هەواڵگری ئیسرائیل: ئێران دەیەوێت لە (ئەلبوكەمال)ی سوریاوە لە ئەمەریكاو ئیسرائیل بدات

جیهان 11/07/2019



سەرچاوەیەكی هەواڵگری ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، ئێران لەناو شاری (ئەلبوكەمال)ی سوریادا فەرمادەییەكی سەربازی دامەزراندووە بەمەبەستی خۆئامادەسازی بۆ هێرشكردنە سەر هێز و ئامانجە ئەمەریكییەكان لە سوریا و لێدانی ئیسرائیل.
ئاژانسی (دیبكا)ی هەواڵگریی ئیسرائیل راشیدگەیەنێت، شاری ئەلبوكەمال-ی نزیك سنورەكانی عیراق، بەووردی لەژێر چاودێری هێزە ئەمەریكی و ئیسرائیلییەكاندایە.
بەپێی راپۆرتەكەی ئەو ئاژانسە، ئێران دەیەوێت شاری ئەلبوكەمال بكاتە فەرماندەییەكی سەربازی فراوان و وەك بنكەیەكی سەربازی دژ بە سزائابووری و نەوتییەكانی وڵاتەكەی بەكاری بهێنێت و لەوێوە بەئاسانی هەركاتێك بیەوێت ئیسرائیل بكاتە ئامانج.
ئاژانسی (دیبكا)ی ئیسرائیلی ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە ئێران لەدەوروبەری شاری ئەلبوكەمال و شارەدێكانی دەوروبەریدا، چەندین موشەكی جێگیری داناوە كە مەوداكانیان مامناوەند و كورتن ، جگە لەوەش سوودی لە باڵاخانەی قوتابخانەو نەخۆشخانەو فەرمانگە حكومییە چۆڵەكان وەرگرتووە بۆ عەمبارو حەشاردانی هەزاران پارچە چەك.
ئاژانسە باس لەوەش دەكات كە ئێران مەشق بەو هێزو لایەنانە دەكات كە پشتیوانی ئێرانن، ئاژانسەكە باس لەوەش دەكات كە حاڵی حازر لە ئەلبوكەمال، بێجگە لە هێزەكانی سوریای  ئەسەد، پێنج میلیشای چەكداری تر هەن كە لەژێر فەرماندەیی حزبوڵای لوبناندان، لەوانەش حزبوڵای عیراق و بزوتنەوەی نوجەبا و بزووتنەوەی فاتمییەكانی ئەفغانستان و بزوتنەوەی زەینەبییەكانی پاكستان.

سەرچاوە: سایتی (روسیا الیوم)