ئەنگڵس وپێشکەوتنی مەسیحیەت

ڕەخنەی چاودێر 25/06/2019

ئەنگڵس وپێشکەوتنی مەسیحیەت

فەیسەڵ دەڕاج
المارکسیة و الدین
به‌كوردى كردنى: حه‌كيم عه‌بدولكه‌ريم


ئەنگڵس ژمارەیەک لێكۆڵینه‌وه‌ی نووسی کە مێژووی مەسیحیەت و پێشکەوتنی مەسیحیەتی لەخۆ گرتبوو، له‌و نوسینانه‌یدا ئەو مەرجە کۆمەڵایەتیانەی خسته‌ڕوو کەمەسیحیەتی تێدا لەدایک بووە و دواتر وایلێکرد بەگوێرەی پێشکەوتنە کۆمەڵایەتیەکان و ململانێی چینایەتی پەیوەست پێیەوە شێوازگەلێکی تازە وەربگرێت. ئه‌نگڵس وتاری: "برۆنۆ باور و مەسیحیەتی یەکەم"ی نوسی، ھەروەھا وتاری "پەرتوکی وەحی" و "بەشداری لەمێژووی مەسیحیەتی یەکەمدا"ی نووسی. ئەم وتارانه‌، لە گەڵ تێبینیەکانی دیکەی ئەنگڵسدا لە ھەریەک لە "دیالێکتیکی سرووشت" و "لودفیگ فیورباخ و کۆتایی فەلسەفەی کلاسیک"، به‌ ھەموویانه‌وه‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی دەوڵەمەندن بۆ بونیادنانی خوێندنەوەیەکی گشتگیرو یه‌كانگیر و بۆ مێژووی مەسیحیەت و پێشكه‌وتنی، هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی تیۆری پێشكه‌شده‌كه‌ن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌رهه‌ڵدان و پێشكه‌وتنی ئاینه‌كانی دیكه‌ش.


ئەنگڵس دەرکەوتنی مەسیحیەتی سه‌ره‌تایی له‌ كاتی خۆیدا بەدیاردەیەکی شۆڕگێڕانه‌ دەبینێت، کە ده‌ركه‌وتنی وه‌ك ده‌ربڕی ململانێی چینایەتی بووه‌و ھەڵگەڕانەوەیەکی نا ھۆشیاریانەیە دژ بەو جیاوازیه‌ چینایەتیانه‌ی کە به‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگادا باڵاده‌ست بووه‌‌، مەسیحیەت وه‌ك باوەڕییەکی چینایەتی کە ده‌ربڕی خواستی جەماوەری ھەژار و ئارەزویان بووه‌ بۆ تێپەڕاندنی کۆمەڵگای باو و خوڵقاندنی کۆمەڵگایەکی تازە ده‌ركه‌وت، ھەر بۆیە مەسیحیەت –چینایەتیە یان ڕوانینێکی چینایەتی لەخۆ دەگرێت، مەسیحیەت، سەرەڕای شێوە ئاینیەکەی، ناوەڕۆکێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو لەخۆدەگرێت، "مەسیحیەت دەستی بەسەر جەماوەردا گرت وەک ئەوەی کە سۆشیالیزمی ئێستا دەیکات". ھەرچەندە مەسیحیەتی سەرەتایی "ھۆشیار نەبووە به‌ خۆی"، بەڵام ده‌ربڕی "قۆناغێکی تەواو و تازە بووە لە پەرەسەندنی ئاینیدا، دواتر مەسیحیەت گۆڕا بۆ یەکێ لە ڕەگەزە ھەرە شۆڕگێریەکان لە مێژووی هزری مرۆڤایەتیدا". ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە دەرکەوتنی مەسیحیەت خاڵێکی گرنگی دروستکرد لە مێژوودا کە مانیفێستۆكردنێكی ناھۆشیارانەی ململانێی چینایەتیە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتیانەی کە بەڕێوەن  و ھەڵگری ناکۆکی و دوژمنایەتی چینایەتین، گومانی تێدا نیە کە ئەم ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتیانە لەخۆیاندا ھۆکاری گۆڕانگاری بوون لە ناوەڕۆکی مەسیحیەتدا و دوای سێ سەدە مەسیحیەتیان گۆڕی بۆ ئاینی دەوڵەت، واته‌ بۆ ئاینی چینی سەردەست، ئەم چینە سەردەستە زۆرجار بیری جەماوەر هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌ و دووبارە پێشنیازی دەکاتەوە دوای ئه‌وه‌ی  ناوه‌ڕۆكه‌ شۆڕگێڕانه‌كه‌ی له‌ بارده‌بات به‌ گۆڕینی ئاماژه‌ چینایه‌تیه‌كانی.
ئەم ھەڵوێستەی ئەنگڵس لە جێبەجێکردنی ماددیەی مێژووییه‌وه‌ دێت لە ناو کایەی ئایندا، بنەمای مەسیحیەت مرۆڤە، و گۆڕینی ناوەڕۆکەکەی ویستێکی خودایی نایسه‌پێنێت، بەڵکو پرۆسەی ململانێی چینایەتیە، لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینی بە مەسیحیەتیشەوە لەبازنەی زه‌ویدا ئه‌نجامده‌درێت به‌ پێکھاتەو ماتریاڵە کۆمەڵایەتیەکانیەوە.
ئەوەی پەیوەندی بە مەسیحیەتی سەرەتاییەوە ھەیە ئەنگڵس جیاکاریەک دەکات لە بونیادیدا، ھۆکاری دەرکەوتن و پێشکەوتنی لە دوو فاکتەردا ده‌بینێت: هزر لە لایەکه‌وه ‌و زەمینەی چینایەتیش لەلایەکی دیکەوە "ھێزە کۆمەڵایەتیەکان".
ئەوەی پەیوەندی بە بیری مەسیحیەتەوە ھەیە، ئەنگڵس لای وایە کە دەگەڕێتەوە بۆ سێ دەستەواژە: مافی ڕۆمانی، فەلسەفەی یۆنانی، ئاینی یەھودی، ئەم سێ دەستەواژەیه‌ بنەمای تیۆری مەسیحییان پێکھێنا دوای ئەوەی کە کەوتنە ژێر ھەمواری مێژوویه‌وه‌. مافی ڕۆمانی گۆڕا بە مافی جیھانی، گه‌ردوونی، بە ھۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕۆمانیه‌كانه‌وه‌، بەڵام فەلسەفەی یۆنانی نەگۆڕا بۆ سەرچاوەی مەسیحیەتی سەرەتایی، ھەتا دوای بڵاوبوونەوەو ئاسانكاریكردن تێیدا، بەڵام ئاینی یەھوودی نه‌چووه‌ نێو مەسیحیەتەوە تا ئەو کاتەی کە تایبه‌تمه‌ندیه‌ نەتەوەیه‌كه‌ی لێکرایەوە.
ئەو ھێزە کۆمەڵایەتیانەی کە بوون بەمەسیحی و باوەڕیان پێھێنا، كه‌ جەماوەری میللی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی بوون، ئاینی مەسیحیەتیان پاڵ پێوەنا بۆ شانۆی کۆمەڵایەتی. بەم شێوە مەسیحیەتی سەرەتایی کارێکی جەماوەری بوو، دەربڕی بزووتنەوەیەکی شۆڕگێرانه‌ی مەزن بوو‌، ده‌ربڕی خواستی ھەژاران و بێبەشەکان و چەوەسەکان بووه‌، نەک بزووتنەوەیەک بێت لە دەرەوەی مێژودا یان فاڵگرتنه‌وه‌یه‌ك بێت کە ھەندێک لە فەیلەسوفەکان دایانهێنابێت.
مەسیحیەت دەربڕینێكی ڕه‌سه‌نی واقیعه‌ مێژوویه‌كه‌یه‌تی، له‌ لایه‌كه‌وه‌ پێکھاتە ھزریەکانی‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بنچینه‌ ماددیەکەیه‌تی، لە لایەکی تریشه‌وه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پێویستیە مێژوویەکەیه‌تی، مه‌سیحیه‌ت بنەچەی ھزری ئامادەکراوی دۆزیوه‌ته‌وه‌، بەڵام ئەم بنەچانه‌ پێویستیان بە داڕشتنەوەیەکی تازە ھەبووە بۆ ئەوەی وەڵامدەرەوەی خواست و چاوەڕوانیەکانی جەماوەربێت. مافی ڕۆمانی لە کۆمەڵگایەکدا ھەبووه‌ کە بەرھەمھێنان  بەشێوەیەکی گشتی - شێوەیەی کاڵایی-وەرگرتووە، کە ئه‌مه‌ش پەیوەندی نێوان بەرھەمھێنەران دروستدەکات، واتە بازرگانی دروست دەکات لە نێوان مرۆڤەکاندا، مرۆڤێک ئاڵوگۆڕ لەگەڵ مرۆڤێکی تردا دەکات. بۆیە مرۆڤ وه‌ك تاك هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر چی ئه‌مه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی په‌تیش بێت. هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌وه‌ مافی ڕۆمانی چەمکی مرۆڤی په‌تی "ئەبستراکت"ی بەخشی بەمەسیحیەت. مەسیحیەت چەمکی یەک خواوەندی، نه‌مری ڕۆح لە فەلسەفەی یۆنانی بە تایبەتی فەلسەفەی فیلۆنی یەھودی و فەلسەفەی ڕەواقیەکان وەرگرت، ھەروەھا لە یەھودیەتەوە ڕێنماییه‌ گشتیه‌كان و ئاراسته‌كردنه‌كانی بۆ مرۆڤ وەرگرت، پاش ئەوەی کە بەرگی تایبەتمەندی دەستەبژێرانه‌ و دیاریكراوی لەبەر داکەنرا و مۆرکێکی مرۆڤانه‌ی گەردوونی پێدرا. بەم شێوەیە لەمەسیحیەتی سەرەتاییدا چەمکی مرۆڤی ئەبستراکت (په‌تی) و تاک خودای لە چوارچێوەی گەردونیەتیەکی گشتگیردا بەیەک گەشتن .
مەسیحیەتیش وەک ھەر تێگەشتنێکی دیکە بۆ جیھان به‌ ڕه‌هایی جێگیر نیه‌، مەسیحیەتیش ملكه‌چی پێشکەوتنی شێوازه‌كانی بەرھەمھێنان و شێوەی ململانێی چینایەتیه‌. بۆیە ئەنگڵس ئەم قوناغانەی خوارەوەی لە مێژووی مەسیحیەتدا جیادەکردۆته‌وه‌:
1-بەمەسیحیکردنی ئیمپراتۆڕیەت، مه‌سیحیه‌ت ‌ شێوه‌ی ئێمپڕاتۆریه‌ت وه‌رگرت.
2-مه‌سیحیه‌ت له‌ شێوه‌ ده‌ره‌به‌گایه‌تیه‌كه‌یدا.
3-گومانگه‌را‌كان (اللاوثوقية- عدم الوثوقية)ی مەسیحیەت لە سەدەکانی ناوەڕاستدا وەک ناکۆکی ململانێی چینایەتیه‌.
4-چاکسازی بۆرجوازی بۆ مەسیحیەت.
5-نامەسیحی بوونی پڕۆلیتاریا، ( واته‌ وازھێنانی پڕۆلیتاریا لە مەسیحیەت).
ھەر قۆناغێک لەم قۆناغانە دەربڕی دابەش بوونی کاره‌،  واته‌ جیاكاری و ململانێی چینایەتی.
قۆناغی یەکەمی مەسیحیەت وه‌ك فەرمانێکی خودای ڕەھا نەھات، بەڵکو وەک پرۆسەیەکی مێژوویی ھێواش کە بەدیھێنەری پێداویستیەکانی جیھانی ڕۆمانی _ یۆنانی بووه‌.  مەسیحیەت جەختی لەسەر مرۆڤی په‌تی کردۆته‌وه‌، مامەڵەی لەگەڵ مرۆڤ کردوە بەبێ گوێدانە ڕەنگ و پێگە کۆمەڵایەتیه‌كه‌ی، بەم جۆرە داوای یەکسانی نێوان خه‌ڵكی كردوه‌ له‌ گه‌ڵ یه‌كدا، خەڵکی ھەمووی وەک یەکن لە ھەموو بوارەکاندا، ھەموویان کوڕی خودان، یەکساندەبن لەبەردەم خودادا، ھەموویان له‌ سروشتیاندا یه‌كسانن، ئەو سروشتە مرۆییەی نیشانه‌کراوە بە هه‌ڵه‌ بنچینه‌یه‌كه (الخطيئة الاصلية)‌‌. ئاراستەیەکی لەم جۆرە بۆ مرۆڤی په‌تی بوارێکی فراوانی بۆ خولقاند لە ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانیدا لەو کاتەدا کە ئەم ئیمپڕاتۆریەتە لە لیواری کەوتن و داڕوخاندا بوو، دوای ئەوەو بە ھۆی ئەم هۆكارانه‌وه‌ گۆڕا، بۆ ھێزێکی جەماوەری به‌رفراوان، کە یونان و ڕۆمان وبەربەر و ئازادو کۆیلەکان، خەڵکانی ناوخۆو بێگانەکان باوەڕیان پێھێنا.
ئەم ھێزە جەماوەریە لە گەڵ بڵاوبوونەوەی ھزری مەسیحیەت و دۆخە بابەتیەکەی ئیمپراتۆریەت پاڵی بەئیمپراتۆر كوسته‌نتین(قسته‌نتینه‌)ه‌وه‌نا مه‌سیحیه‌ت قبول بكات له‌ پێناوی بەدەستھێنانی ئامانجە دوورەکانی، مه‌سیحیه‌تی وه‌ك ئامرازێكی نمونه‌یی بینی بۆ دەست بەسەرداگرتنی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی بەبێ ڕکابەر.
ئەم ئاڵوگۆڕە مێژوویەی کە لە ئاینی مەسیحیدا ڕویدا، واتە گواستنەوەی لە ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ دەسەڵات، به‌خۆڕایی نه‌بوو، بەڵکو گۆڕانێکی خسته‌ نێو ناوەڕۆک و ئاماژە چینایەتیەکەیەوە. ئەوە بوو لە سەرەتادا داوای یەکسانی و دادپەروەری خەڵکی دەکرد و داوای له‌ ناوبردنی زۆرداری دەکرد، واتا ناوەڕۆکێکی چینایەتی ھەبوو، بەڵام دوای گەشتنی بەدەسەڵات ئەم ناوەڕۆکە چینایەتیە گۆڕانی بەسەردا ھات و بوو به‌ ناوه‌ڕۆكێكی ڕۆحانی، ناچینایەتی. لە قوناغی یەکەمدا جیاکاری لەنێوان چەوساوە و چەوسێنەردا دەکرا. بەڵام لەقوناغی دووەمدا، واته‌ قۆناغی ده‌سه‌ڵات، وایلێھات جیاکاری لە نێوان باوەڕدار و کافردا ده‌كرا، ئیدی بنەمای ئۆپۆزسیۆن بوون لە نێوان باوەڕدار و بت پەرست، و نێوان مەسیحی و هه‌رته‌قیدا بوو.
ھاوپەیمانیەتی نێوان ئاینی مەسیحی و سیاسەتی كوسته‌نتین ئەم ئاینەی گەیاندە قۆناغێکی نوێ: قۆناغی ئیمپڕیالیەت، (واتە ئەم ئاینە وەک ئایدۆلۆژیای کەرتێکی گەل یان جڤاکێکی ناو گەل نه‌ما، بەڵکو بوو بە  ئایدۆلۆژیای ھەموو ئیمپڕاتۆریەت).
وەک دەزانین کە ئاین، وه‌ك بەشێکە لە سەرخانی کۆمەڵایەتی، بە گۆڕان و سازانی ژێرخانی کۆمەڵایەتی ئەویش دەگۆرێت و ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا دێت. شێوازی بەرھەمھێنانی ده‌ره‌به‌گی کە ناسراو بوو به‌ باڵادەستی ڕەھای ده‌ربه‌گی لەسەر زەوی و باڵاده‌ستی پادشا وه‌ك سێبه‌ری خوا له‌ سه‌ر زه‌وی، جارێکی دیکە مه‌سیحیه‌تی بەشێوەیەکی نوێ دروستکردەوە، کە بوو بە مەسیحیەتێكی ده‌ره‌به‌گانه‌ یان بەمەسیح بوونی فیودالی. مەسیحیەت بەشێوە ده‌ره‌به‌گانه‌كه‌ی ده‌ربڕینێكی نمونه‌ییه‌ له‌ سەردەمی ده‌ره‌به‌گیدا بەو پێکھاتە ئابوری و سیاسیەیه‌وه‌، بەتایبەت سەردەمی ده‌ره‌به‌گی هه‌ماهه‌نگی و هاوپه‌یمانی تەواو هاتبووه‌ ئاراوه‌ لە نێوان کەنیسەو دەوڵەتدا، کەنیسە و چینی باڵادەست، خودا فەرمانڕەوای هه‌موو جیھان بوو، لەکاتێکدا پادشا فەرمانڕەوای کۆمەڵگا بوو. ھەر بۆیە، قەشەکان تێكۆشانیان كرد بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم شێوازه‌ لە مەسیحیەت، کە دەسەڵات لە جیھان و کۆمەڵگادا دەگەڕێنێته‌وه‌ بۆ خودا و بۆ پادشا. ئەم ھەوڵەیان بۆ بەھێزکرنی پێگە کۆمەڵایەتیەکەیان شتێک نەبوو جگە لەوەی کە لەھەمانکاتدا ھەوڵ بوو بۆ بەھێزکردنی پادشاو پاساو ھێنانەوە بۆ باڵاده‌ستی ئه‌و، "كاهنه‌كان باڵاده‌ستیان به‌ سه‌ر ڕۆشنبیری زه‌یندا سه‌پاند، ڕۆشنبیری له‌ گه‌وهه‌ریه‌وه‌ خەسڵەتێکی ئاینی پێدرا، ئیدی سیاسەت و یاسادانان لەدەست پیاوانی خودا (كاهنه‌كان)دا مایه‌وه‌، وەک ھەموو زانستەکانی دیکە، تەنھا وەک دوو لق لە لقەکانی زانستی خودایی (لاھوت) دانران،  بۆیە گەران و لێکۆڵینەوە تێیاندا وایلێھات کە ده‌بوو به‌ گوێرەی ئەو پرنسیپه‌ سەپێنراوانە بێت کە لە زانستی لاهوتدا په‌یڕه‌وییان لێده‌كرا. به‌مشێوه‌یه‌ بڕواکانی کەنیسە بووبوون بە ئەو ڕاستیە چەسپاوانەی کە ھیچ  گفتوگۆ یەک ھەڵناگرن و بوون به‌ سیاسه‌تی بڕیار لێدراو، ئیدی دەقەکانی كتێبی پیرۆز تایبه‌تمه‌ندی یاساییان وەرگرت لەبەردەم ھەموو دادگاکاندا. کاتێک کە چینێکی سەربەخۆ لە یاسادانەران دروست بوون، یاسادانان بۆ ماوەیەکی درێژ لەژێر ڕکێفی لاهوتدا مایه‌وه‌. بۆیە ھەژموونی لاھوتی بەسەر ھەموو کایەکانی ھزردا، دەرەنجامێکی پێویستی دۆخی کەنیسە بوو، کە پێکھاتەی گشتگیرتر بوو لە کۆنتڕۆلی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و سزاکانی".
مەسیحیەت بەھۆی پاساوهێنانه‌وه‌كانی و به‌یاسایكردنی هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی دەربەگایەتی گۆڕا بۆ ئاینی دەوڵەت، ئاینی چینی سەردەست. بەڵام "کەنیسەی کاسۆلیکی ڕۆمانی" بوو بە "ناوەندێکی گەورەی جیھانیی بۆ دەرەبەگایەتی".
دوای ئەوەی مەسیحیەت بوو بە "مەسیحیەتی ده‌ره‌به‌گایه‌تی" کۆمەڵێک ڕەوتی تازە لە دایک بوون، ڕەوتی گومانگه‌راكان-نادڵنیاكان (لاوثوقية‌)، واته‌ ھەڵگەڕاوەکانی دژ بە کەنیسە، ئەو ڕەوتانە کەملکەچ نه‌بوون بۆ کەنیسەی فەرمانڕەوا لە ھەموو ھەرێمەکاندا. سه‌رهه‌ڵدانی ئەم ھەڵگەڕانەوە نائاینیانه‌، ڕەنگدانەوەی کۆڵەواری جەماوەری مەسیحیەت بوو، وەک شێوەیەک لە ململانێی چینایەتی کە لە چوارچێوەیەکی ئاینیدا ڕوودەدات. جەماوەرە ھەژارەکە فەرمان و ڕێنمایەکانی کەنیسەیان ڕەتکردەوە و بە لادان و خیانەتیان دانا لە مەسیحیەتی ڕاستەقینە، بۆیە ئەم جەماوەرە داوای گۆڕینی ڕێنماییه‌كانی کەنیسەیان دەکرد، بەڵام ئەم ھەڵگەڕانەوە دژ بە کەنیسە ھەڵگەڕانەوەیەکی ڕۆحی - ئاینی نەبوو، ئەم ھەڵگەڕانەوە لەناوەڕۆکیدا ھەڵگری مانا و ئاماژە کۆمەڵایەتیەکان بوو: کەنیسەیان ڕەتکردەوە وەک ئەوەی پاساوە بۆ بەکارھینانی خراپی کەنیسە و چەوسانەوە و ھاوپەیمانی چینی سەردەستی چەوسێنەر. به‌مشێوه‌یه‌ ئه‌و بزووتنەوە ھەڵگەڕاوە نائاینیە هه‌وڵێك بوو بۆ چاكسازی كۆمه‌ڵایه‌تی، هاوكاتی ئه‌وه‌ش چاکسازی ئاینیش بوو. ئەگەر چاکسازیه‌‌ ئاینێكه‌ ڕووکەش بێت، ئەوا چاکسازی کۆمەڵایەتی کرۆک و گه‌وهه‌ره‌كه‌ی بوو.
ھۆشیاری ململانێی چینایەتی یان ناھۆشیاریه‌كه‌ی، بە ئاستی پێشکەوتنی ھێزەکانی بەرھەمھێنان دیاریدەکرێت. ململانێی کۆمەڵایەتی لە سەردەمی ده‌ره‌به‌گایه‌تیدا لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا ڕویدا بە ھۆی سستی پێشكه‌وتنی کەرەستەکانی بەرھەمھێنانەوە. ھەموو ناکۆکیە کۆمەڵایەتیەکان لەو سەردەمەدا لە چوارچێوەی ئاینیدا بووە، و ئاین پەردەیەکی ڕوونی تەنکی ئەو ململانیە چینایەتیەی پێکهێنابوو. ئیمانداری چەوساوە کەنیسەی ھاوپەیمانی ده‌ربه‌گه‌كانی بە تاوانبار و به‌ بەلادەر لە ئاین دەزانی، واتە (پەردەپۆشی چەوسانەوەی دەکرد)، لە کاتێکدا کەنیسە ھەڵگەڕاوه‌ یاخیبووه‌كانی بە گومڕابوون "هرطقة" تاوانباردەکرد. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ دەگەیەنێت کە گومڕاكان وه‌ك ناووناتۆره‌یه‌كی لاھوتی له‌ گه‌وهه‌ردا هیچ نه‌بوو جگه‌ له‌ ناووناتۆریه‌كی چینیایه‌تی. گومڕایی "هرطقة" مانای دەرچوون لە ڕینمایەکانی ئاین ناگەیەنێت، بەڵکو دەرچونە لەو یاسا کۆمەڵایەتیانه‌ی کە بە ستەم و بەکارھێنانی خراپ دەناسرێنەوە، بۆیه‌ لە کۆتایدا گومڕایی تایبه‌تمه‌ندییه‌كی شۆڕشگێڕانه‌یه‌.
گومڕایی یان گومڕابوون "ھەرتەقە" لەسەردەمی ده‌ره‌به‌گایه‌تیدا شێوازی جۆراوجۆری وەرگرت کە دەرخەری تایبەتمەندی ھەموو مەرجە کۆمەڵایەتیەکان و شێوەی ململانیەیی چینایەتی بووە:
ا- ھەرتەقەی پاتریاركی: دەربڕی ھەڵگەڕانەوەی شوانکارەکان بوو (له‌ ئه‌ڵپ) دژ بەو ده‌ره‌به‌گانه‌ی کە دزەیانکردبووە ناویانه‌وه‌.
ب- ھەرتەقەی شاری: دژ بەری نێوان شار و ده‌ربه‌گایه‌تی بوو، وەک ھێرشی بۆرجوازیەت دژ بە کەنیسەی پشتگیر لە دەسەڵاتی سیاسی.
ج- ھەرتەقەی جوتیاران: ئەمەیان دژ بە کەنیسە لە لایەک و لەلایەکی دیکەشه‌وە دژ بە بۆرجوازیەت بوو.
ھەرتەقەی جوتیاران و دانیشتوانی سادەی شارەکان لە ناوەڕۆکیدا جیاواز بووە لە ھەرتەقەی بۆرجوازیی، ھەمیشە پەیوەندی ھەبووە بە ڕاپەڕینەکانەوە، ھەرتەقەی جوتیاران زۆر زیاتر لە ھەرتەقەی بۆرجوازی ڕۆشتبوو "بێگومان داخوازیەکانی ھەرتەقەی بۆرجوازی تیدابوو كه‌ تایبەت بە پیاوانی ئاینی و پاپاکان و زیندووکردنەوەی دەستوری یەکەم و سەرەتایی کەنیسەی تێدابوو، به‌ڵام مه‌به‌ستی زۆر زیاتر له‌وانه‌ بوو. ویستی بۆژاندنەوەی یەکسانی لای مەسیحیەتی سەرەتایی ھەبوو لەنێوان ئەندامانی کۆمەڵدا، و ئەم مه‌رجانه‌ش به‌ پێوەری کۆمەڵگای مەدەنی داده‌نرێت".
ئەوەی جێگەی وەبیرھێنانەوەیە ھەندێک لە ئەم ھەرتەقانە ئامانجیان ئەوەبوو کە مەملکەتی خوا لەسەر زەوی به‌ هێزی چه‌ك دروستبکەن، بۆیە دەگۆڕان بۆ یاخیبوونی چەکداری. گومانی تێدا نیە کە بزووتنەوەکەی "تۆماس مونزڕ" کە شێوەیەکی ئاینی ھەبوو پردێکی دروستکرد لە نێوان ھزری خوایی لەلایەک و بێباوەڕ و کۆمۆنیزم لەلایەکی ترەوە. مونزڕ مژدەی بە ھێزی عەقڵ داو پەرتوکی پیرۆزی كه‌ گوایه‌تاکە وەحی بێگەردی دابەزیوو بێت ڕەتدەکردەوە، ئه‌و ده‌یگوت، وه‌حی ڕاسته‌قینه‌ی زیندوو عه‌قڵه‌- وه‌حێكی له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ هه‌بووه‌ له‌ لای هه‌موو گه‌لان.
 "مونزڕ" مژده‌هێن و سه‌ركرده‌یه‌ك بوو بۆ شۆرشێك كه‌ ئامانجی گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی بوو. ئه‌نگڵس له‌مڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت: "مه‌زه‌به‌ سیاسیه‌كه‌ی له‌ گه‌ڵ ئه‌و چه‌مكه‌ ئاینیه‌ شۆڕشگێڕیه‌دا یه‌كیده‌گرته‌وه‌، و په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌ باوه‌كانی تێده‌په‌ڕاند. هه‌روه‌ك چۆن لاهوته‌كه‌ی له‌ بێباوه‌ڕی نزیك بووبوه‌وه‌، به‌رنامه‌ سیاسیه‌كه‌شی له‌ كۆمه‌نیزم نزیك بوو‌ بوه‌وه‌".
ھەموو ئەو ھەرتەقە (گومڕایه‌) جیاوازانە كاریگه‌ریان دانا لە سەر مەسیحیەت و شێوەیەکی تازەیان پێ بەخشی کە گونجاو بێت لەگەڵ  دەرکەوتنی کۆمەڵگای سەرمایەداری و داواکاریەکانیدا.
بەھاتنی دەرکەوتەکانی سەرمایەداری سێ چاکسازی له‌ ناو مه‌سیحیه‌تدا كرا: چاکسازی ئەڵمانی لە سەدەی شازدەھەمدا، و چاکسازی ئینگلیزی لە سەدەی حەڤدەھەمدا، دواتر چاکسازی شۆڕشی مەزنی فەرەنسی لە سەدەی ھەژدەھەمدا.ئامانجی چاکسازی دواهه‌مینیان بەدەستھێنانی سەربەخۆییه‌كی گه‌وره‌تر بوو بۆ بۆرجوازیەت و جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەت، لە گەڵ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ ئازادی تاک و ھێزی عەقڵ، بەجۆرێک کە ئەم دوو دەستەواژەیه‌ی دواییان ڕەھەندی سیاسی لەخۆدەگرن کە ئاسانکاری لە بەردەم پێشکەوتنی بۆرجوازیەت ده‌كه‌ن له‌ هێرشیدا بۆ سەر پادشا، کە لە لایەن کەنیسەی خۆسەپێنەوە پشتگیری دەکرێت. بۆ له‌رزاندنی پایەکانی کەنیسەی خۆسه‌پێن دەبوایە جەختی لە سەر بەھای عەقڵ بکردایەتەوە، بۆ لێدانی پایەکانی سیاسەتی خۆسەپێن ئەوە پێویست بوو کە جەخت لەسەر ئازادی تاک بکرایەته‌وه‌، ئازادی تاک لە کڕین و فرۆشتن لە بازاڕی سەرمایەداریدا.
سیستەمی سەرمایەداری به‌ خراپ بەکارھێنان (الاستغلال) و به‌ ڕیشەکێشكردنی جیهانی ڕۆحی و ماددیی بنەماکانی ڕه‌تکردنەوەی ئاین و کەنیسەی دامەزراند، واتە مەرجە بابەتیەکانی دەربازبوونی لە کۆتەکانی جیھانی وەھمی ھێنایه‌ ئاراوە، و ڕۆشت دژ به‌ جیهانێك کە بە به‌دبه‌كارهێنان (الاستغلال) دیاریکرابێت. لەسەرەتادا ڕەتکردنەوەی هۆكاری ئاین و خواوەند ڕەتکردنەوەیەکی ڕۆحی و تیۆری نەبوو، ئەوەندەی کە ڕەتکردنەوەی گەوھەری کەنیسە بوو کە پشتگیری پرۆسەی به‌دبەکارھێنان وچەوساندنەوەی دەکرد. کرێکار وایلێھات کە لە جیھانێکی ماددیدا ده‌ژیا، جیھانی کڕین و فرۆشتن، و کۆڵەواری و بێکاری ناچاری ده‌كرد چارەسەری کاروباری بژێوی خۆی لە سەر زەوی بكات نەک لە جیھانی ئاسمانه‌كاندا، ھەر بۆیە کرێکار گەشتە بێباوەڕی (الالحاد) بەخودا لە ڕیگەی ئەرک و کاری ڕۆژانەیەوە، نەک لە ڕیگەی نکۆڵیکردنێکی ئەکادیمیانەی - عەقڵانی له‌ خواوەند، پرۆسەی کاری ڕۆژانە، و پرۆسەی به‌دبەکارھێنان  وا لە کرێكار دەکات خۆبەخۆ سەربکێشت بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی پیرۆزیەکان، بەجۆرێک سەختی مەرجە ماددیەکان وایکرد بە بێ ھەوڵێکی زۆر دوربکەوێتەوە لە وابەستە بوون به‌ جیھانی ئاسمان و بنەماکانی کەنیسەوه‌. بێباوەڕی بەخودا لای کرێکاران لە ئەنجامی بڕیار یان ڕێنماییه‌ك یان تیۆرێکی ئامادەکراو نەبوو،   بەڵکو ھەلقوڵاوی ژیانی کرێکار خۆیەتی کە بنەمایەکی بابەتی دروستکردوە بۆ داماڵینی پیرۆزی لە پیرۆزیەکان.
دیالێکتیکی مێژووی وەک چەمکێک بۆ تیگەشتن لە جیھان هات کە ڕەنگدانەوەی مەرجەکانی ژیانی چینی کرێکار و چەمکه ‌په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌ بەیەک جیھانەوە: ئه‌ویش جیھانی زەویه‌، بێباوەڕی زانستی وەک بەشێکی ھاوتوێی لە گەڵ تیۆری مارکسیەتدا ھاتووە، نەک وەک  بێباوەڕییەک دژ بە خواوەند و پیرۆزیەکان، بەڵکو بێباوەڕییەکی تێکۆشەرانە دژ بەو مەرجانەی کە ئاین بەرھەم دەھێنێت، ھەروەھا دژ بە ڕۆڵی ئاین لە شاردنەوەی ململانێی چینایەتیدا. مارکسیەت داوای ڕزگاری ھۆشیاری ئاینی نەکردوە، بەڵکو داوای ڕزگاری ھۆشیاری كردوه‌ له‌ ئاین.
ڕەتکردنەوەی پڕۆلیتاریا بۆ ئاین ھەڵوێستێکی مەعریفی، تیۆری نیە بە تەنھا، به‌ڵكو لە ھەمان کاتدا ھەڵوێستێکی، سیاسی، ھەروەھا کرداریشه‌، مارکسیەت ئەو مەرجانە دەخاتە ڕوو کە ئاین لێیەوە دروست دەبێت و گەشەدەکات، لە ھەمان کاتدا  پێویستی ھەڵوەشاندنەوەی تێگەشتنی ئاینی دەکات بۆ گەشتن بە قۆناغێک کە ئاین بە تیۆری و کرداری رەتبکرێتەوە، واته‌ ئەو مەرجانە ڕەتدەکاتەوە كه‌ ئاینیان دروست كردوه‌، واته‌ مەرجەکانی به‌دبەکارھێنان.