نەخۆشی فایبرۆمایەڵجیا چیە؟ نیشانەو چارەسەرەکانی بزانە

تەندروستی 30/06/2019


 چاودێر: تابان رەزا
نەخۆشی فایبرۆمایەڵجیا بریتیە لە بونی ئازار لە ماسولكە و  و جومگەكان و بەستەرەكان، هەروەها بونی ئازاری ماسولكەكان لەكاتی دەست لێداندا، ئەم نەخۆشیە زیاتر لە ژناندا هەیە وەك لەپیاوان، یەكێك لەنیشانەكانی نەخۆشیەكە ڕەق بوونی ماسوولكەكان و بە زەحمەت جوڵانی جومگەكان لە بەیانیاندا، پسپۆڕێكی ئەو بوارەش، دەڵێت"  ئەوانەی توشی ئەم نەخۆشیە دەبن تەمەنیان لە نێوان 19 بۆ 45 ساڵیدایە"
نەخۆشی فایبرۆمایەڵجیا چییە؟
د. هەڤین كەمال ،پسپۆڕی بێهۆشكاری و ئازار شكاندن، ئاماژەبەوەدەكات،  نەخۆشی فایبرۆمایەڵجیا بریتیە  لە كۆمەڵێك نیشانەی هەمەجۆر كە ماسولكە و جومگەكان وبەستەرەكان ئازارێكی زۆریان تێدا دەبێت، لەگەڵ بوونی خاڵی بە ئازار لە نێو ماسوولكەكاندا لە كاتی دەست لێدانا، وە لەكاتی پشكنینی خوێن و تیشكدا هەموو پشكنینەكان و ئەشیعەكانی نەخۆشەكە هەموو ئەنجامەكانی ئاسایین و نۆرماڵن. 
هۆكارەكانی نەخۆشی فایبرۆمایەڵجیا 
ئەو پسپۆڕە، باس لەوەدەكات، تا ئێستا پزیشكەكان هۆكاری ڕاستەقینەی نەخۆشیەكە نازانن،  بەڵام خانمان زیاتر تووش دەبن لە پیاوان،هۆكاری بۆماوەیی،  هەروەها دوای زەبری جەستەیی یان دەروونی ، بە زۆری لەتەمەنی  نێوان ( 19 بۆ 45  ساڵ )دا هەیە ۰
 نیشانەكانی  
د. هەڤین كەمال، رونیدەكاتەوە،بوونی ئازارێكی زۆر لەزۆربەی ماسولكەو جومگەكاندا  و بوونی  ئازاری زیاتر بە دەست لێدان لە چەند شوێنێكی دیاریكراو كە بە خاڵی ئازار وروژێنەر ناسراون، هەروەها ناڕێكی لە خەو و كێشەی نووستن  لەگەڵ بێهێزی و شەكەتی بەردەوام و خەمۆكی و قەلەقی و كەمی تەركیز، هەروەها ڕەق بوونی ماسوولكەكان و بە زەحمەت جوڵانی جومگەكان لە بەیانیان دا و سڕبوون ومیروولەكردنی دەست وقاچ و پەنجەكان ۰
وتیشی، سەرئێشەی بەردەوام یان ناوبەناو وكۆنیشانەی تەهیجی قۆڵۆن، ناڕەحەتی لە كاتی میزكردن دا  وبونی  ئازار لە كاتی سووڕی مانگانەدا لە ئافرەتاندا۰
شێوازی دەستنیشان كردنی 
 ئەو پسپۆڕە، دەڵێت" دەستنیشان كردنی نەخۆشیكە تەنیا لەڕیێ نیشانەكانیەوە دەبێت ، هەندێ جاریش بوونی خاڵی ئازار لە ماسولكەكاندا لەكاتی دەست لێدانا، جگە لەوانە هەموو پشكنینەكانی ئاساییە، بەڵام زۆر گرنگە پشكنینی خوێنی ( CBP ) و غوودەی دەرەقی و ڕۆماتیزمی جومگە بۆ نەخۆش ئەنجام بدرێت "
چۆنیەتی چارەسەركردنی
د. هەڤین كەمال، باسی لەوەشكرد،  گرنگترین خاڵ لە چارەسەركردنی فایبرۆمایەڵجیا پەیوەندی نێوان دكتۆر و نەخۆشەكەیە كە كاریگەریەكی زۆری هەیە لە چارەسەركردنی ئەم نەخۆشیە، چونكە باری دەروونی كاریگەریەكی زۆری هەیە ۰
• چارەسەركردنی نیشانەكان لە ڕێگای دەرمانەوە : 
1. بەدەرمانی ئازار شكێن ( NSAID ) وەك : ڤوڵتارین ، پرۆڤین 
2. دژە پەركەم وەكو گاباپینتین ،پریگابالین ، یەكێك لە هەرە دەرمانە تازەكان ناوی (Savella (milinacipram.
3. بەكارهێنانی دژە خەموكیەكان وەكو (duloxetine)
• چارەسەری سرووشتی :
1. مەساج كردنی قووڵ بۆ ماسوولكەكان.
2. بەكارهێنانی (( هایدرۆپیراپی)) واتە ئاو بۆ نەرم كردنەوەی ماسوولكەكان بۆ نموونە ساونا یاخود وەرزشكردن لەناو ئاودا.
3. وەرزشكردن بە تایبەتی ئەو وەرزشانەی كە ماسوولكەكان خاو دەكەنەوە  ۰
4. دەرزی ئاژەنین.
5. بەكارهێنانی تەزووی كارەبا (TENS).
6. بەكارهێنانی تیشكی سونەر (ultrasound )
7. بەكارهێنانی ئامێری شۆك وەیڤ ...