تێکشکان..

ڕەخنەی چاودێر 11/08/2019

تێکشکان..
شيعر : پشکۆ ناکام

نە ئەڕوخام ،
گەر لە خودی خۆمانا
نە ڕوخاینایە...
نە ئەکەوتینە سەر چۆک
گەر لە گاگۆڵکێیەوە
فێری چۆکدان نەبوینایە
"'''''''''''
بە خۆری هاوڕێیەتی سووتاین...
ئەو خۆرەش نەبوایە
گوڵاڵە...
هەرچوار وەرزە بۆنی لە دەوارەکانمان
وەک شوناسنامەمان
یادێکە..و لە ڕابردوومانایە
"''''''''''
تۆ ئێمەت ڕوخان
خۆشمان وەک لاسکە نێرگز
لاواز نەبوینایە
نەئەبوایە ، بە یەکەم " با " بچەمێینەوە ..و
بە زمانی سازش قسەمان بکردایە
"'''''''''''
نە ئەڕوخام
گەر ڕاستگۆیی
لە فرمێسکەنمانا نەبوایە ...
خۆ بەدەستەوە دان
نەنگ و قورسو مەحاڵە....
گەر لەگەڵ شیرا خۆمان بۆ حازر نەکردایە
"'''''''''
بە شەپۆلێک
پاپۆڕ تێکناشکێ
مەگەر ئەوە نەبێ
كە کاپتێنەکەی
مەست و بێ حاڵ بێ
"'''''''''''
ئێمەیەکی بێ دوێنکی نووسراو
ئێستایەکی نەنووسراو
سبەینێک کە :
نابێتە نووسراو
مل لەهەر کوێ یەک بنێین
تێناگەین لە مێژوویەک لێی نووسراوە : بێ ئەرشیف..نەنووسراو
"''''''''''
دوێنێ :
خوێن ..فرمێسک ..بەرگمان ڕەش
ئەمڕۆ :
لاوازی زیندوو بون و
بێ حورمەت کردنی ئینسان
سبەیەک :
نا دیار بۆ خودی خۆم
و
هەر کەسێک ،،هەر گوڵێک
گوێ ڕایەڵی دڕک و شمشێر
بەدەستەکان
نەبێ...
شمشێری پەڕینی ملی ئازادی
و
حوکمی ڕیش و نەوت و خێڵ و كۆیلایەتی ئینسان
"''''''''''
نە ئەڕوخام
گەر لە خودی خۆمانا
نەڕوخاینایە
لە بۆتەی بوونی خۆما
تێکشکاووم
بەڵام بەرامبەر تۆ
" ووشە" ی جوان
و
بۆنخۆشم نەبوایە
وەک لاسکە نێرگز
ڕەنگە بەرگەی یەک وەرزم نەگرتایە

"''''''''''''''''''' JULY/ 2019