یادەوەرى تۆ و برینەکانى من

ڕەخنەی چاودێر 20/07/2019

یادەوەرى تۆ و برینەکانى من
ئەحمەد حاجى سامى

یادەوەرى.

هیچ موعجیزەیەکم نییە، بۆ گەڕانەوە ..
بە یاوەرى ئەو هەورە بەیازانەى، وردە ئاگر و ئەڵماسیان وەک کراسێکى خوێناوى، بەبەر منداڵانى جنسى خۆف و بادا دەکرد، یادەوەریەکان؛ لەگەڵ خۆم دەبەم و چیدى دڕندەییەکانى خۆم، بۆ دووکەڵ و تەپوتۆزکانى ئەو سەرابە فەرامۆشکراوە ناگێڕمەوە.

ڕۆژێک کە ناتوانین خۆمان بدۆزینەوە ..
پشت لە ئافاتەکانى مردن دەکەین و دەگەڕێینەوە ناو دۆزەخە پڕ لەززەتیەکانى خۆمان. کەچى ئێمەیی خەمگینترین ڕاوچى لەو دەشتە چۆڵەدا، نازانین

"مرۆڤ لە گەڕانەوە بۆ هەمان ئەو دۆزەخەى یەکەم فیشەکى تەقاندوە، خۆی نادۆزێتەوە. بەڵام دەبێ لە کاتى خۆ دۆزینەوەدا، خۆى و جەستەى خوێناویی و ڕۆحە شەڕانگێزەکەى خۆیی لەگەڵ بێت". بەڵام منى فانۆسێک لە ناو ئەو ئۆقیانووسە تاریکەدا؛ هیچ وێستگەیەکى گەڕانەوە نامگرێتە خۆ، کە باڵندەکانى ئێرە، بوونە لەشکرى پیاوە نەخوێندەوارەکان و بەرەوو دۆزەخ چوون. هیچ سوارچاکێک بۆ هاوارى من نایەت، کە من بەسەر ئەو ئەسپانەوە دەمقیژاند، لە ناو ئایندەکانمدا دەیانحیلاند. هیچ پەرەسێلکەیەک یادەوەریەکانم بۆ نانووسێتەوە، کە ئەوان بەرگەى ئازارەکانى منیان نەگرت و ستایشى نەورەسەکانى مردنیان دەکرد. هیچ مۆسیقایەک بۆ غرووریەکانى من ناژەندرێت، کە مەرگ درۆیی لەگەڵدا کردین و هاتە نێوان من و تۆ و لەناو مەرقەد و شووراکانەوە خۆیی شاردەوە. کە ئاسمان بێ شەرمانە بارانى ڕەشی دەڕژاند؛ شار لە چاوەنواڕى خودادا، بەرسڤى خواجەکانى سەر مینبەرى نەداوە و گەڕیدە ماندووەکانى خۆیی کوشت. کە دارستانە ناپاکەکان، بوونەوە موڵکى بەچکە توجاڕە تازە لە دایکبووەکان، مەرجانەکانى دەریا لە بڕى زەمەن تۆقین و ئێوارە بە کۆڵێک فرمێسکى ڕەشەوە؛ جەنگاوەرەکانى خۆیی لەناو خۆیدا ناشت.

ئەى داهۆڵێکى چەقیوو لەو قەڕنە فیرعەونیەدا. ئەى ئەستێرەیەکى بە جێماو لەو ئاسمانە خوڕافیەدا. ئەى قارەمانە بریندارەکەی ئەو شانشینە زێرینە. دوایی تۆ؛ قەوینتە نهێنیەکانى خۆم، بۆ کێ بدرکێنم؟ ئەو چیڕۆک و حەرف و مەرەکەب و دەفتەرانە بۆ کێ بنووسمەوە؟ ئەو هەموو یادەوەریەت چۆن سەفتە بکەم؟ ئەو هەموو برینەم چۆن تیمار بکەم؟ ئەو عەرشە سپییەیی دنکێک لمى تێدا نییە، چۆن پاک بکەمەوە؟ تۆ پێمبڵی: چۆن کڵپەى ئاگرەکەى ناخم بکوژێنمەوە. چۆن نیگا بەدمەستیەکانى ئەو هەموو تووتییە زۆڕەوە بسووتێنم. نا .. من کە دەمزانى یادگارى و پێکەنین و چاوەڕوانییەکان تا ئێرەیە، لە ئەبەدیەتەوە مۆمم بۆ ئەو تاریکییە داگیرساند. لە ئاسۆ هەرە بەرینەکانەوە؛ بوکێنى کچەکانى خۆرم فرۆشتە ئەو پارچە خاکانەى، قەترەیەک زەهریان نەبوو بینۆشم و بۆ ئەبەد لەو زەوییە کانزاییانە دەرچم. بەڵام تەواو ئیدى ڕێگەکەمان تا ئێرە بوو .. تا ئەو شوێنەى سنوورى تەلبەندکراوى ئەهریمەن و بازى فێڵباز و کەمتیارى درۆزن بوو. تەواو ئیدى تا ئێرە بوو ..

ئەوەى کە شەرم لە با و تۆفان و ڕەشەباکانى خودا دەکات، من و تۆیی گومڕاین .. ئەوەى لە مندا خۆیی دەنوێنێت؛ ئەو ئەتواڕە شەرمنانەیی عاشقانە، کە لە بەردەم باغێکى چۆڵدا، بۆ رابردوویەکى پڕ لە گوناه، بەرد دەگرنە ئەو درەختانەى بوونە جێ ژووانى ئەو یارانەى بە هەڵە ڕێیان کەوتە ژێر ئەو پەلکەزێرینە درۆینە. کەچى من وەک دۆڕاوێک فرمێسکى گۆڕهەڵکەنەکان دەسڕم. من کە مەرگى تۆ و فریشتەکان و ئەهریمەنەکانم دیوە؛ دەبێ جێ پەنجەکانى پایز، ببەخشمەوە ئەو سەگانەى ناوەڕن. دەبێ زەخرەفەکانى شەو، بۆ شەوێکى بێ حیکایەتى ئەفسانەکان هەڵبگرم. دەبێ برینەکانى ئێوارەیەکى خەمگین کۆبکەمەوە، کە پڕە لە تۆڵەیی بەیتار و فاڵچى و جادووگەر و وەنەوشە ئاسنینەکان، کە هەرگیز زەردەخەنەیان بۆ تاریکى نەکرد.

شەهێنێک لە ئاسۆیەکى تاریکى ناو ئەو باخچە بریندارە، ماچی دوا عاشقە ترسنۆکەکانى خۆیی دەکات و بە مەرگێکى دیکەیان دەناسێنێت. برووسکەیەک لە ئاسمانێکى شینى بزردا، لەگەڵ ڕۆشناییەکانى خۆیی، زیندانمان دەکات، کلیل و قوفڵەکانى بە فرێنێک لە دۆزەخدا نیشانى پاسەوانەکانى دەدات. پەتێکى بۆر لە دیرۆکێکى دێریندا، حیکایەتەکانى ئەو ڕۆژگارەمان بۆ دەخوێنێتەوە، کە بەهەشت هیچ حەکیمێکى تێدا نەبوو. کە بەهەشت هیچ خۆشەویستییەکى تێدا نەبوو. تۆش کە دەروێشێکى دەستت لە بەردە ڕەش و پەڕۆکە پیرۆزەکان مەککە داوە؛ وەرە و فێرم بکە، گۆشەگیرى ژنە کافرەکان و ڕۆحە گومڕاکان تەفسیر بکەم. تەرمە کوژراوەکانی ئەو شەڕە ئاسنینە بنێژم، کە حەزیان لە کیژۆڵە کیمیاگەرەکان دەکرد و پێیان نەگەیشتن، تا شەوێک چێژ لە ئاڵوودەبوونى با و شەڕاب و جنسى خۆیان وەربگرن. وەرە و فێرم بکە، کە دەمردم و لە قیامەتدا دەستەکانم دەبڕێتەوە و فڕێدەدرێمە دۆزەخ؛ چۆن ئەو فریشتانەى وەک خۆم خەون بە ئازادى لەو جەنگەڵە دەبینن ڕازى بکەم؟ کە من ئەو سوارچاکەم، لە زەویدا مردنى خۆمم دیوە. لە ڕۆژى زیندووبوونەوەمدا، بەسەر سفرەکانى هەقیقەت داچوومەوە و خۆم مەست نەکردوە. چۆن بەرانبەر خودا بپەیڤم و برینەکانمى نیشان بدەم؟ من کە لە شەڕى ئەهریمەنەکاندا کوێربووم، بۆ قەفەسێک دەگەڕام و خودام نەدۆزیەوە. من کە لە دەریا پەڕیمەوە، هیچ بەلەمەوانێک نەیبردمەوە بەندەرە وشکبووەکانى نیشتیمان. هیچ پاسەوانێکى قەمبوور لە ئاگرى ئەو زەمهەریرە نەیپاراستم. هیچ ئایەتێک لەو خاچە تیژانەى ڕزگار نەکردم. 

ئەى شەرمى قژێکى چێنراو .. ئەى شەرمى دەرختێکى عاشق .. من بێ باکم لەو هەموو جوانیە ساختەیە. لەو هەموو ڕووخسارە دووبارەیە. لەو هەموو سوارە بریندارە و لەو هەموو فریشتە شەهیدەیە. تۆ کە کوژراوى دەستى قەدەرى و قەدەر تۆیی بۆ ئەو شوێنە لێژە برد، هیچ گومانم لە بەدبەختى ئەستێرە وەریوەکانى ناخم نییە. هیچ گومانم لە ڕزیویی کۆلارە کۆنانەکانى منداڵیم نەبوە، کە لە بۆشاییدا منەتیان بەسەر منەوە دەکرد. بەڵێ .. من بۆ ئەو ڕۆژە ناگریم، کە جنۆکەکان دێن و ئەو زەویە وێران دەکەن. کە ئێمە دیلى دەستى قەدەرین و ناتوانین تەنهاییەکانى یەکتر بشکێنین. ناتوانین خۆشەویستەییەکانى دەریا بۆ گەردەلوول و هەڵم و بەلەمەکان وەسف بکەین. منیش کە هیدایەتى ئەو هەموو گومڕایەم پێ نادرێت، بازنە زیوەکانى ئەو هەموو جەنگاوەرەم بۆ جیا ناکرێتەوە. دەست لەسەر سنگم دادەنێم و گۆرانى مەرگى خۆم دەچڕم، کە لە ڕۆژى ناشتنى تۆدا؛ بە نهێنى بۆ قازمە و خاکەناس و کێلەکانم دەگوتەوە. بۆ خۆڵ و بەرد و گیاکانم دەگوتەوە. بۆ ئەستێرە و شەو و بام دەگوتەوە.

هیواکان ببە و هەموو خەونە پەژمودەییەکانیشت؛ لە باخەڵتدا هەڵگرە، چونکە لە خەونێکى تاریکدا نەفرەت لە خەونەکانم دەکەم. گیرفانت پڕ بکە لە خوێن و ماچ و فرمێسکەکانى من .. ڕۆژێک دێت، لە سووچێکى ئەو جەننەتە بەرینەدا، خودا بە یەکترمان دەگەیەنێت، تۆش قەرزەکانم بدەوە و ئاوڕ لە خانەوادە گوناهکارەکانى ژنەکەت مەدەوە، کە دەنوکیان لە کەمەرمان دەدا و دەمبووزیان دەکردە دیارى ئێمە. تۆش منداڵەکانت بخەرە باوەش و فێرى وەفایان بکە، زەمەنێک دێت، زێر هیچ بەهایەکى نامێنێت و منداڵی عەبەسەکانمان لەسەر تاپۆ دەکرێت. ئەى تاقانەترین پیاوى بەهەشت، چی لە بارەى کوشتن و داگیرکردن دەزانیت؟ جەستەیەک لە ئەزەلەوە بۆ برین خوڵقابێت، نابێ بیدەینە دەستە بچووکەکانى باران. نابێ بیسپێرین بە ڕەشەباکان. نابێ ئەوەندە بێ بەزەیی بین، لە یەخەیی تۆفانەکاندا جێی بهێڵین، کە هیچ تووڕەییەک، توانایی هەڵگرتنى لاشەیی منى نییە. کە هیچ ئاوازێک توانایی هەڵگرتنى گوناهەکانى منی نییە. ئەى فریشتە .. ئەى مەیگێڕ .. ئەى مردن .. بە خۆتم ئاشنا بکە، تۆڵەى گوناهترین و پیسترین و غروورترین جەستەم لێ بکەوە.

من و تۆ .. نەوەى ئیمپڕاتۆریەتێکین، کە بە شمشێر و خوێن و شەڕ، فەرمانى بە جەللادەکان دەکرد: ڕەحم بە تارماییەکان نەکەن، تا حوکم بەسەر قوتابییە تەمبەڵەکان و سەماکەرە دڵتەنگەکان و دڕدۆنگەکانى رۆحماندا بکات. تۆ وەرە و سەیرى خەنجەرە بە جێماوەکانى سینەم و خۆڵەمێشیەکانى ناو دڵم بکە، دەست بنێ بەسەر برینەکانم و ئەو هەموو جێ قامچییەیی ئیبلیسە جودابووەکانى خودا ببینە. ئەو کات تێدەگەیت، هیچ بەزەییەک بوونى نییە. هیچ میهرەبانییەک بوونى نییە. کە خودا پەنجەکانى لێ سەندین و خوێنى پێ داین. ئەستێرەکانى لێ سەندین و پشکۆی پێ داین. دەریایی لێ سەندین و سەوڵێکى شکاوى پێ داین. هەتاوى لێ سەندین و ئاگرى پێ داین. شەڕابی لێ سەندین و غەریبى پێ داین. سەیرکە .. چ خیانەتێکە، چ ئەسەفێکە، کە ناتوانین تۆڵەى خۆمان، لەو شۆڕەبییە هەڕاجکراوانە وەربگرینەوە. لەو تاکە فریشتە پیرە سەوداکەرە وەربگرینەوە.

من کە لە بتەکان یاخى بووم و فیتنەى شۆڕشم بە شەیتانەکان هەڵکرد، وەهمى ژیانێکى تر و جیهانێکى خاڵى لە گوناهم بۆ جەنگاوەرەکان باس دەکرد. کودەتام بەسەر ڕۆحى خۆم کرد و چیدى کڕنوشم بۆ خوداوەندەکان نەبرد. من کە لە ئاینەکان و زەنگەکان و فریشتەکان هەڵگەڕامەوە، چیدى لەسەر بەردەنوێژى ئەو سەرابە گوماناویەدا، سێبەرى خودام ماچ نەکرد و دووعام لە قافڵە خیانەتکارانەکانى دۆزەخ نەکرد. کە من مستیلەیەکم نەبوو، بیخەمە پەنجەکانم. ئێوارەیەکم نەبوو، بیکەمە پەناگەم.

سەیرکە .. ئەى برینێک لە چەشنى پەیکەر لە جەستەى کون کونى مندا. ئەى تەمێکى سارد، کە خۆم لەناو تۆدا دەدۆزمەوە و دەفتەرى نۆتەکانم ناناسمەوە .. کە ئێستاکان پڕن لە یادەوەریەکانى تۆ، کە ڕابردووەکان پڕن لە خەون و زریکەى ئەو شەوانەى ئازارەکانت دەژەنى؛ ئێمە بە داهاتوو، قۆڵبەستدەکرێین و ناتوانین تیرێک بدەین لە کەلەسەرى ئەو جەنەڕالانەى بانگەشەى خۆشەویستییان دەکرد. بەڵام ئەو خوێنمژانەى تەنها لەسەر ئیقاعەکانى کوشتندا سەمایان دەکرد، کەوتنە بۆسەى بەڕۆژووەکان و نغرۆیی لافاوەکانى ئیمان بوون.

ئەى کوژراوێک؛ کە قەدەر دەزانێ تۆ بێ گوناهیترین ئادەمیزادى سەر زەمینى، کە خودا دەزانێ هەناسەکانى تۆ سروودێکە لە سروودە خەمگینەکانى جەننەت. بڕۆ و بەسەر پردەکانى قیامەتدا بپەڕەوە. بڕۆ و بەسەر دەرگەکانى دۆزەخدا پازبدە. کە فریشتە خەوتووەکان، هیچ ئومێدێک، لەو کەرنەڤاڵى شکستەدا بەدى ناکەن و هیچ نەغمەیەک بۆ کۆتایی ئەو هەموو تاوانە نابیستن. من دێمەوە و ماڕشى دواهەمین شەڕى نێوان خۆمان و ئەهریمەنەکان لێ دەدەم، دێمەوە و کۆتا ئەسپى گەڕاوە و شەکەتى ناو ئەو بیابانە، دەکەمە ماشێن و بۆ ئەبەد لەو خوڕافیات و خوێن و برینانە ڕادەکەم.

برینەکان.

با بە تەرازویی ئەو گوناهانمان دابچینەوە. با شیوەن بۆ فەرموودە و فەتواکان بکەین. کە پەردەیی پەنجەرە کراوەکانمان دادەپۆشى و خۆمان لە ئەستێرە کزبووەکان دەشاردەوە. بەڵام مردن واژۆیی خۆیی بە تۆ کرد و بوێرى ئەوەى نەبوو، رۆحى ئەو قەسابانە بکێشێت، کە خوێنى منیان دەخواردەوە. بوێریی ئەوەى نەبوو، رۆحى ئەو دەباغچییانە بکێشێت، کە پێستی منیان بۆ دەفەکان خۆشدەکرد. بوێریی ئەوەى نەبوو، رۆحى ئەو هونەرمەندانە بکێشێت، کە ئاوازیان بۆ برینەکانى من دادەنا. کە من تەقەڵى برینەکانمان بۆ نەدووراوە. کە من دواهەمین کەس بووم دەگەیشتمە سەر ئەو بیرە خوێنینە و توێنوێتیم نەدەشکا.

لەو گوزەرى تەنهاییە بێ کۆتاییەدا، تابلۆیەکى سڕاوەم. لەو کۆڵانە تەنگانەدا، نورێکم لە نورەکانى ئەبەدیەت. ئەى کۆتا حیکایەتم؛ منى دوژمنى وەرزەکان و پەلکەزێرینەکان، بوورکان و کارگەکان، هەرگیز ناگەڕێمەوە تا ببمەوە وەرزێرى ئەو کێڵگانەیى تەرمى منیان فڕێدەدا. لە شەوى لە دایکبوونەوەى تۆدا، ئۆقرە ناگرم و دێمەوە تا نەمرى بدەمە ئەو پەتا کوشندەیەیی مزگێنى کافربوونى منی بۆ خودا برد. بەڵام منى گومڕا، لە پرسەى مردنى تۆدا، وەک مردوویەک لەسەر سەکۆیی ئەو پەشیمانییەدا پشوو دەدەم، بۆ یەکەمجار پەنجەکانم ئازاد دەکەم و سووڕەتەکانى مردن بۆ کۆچەرییەکان دەخوێنمەوە.

ئەى تابووتێک کە هیچ جێگەیەکت نەبوو تێدا بحەسێمەوە، من لەگەڵ بزمارەکان پێشبڕکێى مەرگم دەکرد، تا یەکەم مرۆڤبم چارەنووسى خۆم، بە دەستى خۆم بنووسمەوە .. بەڵام مرۆڤ ئەوەندە بێ دەسەڵاتە، ناتوانێ چارەنووسى خۆیشى دیاری بکات. ناتوانێ بۆ چرکەیەکیش لەسەر رێگەکانى مردن لابدات. کە من بە بیانوی خاوێن کردنەوەى قوببە و منارەکانى مزگەوت، لەسەر سەربانى ئەو ئەمیرە ڕیسوایانەدا، ئاگر و ئاوم جیادەکردەوە. دۆزەخ و بەهەشتم جیادەکردەوە. باران و بەفرم جیادەکردەوە. تۆ و گوناهەکانم جیادەکردەوە.

لە دوایی تۆ، حاشا لە بەرد و مانگ و نەیزەکەکان دەکەم. حاشا لە ئۆقیانووسەکان و مەعبەدە کوژاوەکان و خواوەندەکان دەکەم و ڕوو لەو پاڵەوانە گومڕایە دەکەم، کە بێزاریەکانى منى بە یەک کوپ زەهرى تاڵ و شەڕابى گەرم دەڕەواندەوە .. وەک حەسەنێکى زیندوو؛ شانەکانى دەپەرستم و تاریکییەکانى دەدزم. کە ئەو برینەکانى منى دەکرۆژى. کە ئەو بە دۆزەخ و ئاگر نەیدەترساندم. کە ئەو گوناهەکانى منى دەژمارد و لێپێچینەوەى لەگەڵ نەدەکردم .. 

من کە ئاسنگەرێکى خەڵەفاوم .. چەقۆم بۆ ئەسحابەکان تیژ کرد و نەمزانى مردن سەیرى چاکەکانمان ناکات. زرێپۆشم بۆ ئەستێرەکان دروست کرد و توانایی جیاکردنەوەى خرپیەکانم نەبوو. مسم دەخستە ناو مەنجەلیقەکانى ئاو و خۆمم لە ساردیەکانى ئەو بەستەڵکە نەدەدۆزیەوە. بەڵام شەڕەکان و ئازارەکان و خوێنەکان و ئاڵاکان و خاکەکان و خیانەتەکان و بوومەلەرزەکان و ئەشکەنجەکان و تاعونەکان و خەراباتەکان و تەواوى برینەکان، دووبارەن .. منیش کە لە بازاڕى مردن و گومان و فەنابووندا، فاڵم بۆ کیژۆڵە تاقانەکان دەگرتەوە. جادووم لە کوڕە زڕەکانى خۆر دەکرد. نازم بەسەر شەو و بەیانیدا دەکرد، کە من باڵم نەبوو و دەمتوانى بفڕم. لەسەر سفرەى بەربانگدا خوێنم لێ دەتکا و ئێسقانەکانم خۆمم دەخوێندەوە.

لە سەفەرێکدا کە وڕێنە بۆ سوارچاکەکان دەکەم، خەزێنەکانى پایز تاڵان دەکەم، با دەخنکێنم، بەڵگەنامەکانى مردن دەسووتێنم، دەگەرێمەوە دۆزەخ و پاکیەکانى خۆم دەهێنمەوە. دەگەرێمەوە ناو پێخەفەکانى ئاگر، دەفتەر و قەلەم و پەنجەکانم دەهێنمەوە. دەگەرێمەوە بۆ مەیدانە خوێناوییەکانى جەننەت، عیبادەت و برین و ئازارەکانم دەهێنمەوە. 

ئەى بایەک کە تەنها دەزانى خامۆشى شەوەکان بکوژێنیتەوە. ئەى تاعونێک کە تەنها دەزانى لە قەفەسەکانى مردندا سەما بکەیت. من شەڕانگێزترین فریشتەم، لەو زەمەنى تابووت و ئەشکەنجەیەدا. من تاریکى ئەو سپێدانەم، کە نزام بۆ ئاوێنەکان دەکرد، کە پارچە شکاوەکانى منیان کۆدەکردەوە. بەڵام ئێوە، منتان بە حەرفەکان و ترسى باڵندەکان کوشت. منتان بە کتێب و حەسوودى دەرگە داخراوەکان کوشت. منتان بە نهێنییەکان و ئەفسانەکان و وەهمە سپییەکان فریودا. منتان بە شیر و شەڕاب و پێشبینیەکانى زەوى فریودا. ئەى چاکەیەک لە چاکەکانى ئەو ئاسمانانەى لە تاریکیدا جوانى دەنەخشێنن، لە غەریبیدا هاوڕێیەتى هەڵدەگرن، لە رێگەکاندا وەفا دەناسێنن. من تاڵانکرام و بوومە پاشماوەکانى زوڵمەت. تۆ مردیت و کلیلەکانى بەهەشتم ون کرد.


پێشکەش بە جوانەمەرگ (دیار)
دیسێمبەرى 2018