ژنێک دەبێتە سەرۆکی بنکەی روناکبیریی گەلاوێژ

ڕاپۆرت 06/07/2019



مەلا بەختیار:
مرۆڤ لەبواری قەڵەم‌و ئەقڵدا، ئەرشیفەكەی دەبێت بە مەحەك بۆی نەك لافلێدانەكەی!


مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، بەئامادەبوونی سامی هادی، لێپرسراوی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، لەكۆبوونەوەی مەراسیمی گۆڕینی سەرۆكایەتی بنكەی گەلاوێژ،  ئەمڕۆ (6/7/2019) لەگەڵ بنکەی رووناكبیری گەلاوێژ كۆبۆوە. 
لەسەرەتاشدا، دكتۆر نەوزاد ئەحمەد، سەرۆكی بنكەی رووناكبیری گەلاوێژ، هەشت ساڵ كاركردن‌و سەرۆكایەتیكردنی بنكەی گەلاوێژ‌و فێستیڤاڵەكانی، بەمایەی متمانەزانین‌و شانازیی زانی‌و سوپاسی هەموو ئەو رووناكبیرو نوسەرانەشی كرد كە پێكەوەو لەپێناو بەرەوپێشەوەچوونی رەوتی رووناكبیری كوردستاندا پێكەوە كاریان كردووەو وتی: بەتایبەت سوپاسی مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی دەكەم، كە بەگیانێكی دیموكراسی، هاوڕێیانەو رۆشنبیرانەوە مامەڵەی لەگەڵدا كردوین، هەروەك سوپاسی ئاراستەی سامی هادی، لێپرسراوی ناوەندی رۆشنگەری چاودێریش كرد، كە بەدریژایی ئەو ساڵانە هاوكارو یارمەتیدەریان بووەو لەكۆتایی وتەكانیشدا، پاشئەوەی بەداتا سەرجەمی چالاكییە رووناكبیریی‌و فێستیڤاڵەكانی لەماوەی سەرۆكایەتی پێشكەش بەمەلا بەختیار كرد، ئامادەیشی بۆ هەرجۆرە بەردەوامییەك لەپەیوەندیی‌و هاوكاریی لەگەڵ بنكەی گەلاوێژ تەئكید كردەوە.
لەلایەن خۆیشییەوە، سوپاس‌و دەستخۆشی دكتۆر نەوزاد‌و لێژنەی باڵای گەلاوێژی لەهەشت ساڵی رابردوودا كردو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، هەموو ئەو ئەرشیف‌و بەڵگە دۆكیۆمێنتیانەی كۆبوونەتەوە لەمێژوودا جێی دەبێتەوەو بەجوانی یەكە بەیەكەیان دەمێنێتەوە‌و وتی: بەدڵناییەوە مرۆڤ لەهەر بوارێكدا كار بكات، بەتایبەتی لەبواری قەڵەم‌و ئەقڵدا ئەرشیفەكەی دەبێت بەمەحەك بۆی، نەك لافلێدانەكەی! 
لەبارەی كۆی (22) فیستیڤاڵی رابردووی گەلاوێژیشەوە، مەلا بەختیار، رایگەیاند: رۆژێك دێت مێژوونوسەكان، ئەو (22) فیستیڤاڵەی گەلاوێژ بە یەكێك لەگەورەترین شانازییەكانی مێژووی نوێی كوردستان دەزانن لەبواری رووناكبیریدا. چونكە فێستیڤاڵی بەردەوام لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، حكومەتە گەورەكان بەڕێوەی دەبەن. حكومەتیش بۆ ئەو فێتسڤاڵانە ئەوەندەی بۆ حكومەتەكان دەكات، ئەوەندەی بۆ رووناكبیری خۆی ناكات.
راشیگەیاند: كۆبوونەوەكەو ئەو ئاڵوگۆڕانەی دەكرێن، هەتا بەستنی كۆنگرەی گەلاوێژ، تەنها بۆئەوەیە تەوژمێكی نوێ‌ بدرێت بەكارەكان‌و كاری نوێگەری لەستافەكە‌و بەرنامەكانیشدا بكرێن، كە یەكێك لەئەركە گرنگەكان بەستنی كۆنگرە دەبێت، كە هەتا سەری ساڵی نوێ‌ پێویستە رێكبخرێت. 
لەبارەی رێوشوێنەكان‌و چۆنێتی كارەكانیش، مەلا بەختیار، وردەكاری پێویستی لەبارەی چۆنێتی چالاككردنی بنكەی گەلاوێژو ئەو رێكارانەشی پێویستە بۆ كۆنگرەیەك لەئاستی بنكەی گەلاوێژو مێژووەكەیدا بێت، خستەڕوو.
وتیشی: نائامادەیی رووناكبیرییەكی پابەند بەستراتیجی گۆڕانكاری بەگشتی، نەك گۆڕانكاری حزبی‌و ئایدۆلۆژی، لەكۆمەڵ، لەتاك‌و تەنانەت لەفشار بۆ سەر دەسەڵات‌و گۆڕینی سیستەم، بۆ باشتر پەیڕەوكردنی ئازادیی‌و دیموكراسی، بۆ چۆنێتی بونیادنانی كۆمەڵی مەدەنی چاپەمەنییەكی ئێجگار زۆر هەیە، بەڵام بەشێكی كۆی ئەو چالاكیانە ئەوەندەی پەیوەندی بەخودی نوسەرەوە هەیە، ئەوەندە پەیوەندی بەڕەهەندی بیركردنەوەی چۆنێتی بەدیهێنانی گۆڕانكاری لەزهنیەت، پەروەردە‌و باشتر گەڵاڵەكردنی ئەركەكانی هاوچەرخی ئەم سەردەمە بۆ دیموكراسی، ئازادی، مەدەنی، ئازادی قەڵەم‌و هزرو رەخنە نییە، بەو ئاراستەیەی كە دەتوانێت هەر كەسێك بەتاك وەكو نوسەر، هەر گروپێك وەكو گروپ‌و هەر بنكەیەك وەك بنكە، هەر رێكخراوێكیش وەك رێكخراو بەگشتی بە سەربەستی بیروبۆچوون، چۆن بتوانین گۆڕانكاری گەورە لەكوردستاندا بەدیبهێنین.‌و وتیشی:
مێژووی گەشەكردن، پێشكەوتن‌و دیموكراسی، مێژووی فكرە پێشئەوەی مێژوو حزب‌و سیاسەت بێ‌، مێژووی فەلسەفەیە پێشئەوەی مێژووی سەركردە بێ‌، بۆیە كاتێك كە فكرو فەلسەفە، دەتوانێ‌ لەئەركەكانی هەلومەرجەكەو لەوەرچەرخانە مێژوییەكان قوڵبێتەوەو ئەركی خۆی ببینێ‌‌و رۆڵی خۆی بگێڕێت ئەوا ئەوە دەبێتە داینەمۆی چۆنێتی گۆڕانكارییەكان نەك حكومەتەكان چیدەڵێت یان نا!
رونیشیكردەوە: كاتێك بەراوردی مێژوو دەكەم، بەم قۆناغەی پێیدا تێدەپەڕین كە قۆناغی گوزەری دیموكراسییە، هێشتا لەم قۆناغەدا دەستورەكەمان، سیستەم‌و داوودەزگاكانمان‌و تەنانەت پرۆسەی هەڵبژاردن‌و چۆنێتی حكومڕانییەكانمان بەراورد دەكەم، هەستدەكەم كەمتەرخەمییەكی زۆر هەیە لەوەی كە فكر ببێ‌ بەهەوێنی وەرچەرخانە گەورەكانی مێژوومان‌و ئەگەر (25) ساڵی رابردوو بكەین بەپێوەر ئەوا لەو ماوەیەدا هەندێكجار، هەندێك نوسەر، ئەوانەی بەخۆیان دەوت بیرمەند‌و هەندێك كتێب، هەڵوێست، كۆڕو كۆبوونەوە، گۆڤارو رۆژنامە، بەشێكی زۆری بۆچوونەكانیان زیانی بەتێگەیشتن لەئەركەكانی رۆشنبیری ئەم سەردەمە گەیاند‌و! هەندێك سەرەنجام توشی شەوارە بوون لەتێزەكانیان‌و بەشێك لەو كایەی فەلسەفیانەی كە لەچارەكە سەدەی رابردوو ئیشی لەسەر كراوە‌و بەتایبەت هەندێكیان نەزۆك دەرچوون‌و نەكڵۆك بوون بۆ كوردستان‌و نەیانتوانی كاریگەربن بۆ گۆڕانكاریی گەورە.
مەلا بەختیار، لەبارەی بنكەی گەلاوێژیشەوە، تەئكیدی كردەوە كە: بنكەی گەلاوێژ‌و دواتریش دابڕان، چالاكی‌و فێستیڤاڵەكانی جیاوازییەكی ئەوەیە لەناو پرۆسەی گۆڕانكارییەكاندایەو لەدەرەوەی پرۆسەكە گوتارمان نییە‌و وتی: پرۆسەیەك هەیە لەمێژوودا، پێیدەوترێت پرۆسەی گۆڕانكاری‌و دەتوانی لەناویدا بیت‌و شەتەك دراوی دەسەڵاتیش نەبیت، دەتوانیت رەخنەت هەبێت، ئامانجی گەورەی گۆڕانكاریت هەبێت، ئێمەش لەناو ئەو پرۆسەیەداین، كە پرۆسەیەكی حەتمی مێژوییە، نەك پرۆسەیەكی دەستكردی من‌و تۆو ئەو.. 
سەرپەرشتیاری گشتی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد: لەدوای ئەو شەڕو شۆڕی داعش‌و بەدبەختییەكانی هاتنە ئاراوە، ئەو رێژە زۆری قوربانی‌و ئاوارەیە، ئەو هەموو وێرانییەی زیاتر لە لەدە دوانزە هاتە ئاراوە، ئەگەر حزبەكان‌و  حكومەتەكان هەندێكیان، ئەگەر روناكبیرەكان بەشێكیان‌و بنكەو ناوەندەكان‌و یەكێتیەكانی رووناكبیری رابچەڵكێن‌و تێبگەن، لەدوای ئەم تراجیدیایە دەتوانن بەخۆیاندا بچنەوە‌و بەرنامەیەكی تازە دابنێن بۆئەوەی بەراستی داینەمۆی گۆڕانكارییەكان بن‌و سەرەنجام وەرچەرخانە مێژوییەكان بن یان نا، بێگومان دەبێ‌ ئەم پێداچونەوەیە بۆ هەموو تاكێك هەبێت لەبواری ئەقڵ‌و قەڵەم‌و بۆ هەموو بنكەو ناوەندێك هەبێت‌و رونیشیكردەوە:
لەدوای راپەڕینەوە دەتوانین بڵێن: لەپاڵ سیاسەتی رووناكبیری دەسەڵات، رووناكبیرییەكی تریش پەیدا بووە، كە رووناكبیری پێچەوانەی رووناكبیری دەسەڵات بووە‌و هەریەك لەبنكەی گەلاوێژ، رۆژنامەی چاودێرو گۆڤاری مەدەنییەت‌و دابڕانی بەڕێگەی ناڤین ناوبرد، كە نەشەتەك دراوی دەسەڵات‌و نە تەوەلای لەدەسەڵاتیش ناوبرد‌و وتی: ناتوانین بێدەربەست بین بەرامبەر بەوەی نەتەوەیەكی پەنجا ملیۆنی هەیە مافی نییە. بەڵكو دەربەست بوون بۆ سەربەستی نەتەوەیەك، بەشێكە لەئەركە رووناكبیرییەكانی دنیا. چونكە دەربەستبوون بوون لەئۆرۆپا دەوڵەتی نەتەوەی دروستكرد.
لەكۆتایی وتەكانیشیدا، مەلا بەختیار، لەبارەی ئەرك‌و رۆڵی بنكەی گەلاوێژیشەوە بۆ چۆنێتی چالاكییەكانی ئاییندە تێڕوانین‌و بەرچاو روونی زیاتری خستەڕوو، تیایدا تەئكیدی لەگۆڕانكاریی‌و تێزی تازەو بەردەوامی زیاتری رەخنەو فراوانكردنی زیاتری ئاسۆی ئازادییەكان كردەوە‌و سوپاسی هەریەك لەو رووناكبیرو نوسەرانەش كرد كە لەڕێگەی بنكەو خزمەتی رووناكبیریان كردووە‌و بەپێویستیشزانی لەم قۆناغەدا تاقیكردنەوەیەكی تازە بكەن‌و خانمێك ببێتە سەرۆكی بنكە‌و ببینە یەكەمین ناوەندیش كەداهێنانێكی نوێ‌ لەبەڕێوەبردندا دروست بكەین.
هاوكات لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، دكتۆرە ئیبتیسام ئیسماعیل، بەسەرۆكی نوێی بنكە هەڵبژێردرا‌و لەگەڵ ستافی نوێی بنكە، كارو چالاكییەكان‌و ئەركی بەستنی كۆنگرەش دەگرنە ئەستۆ.