حكومەتی هەرێم داهاتەكەی خۆی نادیارەو بودجەكەی بەغداش لەمەترسیدایە

ڕاپۆرت 27/05/2019

 
چاودێر:
ئەمڕۆ ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی "ئەو موچانەی لە بەغداوە بەپێی بودجەی 2019ی و پشكی هەرێم بۆمان هاتووە دوو موچەی بە پاشەكەوت و مووچەیەكی بێ پاشەكەوتی ساڵی ڕابردووی 2018مان پێ دابەشكردووە".

ئەم لێدوانەی وەزیری دارایی و ئابووری كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، چونكە موچەی ئەو سێ مانگەی ساڵی 2018ی ڕابردوو كە دوو مانگی بە پاشەكەوت و مانگێكی بەبێ پاشەكەوت بە بودجەی 2019ی عیراق دابەشكراوە، هەنگاوێكی نایاساییە.

بە ڕای شارەزایانی ئابووری،  پێویست بوو مووچەی سەرجەم مانگەكانی ساڵی 2018 بەپێی بڕیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2016 بۆ پاشەكەوتكردنی بەشێكی مووچە و بڕیارێكی دیكەی حكومەتی هەرێم بۆ كەمكردنەوەی بڕیاری پاشەكەوت لە ساڵی 2018 دوای ناردنی بڕی 317 ملیار دینارەكەی عیراق دابەشبكرایە لەگەڵ داهاتەكانی نەوت و نێوخۆی هەرێم.

بەپێچەوانەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هاتنی بودجەی 2019ی عیراق بۆ هەرێم دابەشكردنی موچەی بەپێی سیستمەكەی پێشووی خۆی كە (117 ملیارەكە و داهاتەكەی خۆی بوو) ڕاگرت و موچەی بە بودجەی 2019ی عیراق موچەی دابەشكرد دوو مانگ بە پاشەكەوت و مانگێك بێ پاشەكەوت، ئەمەش لە حسابی مانگەكانی 2019.

بەبۆچوونی شارەزایانی ئابووری، حكومەتی هەرێم بۆ ڕێككردنەوەی دابەشكردنی مووچە پێویستبوو لە مانگی یەكەوە بودجەی بەغدای مانگانە بەبێ پاشەكەوت دابەشكردایە، موچەی سێ مانگەكەی 2018ش هاوكات مانگانە، یان بە چەند مانگێك لەسەر داهاتی ناوخۆ و نەوتی هەرێم دابەشبكردایە، یان بیخستایەتەسەر مووچە پاشەكەوتكراوەكانی دیكە.

بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چەواشەكردنی خەڵك و فەرمانبەران تێكەولێكەی بە بودجەی بەغدا كرد و درێژەی بە قەیرانی مووچە دا، كە ئێستا كۆتایی مانگی پێنجی 2019 یە و تەنها دوو مووچە دابەشكراون، ئەم قەیرانەش بەردەوامی دەبێت.

ئەمەش بە هەنگاوێكی نایاسایی لێكدەدرێتەوە كە موچەی 2018 بە بودجەی 2019 دابەشكراوە، چونكە یاسای بودجە بۆ ساڵێكە، لەوبارەیەوە غالب محەمەد پەڕلەمانتاری عیراق سكاڵای لەسەر حكومەتی هەرێم لە بەغدا تۆماركردووە لەسەر دیارنەمانی موچە نێردراوەكانی بەغدا و ناوبراو لە ڕاگەیەندراوێكیشدا دەڵێت "خەرجكردنی بودجەی 2019 بۆ مووچەی 2018 پێشێلكردنی یاسایە".
هەروەها دەشڵێت "كە پێشتر حكومەتی هەرێم گوتویەتی سێ موچە لە بەغداوە هاتووە، بەڵام ئێستا وەزیری دارایی دەڵێت پێنج موچە هاتووە".
 
بەپێی هەندێك زانیاری ناردنی بودجەی عیراق لە دوو لایەنەوە مەترسی لەسەرە، یەكێكیان ڕاگرتنیەنی تائەو كاتەی ڕووندەبێتەوە حكومەتی هەرێم ئەو پارەیەی چیلێكردووە، كە نێردراوە بۆ هەرێم و نەدراوە بە فەرمانبەران، ئەمەش پڕۆژەی ژمارەیەك پەڕلەمانتاری عیراقە، بۆیە حكومەتی هەرێم ناچاربووە ئەمڕۆ كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی سازبكات و لە چەند ڕۆژی ئایندەشدا لیست و حساباتی خەرجكردن و دابەشكردنی موچە بۆ بەغدا دەنێرن.

لەلایەكی دیكەوە بەپێی چەند سەرچاوەیەكی عیراقی، مەترسی دووهەم لەسەر بودجەی هەرێم هەیە، ئەویش بریتییە لە ناردنی پێنج مووچە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم، بەڵام تا ئێستا هەرێم پابەند نەبووە بە ڕەوانەكردنی نەوت لە ڕێگای كۆمپانیای سۆمۆی عیراقییەوە، ئەمەش شەپۆلێكی ناڕەزایەتی لە نێو حكومەت و پەڕلەمانی عیراقدا دروستكردووە و خەریكە دەشكرێتە ڕایگشتی كە هەرێم بوودجەی بەغدا دەبات بەبێ ئەوەی نەوت ڕادەستی بەغدا بكات.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو یاسای بودجەی نەبووە و بەشێوەیەكی ناشەفاف بودجەی خەرجكردووە، پاساوییشی بۆ ئەوە شەڕی داعش، بڕینی بودجەی بەغدا، دابەزینی نرخی نەوت بوو، بەڵام ئێستا ئەو پاساوانە هیچی نەماون، كەچی حكومەتی هەرێم ئامادەنییە یاسای بودجە ئامادە بكات.

لەلایەكی دیكەوە داهاتی نێوخۆ ڕووی لە زیادبوونە، داهاتی نەوت بۆ هەرێم دەگەڕێتەوە، بودجەش لە بەغداوە ساڵێكە دێت لە 2018 بە بڕی 317 ملیار و ساڵی 2019 بڕی 522 ملیار دینار، ئەوەی دیارە تەنها دابەشكردنی دوو مووچەی ساڵی 2019یە.

هاوكات سەرجەم پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان پەكیان كەوتووە بەتایبەت ڕێگەوبانەكانی ناوەوە و دەرەوەی شارەكان، حكومەتی هەرێم پاڵپشتی سووتەمەنی بۆ نەوتی ماڵان و بەنزین ناكات، دامەزراندن لە كەرتی گشتی دەستیپێنەكردووەتەوە، پێشینەكان لە هاووڵاتیان وەردەگرێتەوە، بەڵام بۆ هاووڵاتیانی دیكەی خەرج ناكات.

بۆیە شارەزایانی ئابووری پێشبینی دروستبوونی قەیرانێكی دیكەی قوڵی دارایی دەكەن لە حاڵی بەردەوامبوونی حكومەتی هەرێم لە سەر ئەم سیاسەتە داراییانەی ئێستای، بەتایبەت لە حاڵی بڕین یان ڕاگرتنی بودجەی عیراقدا، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم پێش ئەوەی ڕەوشەكە زۆرتر خراپ بێت، هەنگاوەكانی چاكسازی دەستپێكات.