پێشنیاری بەكارهێنانی ئاردی بۆر لەبری ئاردی سپی دەكرێت

کوردستان 26/06/2019


چاودێر: 

لەبەر زیانە زۆرەكەی بۆ سەر تەندروستی، لە شاری سلێمانی پێشنیار دەكرێت ئاردی سپی و سۆدە لە دروستكردنی ناندا بەكار نەهێندرێت.

لەڕاگەیەندراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانیدا باس لەوەكراوە، ئەمرۆ چوارشەممە 26.6.2019 ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی بە ئامادەبونی لایەنەپەیوەندیدارەكان لەگەڵ نوێنەری نانەواخانە و سەمونخانەكانی سلێمانیدا كۆبووەوە و پێشنیاری بەكارهێنانی ئاردی بۆر لەبری ئاردی سپی و قەدەغەكردنی سۆدە لە دروستكردنی ناندا تاوتوێكرا.


لە كۆبوونەوەكەدا لەڕووی زانستیەوە ئەوەروونكرایەوە بەكارهێنانی "ئاردی سپی" زیان بەتەندروستی هاوڵاتیان دەگەیەنێت و بەكارهێنانی "ئاردی بۆر" لەرووی تەندروستیەوە گونجاوە و هیچ زیانێكی تەندروستی نیە , هەروەها بەكارهێنانی سۆدە لەبەرزیانە زۆرەكەی لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان قەدەغە كراوە.


ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: ئەوەی بەدی دەكرێت لە شاری سلێمانی خواست لەسەر "نانی سپی" زیاترە وەك لە "نانی بۆر" بەڵام لەرووی تەندروستیەوە دەركەوتوە كە نانی بۆر گونجاوترە بۆ خواردن .


لە كۆبونەوەكەدا پێشنیار كرا بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عێراق لەرێگەی ئاشەكانەوە گونجاوترین جۆری ئارد بەرهەم بهێندرێت و لە بازاڕەكاندا بەنرخێكی گونجاو بۆ نانەواخانەو سەمونخانەكان دابین بكرێت, تاكو نانێكی تەندروست بەنرخێكی گونجاو بگات بە دەستی هاوڵاتیان.


هەر پەیوەست بە پێشنیارەكەی قائیمقامیەتی سلێمانی"د.بینای كامەران پسپۆڕی زانستی خۆراك لەبەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی"رایگەیاند: لەرووی زانستیەوە ئەوە سەلمێنراوە كە نانی سپی بەهۆی كەمی ریشاڵەوە زیانی زۆری بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت بە تایبەت بۆ توشبوانی شەكرە و ئەو كەسانەی كە نەخۆشی كۆڵۆنیان هەیە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد پێویستە خەڵك دوور بكەوێتەوە لە بەكارهێنانی  ئاردی سپی بۆ دروستكردنی نان لەبری ئەوە ئاردی بۆر بەكاربهێنن كە بەهۆی بونی ریشاڵی زۆرەوە تێدا گونجاوە بۆ خواردن و هیچ زیانێكی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ نیە , لەبارەی بەكارهێنانی سۆدەش پسپۆڕەكەی خۆراك ووتی: بەكارهێنانی سۆدە لە دروستكردنی ناندا زیانی زۆر بە تەندروستی هاوڵاتیان دەگەیەنێت و پشتیگری بڕیارەكەی قائیمقامیەتی سلێمانی كرد بۆ قەدەغەكردنی سۆدە لە سەمونخانەو نانەواخانەكاندا. 

دەربارەی پێشنیارێكی تری قائیمقامیەتی سلێمانی بۆ بەكارهێنانی زەرفی كاغەز لەبری زەرفی نایلۆن د.بینای كامەران رایگەیاند: بەهەمان شێوە ئەمەش پێشنیارێكی زۆر گرنگ و پێویستە چونكە زەرفی نایلۆن زیانی زۆری دەبێت بۆ سەر تەندورستی هاوڵاتیان لەكاتێكدا نان و سەمونی گەرم لەو زەرفانەدا هەڵبگیرێت.