پێش جەژن مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەش دەكرێت ؟

ئابوری 29/05/2019

چاودێر
هەرچەندە رۆژی دووشەممەی رابردوو، رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم رایگەیاند، دەست بەدابەش كردنەوەی مووچەی مانگی ئاداری ئەمساڵ دەكەن، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (چاودێر)، جگە لەوەزارەتی پێشمەرگە و پەروەردە تاوەكو دوای جەژن، مووچەی هیچ شوێنێكی تر دابەش ناكرێت.

 
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمەوە، تایبەت دراونەتە (چاودێر) وەزارەتی دارایی جگە لەمووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و پەروەردە، مووچەی شوێنەكانی تر ڕاستەوخۆ دوای جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز دابەش دەكات.

هەر بەپێی زانیارییەكان، هۆكاری ئەوە پەیوەندی هەیە بەوەی كە هێشتا حكومەتی ناوەند، هیچ بڕ پارەیەكی بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەناردوە و ئەو پارەیەشی كە ئێستا وەزارەتی دارایی مووچەی پێ دابەشدەكات لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دابینكراوە و بەشی مووچەی ئەو دوو وەزارەتە دەكات.

زانیارییەكانی (چاودێر) ئاماژە بەوەشدەكەن، دوای جەژن سەرەتا مووچەی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی تەندروستی دابەش دەكرێت، پاشان مووچەی وەزارەت و دەستەكانی دیكە.

رۆژی دووشەممە رابردوو، رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم، لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، وتی "پێش جەژن دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكەین. بەڵام ئێمە تاوەكو ئێستا هیچ پارەیەكمان لەبەغداوە بۆ نەهاتووە كە بتوانین هەموو مووچەكان بدەین و بەو بڕە پارەیەی لەبەردەستماندایە پێش جەژن دەست بە دابەشكردنی دەكەین".