سێ پەنجەرە سەبارەت بە "لە دایکبوونی دووەم"

ڕەخنەی چاودێر 14/05/2019

ئیسماعیل گەردی

پەنجەرەیەک بۆ ڕۆح
ئەم ڕۆمانە بارگاوییە بە تێزێکی عیرفانیی قووڵ، گەر درووست بێت لێرەدا دەڵێین زمان وەک (زمانی گێڕانەوە) (زمانی شیعری) کەمتر ڕۆڵی وازی دەبێت بۆ وەسفکردنی ئۆبژەکان. لێرە دەچینە ناو گەشتێکی درێژدادڕ بۆ ناو چۆڵەوانییەکانی ڕۆحی مرۆڤی مۆدێرن. مرۆڤانێک کە لە ئێستادا سەرمایەداری هەموو ئاراستەکانی ژیانیانی هاڕیوە، هەمیشە مژووڵن بۆ پڕکردنەوەی غەریزەکانیان. کەچی ئەو زەخیرە کپکراوەی ناوەوەی خۆیان بێئاگا لە شوێنێک لێ بەجێماوە، عارفێک لەو گەشتە بە ڕێگاوەیە کۆمەڵێک کەرەستەی تەسەوفی بە شانەوەیە. دەیەوێت پاکمان کاتەوە لە بوون بە کاڵا. چاوەکانمان بشواتەوە لە غەریزە. بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەگەر پێمان وا بێت مرۆڤ لە ژیاندا یەکجار نامرێت، ڕۆژانە بە شێوەی جیاواز و لە شوێنی جیاواز و بە جۆری جیاواز دەمرێت. دەبێت بڕوا بەوەش بێنین ئێمە لەگەڵ ئەو لە دایکبوونە فیزیکییە (کە زۆریش پێی ناڕازین) چەندین جاری تریش لە ژیاندا لە کاتی تر لە دایک دەبینەوە، بە تایبەت کاتێک وەک ڕووبارێک لە شوێنێکدا شەپۆلمان نامێنێت و بێدەنگ دەبین، دواتر لە شوێنی تر و کاتی تر هەڵدەستینەوە و بەردوام دەبین لە ڕۆیشتن. لای "پێشڕەو عەبدوڵڵا " دوای ژیانە فیزیکییەکە (مرۆڤ کاتێکی تر لە شوێنێکی تردا بۆ جاری دووەم لە دایک دەبێتەوە، ئەویش کاتێک ڕۆحی ئەو بوونەوەرە گەورە دەبێت و لە خۆی تێ دەگات و دەزانێت چی دەوێت و بە شوێن چییەوەیە. لا ۲۹) بە دیوێکدا ئەم گوتارە جیاواز لە دیدی فەیلەسووف و عاریفناس (ماستەر ئێکهارت)ـە. لە شوێنێک خوێندمەوە ئێکهارت پێی وایە؛ (مرۆڤ ئەوکاتە لە دایک دەبێتەوە کەوا دەگاتە هەژاریی ڕۆح و دابڕانێکی موتڵەقەوە، لە شتەکان هیچی نەوێت و هیچ نەزانێت و هیچی نەبێت) واتا لای ئێکهارت (هەژاریی) ڕۆڵێکی سنێتڕاڵی پێ دراوە. بەڵام هەژاری لێرەدا بەو مانا سادە و ڕووتە نا کە خاوەنی هیچ نەبیت، بەڵکوو بەو مانایەی خۆت لە هەموو جۆرە خاوەندارێتییەک پاک بکەیتەوە. هیگڵیش لە "فینیۆمینۆلۆجیای ڕۆح" بۆ چوونە ناو فەلسەفەی شتەکان پێی وایە دەبێت بە ڕۆحدا تێپەڕین، لە شتەکاندا ڕۆڵی ڕۆح بەرجەستە بکەین. ئەم بەرجەستەکردنی ڕۆحە بە دیدی  "پێشڕەو عەبدوڵڵا" لای نووسەران نابینرێت، ئەوەتا دەڵێت: (نووسەر و فەیلەسووفەکانی تر لەبەر ویسکی و ڕامکردنی کچۆڵە و دەسەڵات و پایە نەیاندەتوانی ئەو جێگا قووڵە لە ناخی خۆیاندا بدۆزنەوە. گەورەترین خەمیان لە پێکی ویسکیەکاندا لێ بزر دەبوو.لا ۲۲) تەنانەت لە شوێنێکی تردا دەڵێت نووسەرەکان ئەو ڕۆحە مێینەیەی لە ئافرەتدا هەیە، زیاتر کاڵی دەکەنەوە و دەیکوژن. تەنانەت بەوەش ناوەستێت دێت ڕەخنە لە کتێبەکان دەگرێت.(زانیم ئەو کتێبە پیسانە چ ژەهرێکیان تێدایە، زانیم زوو فریای خۆم نەکەوم دەرم دەکات، تەڵاقم دەدا و لەسەر شەقامەکان خۆم دەبینمەوە. هەر جارەی کتێبێکی نوێی دەهێناوە ماڵێ فیتنە و بەڵایەکی دیکە یەخەی دەگرتین. لا ۸۱) نووسەر لێرەدا دەیەوێت وەک پەیامبەر و فریادڕەسێکی مێ خۆی وێنا بکات، ڕێگاکانی بۆ دادەڕێژێت، بە جۆرێک لە جۆرەکان وا وێنا دەکرێت (گەر ئەو نەبێت، گورگەکان مێیینەکان دەخۆن!)
لێرەدا مەعریفە و کتێب وەک چەکێکی خەتەرناک و خۆکوژی بۆ ئافرەت وێنا دەکات، لە دواتردا دەبێت بە ڕق لە داخی لێسەندنەوەی ئەو ماچ و باوەشە گەرمانەی نێوانیان کە دەیان کرد،(ئێستا لێی سەندراوەتەوە) لێرەدا ڕوڵی ئەو کارەکتەرەی سارتەر بە زەقی دەبینین کاتێک لە شانۆی "دەرگا داخراوەکان" دەڵێت دوزەخ ئەوانی ترن. لێرەدا دۆزەخ بە دیدی ئەم نووسەرەکانی ترن کاتێک وەک کەر کەوتنە لوشکەهاوێشتن، بردیانە تاقی ئاسمان. کردیانە ڕابەر و پێش خۆیان خست تا لە دواوە لە سمت و ڕانەکانی بڕوانن! ۸۲

پەنجەرەیەک بۆ عەشق
عەشق لەو کتێبەدا دیوێکی عیرفانیانەی بە بەردا کراوە (من ئێستا عاشقم، بەڵام عاشقی پایان نا، عەشقی چاو و گەردەن و باڵای نا، من عاشقی ئەو ڕۆشناییەم لەناو ئەودا دەدرەوشێتەوە. لا ۳۰۲) ئێمە لە دنیادا بە کۆمەڵێک ئەزموونی عەشقدا تێدەپەڕین، کەسانێکمان هەر زوو لە (یەکەم نیگاوە)  خۆشدەوێت و عاشقیان دەبین. ژیانیان فیدا دەکەین، وەک جوتیارێک دەچینە ناویان و بەر هیچ شتێکیان ناکەوین، تا هەڵیانکۆڵین. دەردەکەوێت ئێمە (عاشقی وێنەکانیان) شوێنێکی ڕووخساریان بووین نەک خودی کەسەکان و ئەو ڕۆشناییەی لە ناویاندایە. لەم ڕۆمانەدا ئێمە بەر وێنەی کەسەکان ناکەوین، عاشقی وێنەی کەسەکان نابین. بەو تۆخیە (سەبارەت بە ڕووخساری کارەکتەرەکان) شتێکی وا نابینین. عاشقی ئەو تروسکاییە دەبین کەوا لە ناویاندا دێتە دەرێ، ناشزانین ئەو تروسکاییە بۆ کوێ دەچێت! (کەسی عاشق بۆ ئەوەی لە ڕۆحی مەعشوق تێ بگات،  دەبێت وەک "ئۆدیب پاشا" سەرەتا چاوەکانی دەربێنێت. بە چاوی سەر/جەستە لە مەعشوق نەڕوانێت. ئینجا هەوڵی تەفسیرکردنی چوونە ناو ئەو عەشق بدات.) گرنگیی ئەو عەشقە لێرەدا ئەوەیە سەرەتای بەرکەوتنی "پایان و گوڵناڤ" جەستە فڕێ دەدرێتە دەرەوەی نێوان ئەو پەیوەندییەوە، بۆ یەکەم جار کاتێک پایان لە ژوورەکەی خۆیدا لە هۆتێل سەر لەسەر ڕانی گوڵناڤ دادەنێت و لەگەڵ نقوومبوونی چیرۆکەکاندا پایان دەست بۆ مەمکی گوڵناڤ دەبات. گوڵناڤ خۆی تێک نادات دەڵێت "با ئاگامان لە سنوورەکان بێت!" لەوێدا سەتمە و وەئاگابوونێک وازی دەبێت. هەر لەوێدا جەستە لە سەرەتای ئەو یەکتربیننە فڕێ دەدرێتە دەرەوەی ئەو پەیوەندییە. پێچەوانەی پەیوندیی کەسانی تر کەوا لایەنەکان لە سەرەتادا لەبەر شەرم و ترسێک بۆ دابڕان هەمیشە لە هەوڵی چەپاندنی غەریزەکانیاندان. تا ڕۆژبەڕۆژ ئەو غەریزەیە لە ناویاندا گەورە دەبێت و لەناکاو وەک بۆمبێک دەتەقێتەوە. لەگەڵ ئەو تەقینەوەیە عاشق و مەعشوق پارچەپارچە دەبن وەک دوو ڕاستەهێڵ لێک دەکشێن و بە یەک نامۆ دەکرێن. "بەختیار عەلی "ـیش لە شوێنێک دەڵێت (با هاوڕێ بین، عەشق هەموو شتەکان تێک دەدات) لە تێڕوانی "بەختیار  عەلی"ـشدا شوێنێک هەیە کۆتاییە، خاڵی پچڕانی ئەو پەیوەندییە "درۆیینە"یە. کە لەژێر ناوی هاوڕێیەتی شاردوومانەتەوە. لەگەل دەرکەوتن و ئاشکرابوونی غەریزەکان، ئیدی ئاشنایەتیی ئەو دوو مرۆڤە تێک دەچێت، ئەو دوو جانەوەرە لێک دادەبڕێن بۆ ئەبەد یەکتر بە نەفرەت دەکەن!

پەنجەرەیەک بۆ دووری
دووری وەک شوێن نەک وەک مەودا ڕۆڵێکی ئەکتیڤی هەیە، لە بەردەوامیی پەیوەندیی نێوان ئینسانەکان. ئەمەش پەیوەندیی بەوە هەیە (دووری لە شوێنێکدا زیاتر دەبێت بە بزوێنەری خەیاڵ. بە جۆرێک لە جۆرەکان لە مەحاڵ و خەونەوە نزیک دەبێتەوە وەک بەختیار عەلی لە" ناشوێن"ـدا شتێکی وا دەڵێت.)
(ئەزانی بیر لەوە دەکەمەوە ئەگەر من و تۆ بە یەکەوە بین، دەبێت لە یەکتر بێزار بین؟ ڕاستت دەوێت، بەڵێ بێزاریشی تێ دەکەوێت و بگرە دابڕانیشی تێ دەکەوێت. چونکە ئێمە بوونەوەرێکین سەر بە چوار ماڵین ئەوانیش؛ جەستە و عەقڵ لە لایەک دەروون و ڕۆحیش لە لایەکی تردا، هەریەکە لەوانە لە هەوڵی خۆ بردنە پێش و بە بەسەنتەرکردندایە لەناو ئایدیای مرۆڤەکاندا.لا ۲٦٥). دووری وەک شوێن مەودایەکی پڕ قریشکە و عەبەسیەتی تێدایە، بەڵام ئەگەر مرۆڤ پشوودرێژ بێت لەسەریان ئەوا دەتوانێت ئەو دوورییە وەک بزوێنەرێکی باش بە گەڕ بخات بۆ جوڵاندنی خەیاڵی. تا وای لێ دێت لە شوێنێکدا قەتیس نەمێنێت و لە ڕێگاکاندا گیر نەخوات، تەنانەت وای لێ دێت مرۆڤ بە هۆی (ئەفسوونی دووری)ـیەوە وەک گەڕیدەیەکی لێ بێت و بەناو زەمەندا بسووڕێتەوە.

لە دایکبوونی دووەم نووسینی پێشڕەو عبدوڵڵایە و کتێبخانەی مەم و زین ساڵی ۲۰۱۹ چاپی یەکەمی کردووە.