بەرشەلۆنە بە "یەك" مەرج دەستبەرداری كۆتینیۆ دەبێت

وەرزش 04/05/2019

چاودێر: وادەردەكەوێت فیلیپی كۆتینیۆی بەرازیلی دوایین رۆژەكانی خۆی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە بەڕێبكات، راپۆرتێكی رۆژنامەنوسی نرخی كۆتینیۆ ئاشكرادەكات كە لەلایەن ئیدارەی یانە كەتەلۆنییەكەوە دیاریكراوە. ئەمە لەكاتێكدایە كۆتینیۆ ئاستێكی خراپ لەگەڵ بەرشەلۆنە پێشكەش دەكات و زۆربەی كاتەكانی لەسەر كورسیی یەدەگ بەسەر دەبات.
بەپێچەوانەی پێشبینییەكانەوە، كۆتینیۆ باشترین رۆژەكانی خۆی لەگەڵ بەرشەلۆنەدا بەسەر نابات، ئەستێرە بەرازیلییەكە لەوكاتەوەی لە زستانی رابردووەوە پەیوەندیی بە یانە كەتەلۆنییەكەوە كردووە، بە ئاستێكی ناجێگیرەوە دەردەكەوێت. هەربۆیە زۆربەی كات خۆی لەسەر كورسیی یەدەگ بینیوەتەوە و پەیوەندییەكی خراپیشی لەگەڵ هاندەرانی یانەكەدا هەیە.
وادەردەكەوێت ئیدارەی یانە كەتەلۆنییەكە دوایین بڕیاری خۆی لەبارەی كۆتینیۆوە دابێت، وەك رۆژنامەی كۆنفیدۆنسیاڵ ئاماژەی پێدەكات ئیدارەی بەرشەلۆنە ئامادەیە ئەو گرێبەستانە وەربگرێت كە لە هاویندا پێشكەش بە كۆتینیۆ دەكرێن.
رۆژنامە ئیسپانییەكە رونیكردۆتەوە كە یانەی بەرشەلۆنە ئامادەیە لەبەرامبەر 100 ملیۆن یۆرۆدا دەستبەرداری ئەستێرە بەرازیلییەكە ببێت. وەكچۆن ئیدارەی بەرشەلۆنە دەیەوێت بەو بڕە پارەیە ماتیاس دی لیختی بەرگریكاری هۆڵەندیی یانەی ئەیاكس ئەمستردام بگوازێتەوە ریزەكانی.
هاوكات یانەكانی مانچستەر یونایتد، چێڵسی و پاریس سانجێرمان گەورەترین ئەو یانانەی ئەوروپان، كە دەیانەوێت كۆتینیۆ بگوازنەوە.
راپۆرتە رۆژنامەنوسییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، ئیدارەی یانەی چێڵسی دەیانەوێت قەرەبووی ئەگەری رۆیشتنی ئیدین هازارد بكەنەوە و گرێبەست لەگەڵ كۆتینیۆ ئیمزابكەن. 
هاوكات یانەی پاریس سانجێرمانیش دەیەوێت پەیوەندییە توندوتۆڵەكەی نێوان نیمار و كۆتینیۆ بقۆزنەوە و وا بكەن، كۆتینیۆ رەزامەندیی نیشان بدات بە پەیوەندیكردن بە یانە پاریسییەكەوە.
لەهەمانكاتدا ئۆلی گۆنار سۆلسكایەری راهێنەری مانچستەر یونایتدیش كۆتینیۆی خستۆتە نێو ئەولەویەتی كارەكانیەوە.