ژمارە سەرنجڕاكێشەكانی ئەم وەرزەی چامپیۆنس لیگ

وەرزش 13/05/2019

چاودێر: رۆژنامەی ماركای ئیسپانی كۆمەڵێك ژمارەی سەرنجڕاكێشی لەم وەرزەی چامپیۆنس لیگدا بڵاوكردۆتەوە، كە هەندێكیان چاوەڕواننەكراون.
تاكو ئێستا لە 124 یاریی ئەم وەرزەی چامپیۆنس لیگدا 264 گۆڵ تۆماركراون، بەرێژەی 2.94 گۆڵ بۆ هەر یارییەك. 22 گۆڵیان لە كاتی زیادكراوی یارییەكەدا تۆماركراون واتە سەروو خولەكی 90. بۆنمونە گۆڵەكەی لوكاس مۆرای بەرازیلی ئەستێرەی تۆتنهام كە لە ئەیاكس ئەمستردامی كرد و یانە هۆڵەندییەكەی لە چامپیۆنس لیگ كردە دەرەوە و بۆیەكەمجاریش تۆتنهامی پێ گەیاندە یاریی كۆتایی پاڵەوانێتییەكە.
یەكێك لەو ژمارانەی ماركا بڵاویكردونەتەوە، زۆرترین خێرایی یاریزانەكانە، لەمەدا هەریەك لە لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی ئەستێرەی بەرشەلۆنە و كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی ئەستێرەی یوڤنتۆس ژمارەی پێوانەییان هەیە و یەكسانن، ئەمەیش بە 30 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا.
هاوكات دۆسان تادیچی سربی ئەستێرەی یانەی ئەیاكس ئەمستردام زۆرترین جوڵەی لەناو یاریگادا هەبووە و 140 كیلۆمەتری بڕیوە. ئەمەیش بەرزترین رێژەیە، ئەو لەسەرجەم یارییەكانی یانەكەیدا بەشداریی كردووە.
سەبارەت بە گۆڵكارانیش، لیۆنێل میسی ئەستێرەی بەرشەلۆنە بە تۆماركردنی 12 گۆڵ سەرووی لیستی گۆڵكارانی گرتووە و تاڕادەیەكی زۆریش یەكلای كردۆتەوە كە دەبێتە گۆڵكاری ئەم وەرزە.
وەكچۆن میسی هاوكاریی یانەكەی كردووە بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی زۆرترین لێدانی شووت بۆ گۆڵی بەرامبەر بە 199 شووت، كە 77یان بۆ ناو گۆڵ بوون.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە كە دوو لایەنەكەی یاریی كۆتایی "لیڤەرپول و تۆتنهام" ئەم وەرزە چوار یارییان لە چامپیۆنس لیگدا دۆڕاندووە، ئەمەیش بەراورد بە ساڵانی رابردوو رێژەیەكی زۆرە، لەكاتێكدا ئەم وەرزە یانەكانی بەرشەلۆنە و بایرن میونشن و لیۆن تەنها یەك یارییان دۆڕاندووە.