کاتێک بیر لە پارە دەکەینەوە

ڕەخنەی چاودێر 17/05/2019

شاڵاو حەبیبە

با بە باسێکی بەڕێز مەجیدی هاوڕێم دەست پێ بکەم. هاوسەرەکەی هۆڵەندییە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لەم ساڵانەی دواییی ئێمەی کوردەکاندا باس باسی بێپارەیی و بێمووچەیی بوو، فێر بووە، بە لاساییی کورد بڵێت: (پاغە نییە، پاغە نییە.) تەقریبەن ئەمە تاقەوشە، یان یەکێک لەو دەگمەن وشە کوردییانەیە کە فێری بووە. لێرەدا شتەکە پێکەنینئامێز دەردەکەوێت، بەڵام جارێک لە سوید، کاتێک ڕۆی ئەندرسۆن فیلمی (کۆترێک لەسەر لقێک هەڵنیشتووە و بیر لە بوون دەکاتەوە) و جارێکیش لە تورکیا، کاتێک نووری بیلگە جەیلان فیلی (دارهەرمێی کێوی) دروست دەکەن، دەبینین ڕاستییەکەی: کاتێک پارە نییە، تەقریبەن هیچ شتێکی تر نییە. ئەمەیش  ناکرێت گاڵتە بێت.

بەر لە هەموو شتێک، ئێمە بە نەبوونی پارە، دڵخۆشیمان لە دەست دەدەین و پاشان ترس هەڵماندەگرێت، بەڵام ئیش دەتوانێت لەم دۆخە ڕزگارمان بکات، کاتێکیش ئیشەکە وەک پارەکە دوورەدەست دەبێت، ئەوکات بێپارەیی/بێئیشی دەبنە مۆتەیەک کە چێژەکانی دیکەی ژیانمان لێ دەستێنن. هەمیشەیش ناتوانییت خۆت بخەیتە پەنای کەسێکەوە. بێپارەیی بە ئاسانی دەتوانێت چێژکوژ بێت. کەواتە: کاتێک بیر لە بێپارەیی دەکەینەوە، ڕاستییەکەی بیر لە هیچ شتێکی دیکە ناکەینەوە، چونکە دۆخی بێپارەیی بە ئاسانی توانیویەتی دۆخەکانی تر بکوژێت. مرۆڤ بیر لەوە دەکاتەوە لەمە ڕسواییتر بوونی نییە. بۆیە ئاسایییە لەم کاتانەدا خەیاڵی مرۆڤ بۆ خۆکوژی بچێت. تۆ لە کاتی تەماشاکردنی ئەم دوو فیلمەدا، کاتێک (سینان)ـی نائومێد لە فیلمەکەی نووریدا و کاتێک دوو فرۆشیارە گەڕۆکەکەی ئەندرسۆن دەبینیت، ئاسایی بیر لەوە دەکەیتەوە هەموو ئاماژەکان بەرەو خۆکوشتن دەچن. لە دارهەرمێی کێویدا بە دیمەنێک خۆکوژیی سینان دەبینین کە پاشان دەزانین ئەمە تەنیا وێنەکێشانی بیرکردنەوەکانی ئەو بووە. لێرەدا نووری بیلگە جەیلان دەیەوێت ئومێدێک بخاتە ڕوو؛ سینان لە بری خۆکوژی دەست بە هەڵکەندنی بیرەکەی باوکی دەکات، سەرەڕای ئەوەی هەرگیز بە ئاو نەگەیشتووە و تەنانەت باوکی وازی لە بیرۆکەکە هێناوە.

فیلمەکەی جەیلان بە هیوا کۆتایی دێت. ئێمە ئینسانەکان لە بێپارەیی، بێئیشی و بڕوانامەی بێکەڵکدا دەبینین و ڕێک ئەو کاتەی پێمان وایە ساتی خۆکوژییە، چڕوچاوی هیوا دەردەکەوێت. وشەی چڕوچاو بەکار دەهێنم لە بری ڕووخسار، چونکە هێشتا پێم وا نییە بیرەکە بە ئاو بگات، بەڵام لێرەدا هونەر و ئەدەبیات بۆ بەردەوامی هانمان دەدەن. ڕاستە بیرەکان وشکن و زەوییەکان ئاودەر نین، بەڵام ئێمە دەبێت لە هەڵکەندن بەردەوام بین.

بێپارەیی لای ئەندرسۆن وەک کەرەستەیەک بۆ هونەر لە ئاستێکدا بەرچاوە تەنانەت چووەتە چیرۆکی منداڵەکەشەوە، وەک بڵێت، ئێمە کە چاو دەکەینەوە لەگەڵ ئەم باسەدا ئاشنا دەبین تا دەگاتە ئەوەی ڕۆژێک خۆمانیش تێی دەکەوین- وەک ئەو دوو فرۆشیارەی دەیانەوێت کەرەستەی پێکەنینهێنەر و دڵخۆشکەر بفرۆشن، بەڵام هەوڵەکەیان پووچە و ئەم پووچییەیش لە ڕووخساری خەمگینی خۆیاندا دەبینین. ئەمە تاقەئیشێکە ئەوان بتوانن بۆ پارەپەیداکردن بیکەن و ڕێک ئەو کارەیشە هیچ لێی نازانن، بەڵام ئەوکات هیوابڕاوتر دەبین، کاتێک دوو فرۆشیارەکە لە شکستەکەیان دڵنیان و هێشتایش بەردەوام دەبن. لەولایشەوە دوکاندارێک دەبینین کاتێک هەڕەشەی لێسەندنەوەی ئەم کەلوپەلە بێکەڵکانەی لێ دەکرێت؛ دەست بە گریان دەکات. ئەمە جۆرێکە لە دۆخڕاهاتن. کەسەکان بەم دۆخەی تێی کەوتوون ڕاهاتوون و ڕێگەیەکی تر شک نابەن، یاخود ڕێگەیەکی تر بوونی نییە، چونکە بە درێژاییی فیلمەکە دەبینین دۆخی کەسەکان خراپتر دەبێت و تەنانەت هەست بەوە دەکەین پیر دەبن، بەڵام ئەوان هێشتا هەر لەسەر ڕێگە کۆنەکەی خۆیانن. ئەمە چیرۆکی ئینسانە لە هەوڵە پووچەکانیدا، کە کتێبەکانی بە حەوت ڕێگە ببە بە میلیۆنێر، سەرهاتەکەی گاڵتەجاڕانەتر دەکات. لای ئەندرسۆن مرۆڤ بە سەختی نووساوە بە هەوڵە پووچەکانییەوە، لانیکەم لای جەیلان شتێکی دڵخۆشکەر هێشتا ماوە، سینان خەریکی کتێبنووسینە، بەڵام کاتێک پرسیاری خۆشەوستیی لێ دەکرێت وەک بڵێی (کەی کاتێتی) وەڵام دەداتەوە. کەواتە هیچ هیوایەک بۆ ئینسان هەیە یان نا؟ ئەندرسۆن لە دیمەنی پەنیرفرۆشەکەدا هەوڵی تاقیکردنەوەی هیوایەک دەدات، لانیکەم بۆ یەک ڕۆژ، پەنیرفرۆشەکە ڕوو دەکاتە ئێمە و دەڵێت: (ئەمڕۆ هەست بە میهرەبانی دەکەم،) بۆ فلیمێکی ڕۆی ئەندرسۆن ئەمە قسەیەکی دڵخۆشکەری مەزنە، لێ کاتێک سەرنجی پشتی دیمەنەکە دەدەین، شاگردەکەی دەبینین، کە ئەویش تەماشای ئێمە دەکات و بە ئاماژە تێمان دەگەیەنێت: کە عەقڵی تێک چووە. لە دوو شوێندا ئەندرسۆن ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێمەدا قسە دەکات: کاتێک هیچ هیوایەکمان بۆ ناهێڵێتەوە، کاتێک پیاوێک خەریکی ئیشێکە، کە قسەکانی خۆی ئاماژەن بۆ ئەوەی هیچ لێی نازانێت. مەسەلەکە بە ڕای من ئەوە نییە کە ئینسان لە شوێنی هەڵە وەستاوە، بەڵکوو دۆخەکە بەو ئاراستەیەیە کە شوێنێک/دۆخێک نەماوە هەڵە نەبێت.

کەواتە ئەمەیە چارەنووسی مرۆڤ، یان هەوڵی نابەکام بدات و بیری وشک هەڵبکەنێت، یان هیوادار بمێنێتەوە، ئەگەرچی ئەمە خەڵەفاوی بێت. ئەندرسۆن ڕاستەخۆ سەیری بینەر دەکات، چونکە ئێمە بۆ ئەو کێشەیەکی گەورەین. یان بە درێژاییی مێژوو ئامێرئاسا مرۆڤمان سووتاندووە و چێژمان لە زایەڵەی سووتاوەکان بینیوە، یان فڕێ دراوینەتە شوێن و دۆخگەلی هەڵەوە و هیچ شتێکمان پێ ناکرێت.    

بەڵام بە گەڕانەوە بۆ پرسیارەکەی سەبارەت بە خۆشەویستی لە سینان دەکرێت، دەبێت بپرسم: چما خۆشەویستی (وەک وزەیەکی مەزن) ناتوانێت وەک هەبوونی پارە- دڵگەرمکەر، دڵنیاییبەخش، یاخود بە لەبەرچاوگرتنی هەوڵدان بۆ ئیش و پارەدەستکەوتن؛ داهاتوومسۆگەر بێت؟ بێگومان ناتوانین وەڵامێکی لۆژیکی بۆ ئەم پرسە بدۆزینەوە، چونکە خۆی لە خۆیدا منیش هەوڵی تاقیکردنەوەی هیوایەکم دا. بێگومان هەرگیز خۆشەویستی ناتوانێت جێی پارە بگرێتەوە، ئاسایی گاڵتەجاڕانەیە ئەگەر بتەوێت بۆ نموونە ئۆتۆمبیلێک بە بڕی هەژدە هەزار خۆشەویستی بکڕیت، هەڵبەت ڕەنگە لە داهاتوودا مرۆڤ هێندە خراپتر ببێت کە ڕێگەیەک بگرنە بەر کە چاکەخوازی یان چاکەکاری بتوانن حساب‌بانکییەکەت ببەنە سەرێ، هەڵبەت ئاوایش ئینسان هەوڵی جددی نادات. بەهەرحاڵ، ئێستا زۆرن ئەو کتێب و فیلمانەی لەم جۆرە قسانە (خۆشەویستی لە بری پارە) دەکەن و هەواداریشیان لە بینەرەکانی ئەندرسۆن و نووری بیلگە جەیلان زۆرترن. هەڵبەت من کێشەیەک لەوەدا نابینم کە مرۆڤ هیوادار بمێنێتەوە، ڕەنگە ڕوانینی منیش هەر ئەمە بێت، بەڵام ئەوکات بۆ خودی ئەو مرۆڤە دەبێتە کێشە، کە ببینێت گاڵتەجاڕێک زیاتر نەبووە.

زۆر ساڵ پێشتر، ١٩٨٥، لە فلیمی (ئاژاوە)ـدا، ئەکیرا کورۆساوا، دروست لە دیمەنی کۆتاییی فیلمەکەدا کوڕێکی نابینامان لەسەر هەڵدێرێکی زۆر بڵند نیشان دەدات، کە خوشکەکەی گەڕاوەتەوە تا شمشاڵەکەی بۆ بهێنێت و ئەویش لەو بەرزییە نائاشنایە چاوەڕوانیەتی، بێئاگا لەوەی خوشکەکەی کوژراوە و چاوەڕوانیی ئەویش لەو شوێنە دوور و تەریکە بێسوودە، نە دەتوانێت بگەڕێتەوە، نە هەنگاوێت بچێتە پێشەوە. ئەمە تاریکترینی ئەو دۆخەیە کە ئێمە تێی کەوتووین. مرۆڤ بۆ ئەوەی خۆی لە لێواری هەڵدێرەکەدا ببینێت ڕاستییەکەی پێویستی بەوە نییە وەک شمشاڵژەنەکە بچێتە سەر بەرزییەکان، مخابن خزمەتگوزاریی ئەوە هەیە هەر لە نزمایییەکانیشدا هەڵدێرەکە ببینێت. گرنگتر لە هەمووی: ئێمە لە ڕۆژگارێکداین کە تێیدا فریادڕەس مردووە، کەچی ناچارین چاوەڕێی بکەین.

وەک کۆتایی: ڕاستە پاغە نییە، جیهانیش ئێمەی ناچار کردووە ژیانی خۆمان لەمەدا کورت بکەینەوە، بەڵام لە لێواری هەڵدێرەکەدا.