نەخشەڕێگەی مەلا بەختیار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی
ئێوارەی رۆژی (8/6/2019) لەشاری فرانكفۆرتی ئەڵمانیا، كۆمەڵەی كلتوری كوردو ئەڵمان، سیمینارێكی بۆ مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، بەناوی (بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو چارەنوسی كوردستان) بەئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لەرەوەندی كوردی لەو وڵاتە، بەڕێوەبرد.
لە بەشێکی سیمینارەکەدا مەلا بەختیار ئاماژەی بە کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کردو جەختیکردەوە کە لەم کاتە هەستیارەی ناوچەکەی پێدا تێدەپەڕێت، کورد دەبێت کێشەکانی تێپەڕێنێت و خۆی بۆ ئەگەرەکان ئامادە بکات.
لەوبارەیەوە زیاتر وتی: ئێمە لەدۆخێكی ئاوا شڵەژاودا كە جەنگ ببێ لێكەوتەكانی بەجۆرێكەو ئەگەر جەنگیش نەبێ لێكەوتەكانی بەجۆرێكی ترە، بۆیە دەبێ ئێمە بۆ روودانو روونەدانی جەنگ پرسیاری جۆراوجۆرمان هەبێتو وەڵامەكانیشی لەسیاسەتی ئێمە دەبێ حازر بن. لەكوردستان ناكۆكییەكانی تێبپەڕێنینو داخوازییەكانیش چەندە رەوابن، نابێ ببنە كۆسپ بۆ ئەوەی ئەم دۆخە تێبپەڕێنینو خۆمان بۆ هەموو ئەگەرەكان ئامادەبكەین. چونكە خۆمادەكردن بۆ هەموو ئەگەرەكان زۆر گرنگترە لەوەی ئەمڕۆ دەستكەوتێك وەردەگریت یان سبەی، هەربۆیە لەلای من حیكمەتی مام جەلال دەخوات، كە لەساڵی (1998) بروسكەیەك بۆ كاك مەسعود دەكاتو دەڵێت: جەناب من سبەی میوانی جەنابتم. دوو ئۆتۆمبێل لەگەڵ خۆی دەباتو دەچێتە شەقڵاوەو پاش نانخواردن دەڵێت: كاك مەسعود یارمەتی هەیە بچینە ژوورەوە من و تۆ دوو قسە بیكەین؟ دەچنە ژوورەوەو هەمووی سێ چارەكی نەبرد، هاتنە دەرەوەو لەو كاتەوە تا ئێستا پەیوەندی یەكێتیو پارتی كە تێكناچێت، هۆكارەكەی ئەو رێككەوتنەیە! ئەگەرنا هۆكارەكانی تێكچوونی ئێمەو پارتی ئێستا، زیاترە لەو هۆكارانەی ساڵی (1994) كە تێكچووین، بەڵام كەلتورێكمان، نەریتێكمان، ئەخلاقێكمان لەشەڕنەكرن لەنێوان خۆماندا داهێناو ئەمەش زۆر گرنگە. بۆیە گەورەترین تاوانە ئەم نەریتو كەلتورو ئەخلاقە تێكبدەین. بەهەر پاساوێك بێ، دابەزاندنی ئەخلاقی سیاسیمانە، لەئەخلاقێك كە بەدیمانهێناوە بەخۆشبەختانە، بێین خراپی بكەین، بە بەدبەختی خراپی بكەین. كە ئەمەش زیانێكی ئێجگار گەورەی لێدەكەین. بۆیە دەبێ زۆر لەخۆبوردەبین. چونكە بەشبەحاڵی خۆم، نە ئەقڵییەتی حاكمییەتی پارتیم قبوڵەو نە موزایەدەی هەندێكی ناو یەكێتیم قبوڵە. چونكە تەنها واقعبینی لەسیاسەتدا دروستە، بەداخیشەوە كەممان لەبەردەستماوەو زۆرمان لەدەستدا. رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئێستاش ئامادەیە ئێمە ئەوكاتە كەمەی لەبەردەممان ماوە بیقۆزینەوە. ئەگەر قۆستمانەوە لەئاستی لێپرسراوێتیداینو ئەگەر نەشمان قۆستەوە، ئەوا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەكو شەمەندۆفێرەكە بەجێماندەهێڵیێ و هەلەكە تێدەپەڕێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە: ئومێدێك لەم وڵاتو ئەو وڵات دەبینم، كە ئەو سیاسەتی رابردوو لەلایەن ئەم حكومەتانەوە، گۆڕانكاری بەسەردابێت. بەڵام ئومێد نابینم ئەم حكومەتانە هەموویان بگۆڕدرێن، بەداخەوە. بەڵام هاوكێشەكە وادەبینم، كە ئەم حكومەتانەش خەریكە تێدەگەن كە لەپەنجا ساڵی رابردوو سیاسەتی هەڵەیان كردووەو ئەم سیاسەتی سەركوتكردنە ناتوانێ دەستەبەری چارەنوسیان بكات، وایدەخوێنمەوە كە چاكسازی دەبێت، لەوڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تریش رێژەكەی زیادو كەمدەكات. چونكە ئەگەر رووداوی گەورە روونەدات، ئەوا ترس لەڕووداوی گەورە وایانلێدەكات بەخۆیاندا بچنەوە! پێویستیان بەوەیە بۆ ئەوەی ئەم مەترسییە سەرهەڵنەداتەوە، جەبهەی ناوخۆیانو هەندێ گیروگرفتو كێشە چارەسەر نەكراوەكان، چارەسەر بكەن. چونكە باوەڕم وا نییە هەر لەخۆیانەوە، كە رێگەیان نەدەدا دە ساڵ كەس سەردانی جەنابی ئۆجەلان بكات، بەڵام ئێستا دەچن سەردانی دەكەنو گوتارو بەیاننامەی دێتە دەرەوە، هەروەها لەخۆڕاش نییە ئەمریكاو فەرەنسا لەرۆژئاوانو دەوڵەتێكی ناتۆش داوا دەكات بكشێنەوە، ناكشێنەوە! لای خۆشمان لەخۆڕا نییە ئێستا پشتیوانییەكەی گەورە دەكرێینو دەوڵەتە گەورەكانو هەرێمایەتییەكان لەناوماننو دەرگای فراوانتریشمان بۆ دەكرێتەوەو راشیگەیاند:
ساڵانی ئاییندە گۆڕانكاریی روودەدات، خۆ ئەگەر گۆڕانكاری بەئاراستەی راپەڕین رووبدات، وەك چۆن لەجەزائیرو سودان رویدا كە ئەوەش یەكێكە لەئەگەرەكانو هەموو ئەوانە لەئارادان، ئەوا بەخۆشمانەوە، كە لەكوردستان ئەگەر گەندەڵی چارەسەر نەكەین، میللەت رازی نەكەینەوەو متمانە نەگێڕینەوە، ئەوا هیچ دەستەبەرێك نییە، ئەو میللەتە تاسەر ئەم گەندەڵیو بەدبەختییەش لەكوردستان قبوڵ بكات.