلەکە حاکمی دڵ و مەقسەد بووایە 
هیچ نە بووایە بە دەنکێ گەنم ،حکومرانێکی باش دەبوو 
هیچ نە بووایە ،بەیانیان بێ منەت دەیجریوان
ئێواران ،غەزەلی شیعریان دەچری کەس نیازی نەبوو داوای زۆری لێبکا 
زوو ئەیگوت چۆلەکە خۆی چی و گۆشتاوی لە چی !!
زۆر ئەترسم وەک نامەکەی ئیملی بۆ ئاستین هەر نه‌گات پاسی راز
بە وێستگەکانی چینێک لە خەزانی دڵی ئاسمان 
من وەک وەدیع *پێم ئەڵێن :" ئاسمان فرێبدە و زەوی بخەرە دڵتەوە "
من زەوی فرێ ئەدەم و
ئاسمانیش من
، نامەکانم ، گۆرانیەکانم ئیتر هێندە ئەزانم فرێم ئەدا .
خۆزگە ئەمجارەیان کڵاوی بەڕوویەک 
حەکیمی بوستانی دڵ بووایە 
هەر نەبێ رێکئەکەوت لەگەڵ قارچکێکی بچکۆلە ،،
گەورە من و ئێوەیان لە گۆزەیەکی بەهار پر ئەکرد 
ئەیان بردین بۆ دارستان لەوێ فێری رێوییان دەکرد
ببێت بە موختاری عاشقان تا هیچ رۆحێ یاری بە رۆحی کەس نەکا .
لەوێ ،مامزیان فێر ئەکرد 
ببێتە ئەفسەر ،تاسەر دارستان عەتر رێژکا 
لەوێ شێر فێر دەبوو ،غیرە لە کەروێشک بکا 
بێشە بگۆرێتەوە بە کوخە کوندارەکانی زەوی 
لەوێ ژیانێکی جوانتر دروست ئەبوو !!
لە درزی مەغریبێکەوە ئەروانم لە فنجانی ئەو دەمە قاوە خۆرەی
بەختی ئەلیف و بای رەنجاومی خواردەوە 
وەک خۆم ئەیگوت :
پەرەسێلکە نیم و نامەی زۆرم پێیە بۆ خودا 
خودا ئای خودا 
نە کردتین بە موحەمەدێ نە بە زوڵەیخاێ نە بە یوسفێ نە بەسولەیمانێ 
نە بووینە شورەی جوانی داستانە رستە قەد نەکراوەکان 
نە مێخەکێک بووین گەردن رێزمان لێگرێ 
نە خاچ بووین مل پەرۆشمان بێ 
نە زەریف بووین بۆ رۆحی عیشقێ بسوتێین
نە لەگەڵ قورەیشا عەداوەتمان هەبوو تا لە بەدرا بیبەینەوە 
نە نوح بووین تا لەگەڵ کەشتی ببینە هاورێ و گەشتی خودايی لە جودی ساکین بێ 
کە جوانە ژیان  کاتێ ئەڵێ :
تۆ ئەی مەست لە دوا ئێستگەی ژیان هەر وەستاوی بۆ ئەو قیتارانەی کە قەترانی سەیریشت ناکەن 
دووا دێر وەڵامم دایەوە ،بەڵام دڵی دنیام 
نە ئێشان نە بادا بەختدارێک بتۆرێ لە شیعر
ئیتر ئاوایە عەتفی شیعر ، بە پەنجەکانم نوسیم 
تۆش دۆراوی "دنیا " ،،ئەوە نیە 
زۆرێک چەمۆڵەی رقاویت بە تیری شمشێرە 
رەنگ پەریوەکانی زەمەن لە کاتژمێری سفردا لێدەدەن 
ئەوەتا هیچمان لەیەکمان نەبردەوە نەمان بردەوە هەرگیز نەمان بردەوە 
من و کراسە رەشەکەی ژیان ..


*نیوە دێڕێکی شاعیر وەدیع سەعادەیە