ژنومێردێکی نووسەر؛ چیرۆکێک بە زیاد لە گێڕانەوەیەک

ڕەخنەی چاودێر 25/04/2019

ڕەخنەی چاودێر

ڕەیمۆند کارڤەر و تێس گالاگەری هاوسەری، دوو چیرۆکنووسی ناوداری ئەمەریکین. کە هەریەکە و بە شێوازی تایبەت بە خۆی دەنووسێت. بەڵام ئەوان جارێک لە جارەکان کتێبێکی جوانیان پێکەوە نووسی، بە ناوی «کڵێسای گشتی» کتێبەکە لە دوو چیرۆکی درێژ پێک هاتووە، کە چیرۆکی یەکەمیان ڕەیمۆند کارڤەر نووسیویەتی و چیرۆکی دووەمیان تێس گالاگەر.


بیرۆکەی هەردوو چیرۆکەکە یەک شتە؛ (ژنومێردێک ئێوارە میوانێکی نابینایان دێت.) بەڵام هەریەک لەو نووسەرانە ئەم چیرۆکە بە شێوازێکی تەواو جیاواز لە یەکتر دەگێڕنەوە و زۆر لایەنی تاریک و تەماوی سەبارەت بەو ڕووداوە ڕووناک دەکەنەوە.
جیاوازیی هەرە سەرەکی لە چیرۆکەکاندا، گۆڕینی ڕاوییە. لە چیرۆکەکەی کارڤەردا، ڕاوی پیاوەکەیە: «ئەمڕۆ ژنەکەم میوانێکی دێت کە هاوڕێیەکی کۆنی خۆیەتی و نابینایە.» بەڵام لە چیرۆکەکەی تێس گالاگەردا ڕاوی ژنەکەیە: «ئەمڕۆ هاوڕێیەکی کۆنی خۆمم دەعوت کردووە بۆ ماڵەوە، کە مێردەکەم زۆر پێی خۆش نییە.»
ئەم کتێبە بچکۆلەیە، لە زانکۆکانی ئەمەریکادا وەک وانەی چۆنێتیی فێربوونی چیرۆکنووسین، دەخوێنرێت. هەربەڕاستییش وانەیەکی گرینگە بۆ چیرۆکنووسان و خوێنەرانێک کە حەز بکەن چیرۆک بنووسن. گۆڕینی جیهانبینی و گۆشەنیگای گێڕانەوە و چۆنێتیی کەشفکردن و فراوانکردنی بابەت و بیرۆکەکانی چیرۆک، لە هەرە ئەو خاڵە سەرەکییانەن کە لەم دوو چیرۆکەوە فێریان دەبین.
ئەم کتێبە ئەوەمان نیشان دەدات کە چۆن دەتوانین ڕووداوێکی بچکۆلە بە جۆرەها شێواز بگێڕینەوە و چۆن بچینە وردەکارییەکانییەوە. لە هەر شتێکدا کە ڕوو دەدات، زۆر لایەنی شاراوە و نهێنی هەن، کە تەنیا لە چیرۆکدا پەیان پێ دەبەین.

سایتی Flavorwire، پێشنیارەکانی ڕەیمۆند کارڤەر- چیرۆکنووسی ئەمەریکایی- بەم جۆرە خستوونەتە ڕوو، کە ئاسایی لە گوتار و گفتوگۆکانییەوە هەڵی هێنجاون.

*تۆ ناچار نیت لەگەڵ هەڵەکانتدا هەڵ بکەیت، مەگەر زەمانێک ببنە هزرێک. تێ دەگەیت خۆ؟ ئێمە دەبێت زۆر شەرمەزاری خۆمان بین کە بەم جۆرە قسە دەکەین. بۆ نموونە، کاتێک باس لە ئەشق دەکەین، وەک بڵێیت بەڕاستی دەزانین باسی چی دەکەین!
*لە ئەنجامدا سەروەتی ئێمە تەنیا وشەکانن. وا باشترە بە ڕێکی هەڵیانبژێرین و خاڵبەندیی دروستیان هەبێت، تا بتوانن بە جوانترین شێوەی خۆیان دەربکەون.
*من هەمیشە خەریکم شتێک فێر دەبم، چونکە فێربوون کۆتایی نییە.
*خێرا ئەنجامی بدە و خێرا لە کۆڵ خۆتی بکەوە. خاوەخاو مەکە. درێژەی بدەرێ.
*من پتر لە پێنج خولەک لە هەر مانگێکدا سەرفی بیرهێنانەوەی ڕابردوو ناکەم، ڕابردوو وەک وڵاتێکی بێگانە و نەناسراوە و هەموو شتێک تێیدا بە شێوەیەکی جیاواز ڕێک دەخرێت. ڕووداوەکان تەنیا سەر بە زەمەنی ئێستان.
*بۆڵەبۆڵ مەکەن. ڕوونکردنەوەی زیادە مەدەن.
*باشیی ئاگایی چییە؟ تەنیا هەموو شتێک خراپتر دەکات.

بە دڵنیایییەوە تۆ کاتێک دەتەوێت بەسەرهاتەکانی ژیانی خۆت بکەیت بە چیرۆک، دەبێت لە نووسیندا باش باڵادەست بیت. تۆ دەبێت بێ ئەندازە بوێر، زۆر بە توانا، داهێنەر و مەیلت بۆ گوتنی هەموو شتێک لە بارەی خۆتەوە هەبێت. تۆ زەمانێک شتێکت گوتووە و دەربارەی شتانێک کە زانیوتن نووسیوتە. بەڵام ئایا شتێکی باشتر لە بابەتە تایبەتییەکانی خۆتت پێ نییە بۆ نووسین؟ دەی، ددانی پێدا دەنێم کە تۆ نووسەرێکی تایبەتمەندی. یەکێکت لە هەرەبەتواناکان! بەڵام ئەمە مەترسیدارە کە یەک لە دوای یەک کتێب چاپ دەکەیت، ئەوەیش تەنیا بۆ ژیانی خۆتان دەڵێم! مەترسییەکی گەورە کە سەرەنجام بە هەوڵە بێ ئەنجامەکان کۆتایی دێت، ئەمەیە کە زۆرێک لەم نووسەرانە لە بری ئەوەی ببنە چیرۆکنووس، دەبنە ژیاننامەنووسێکی خراپ. نەختێک ژیاننامەنووسی و نەختێکی زۆر خەیاڵ و داهێنان، باشترین شتن بۆ نووسین.

ڕەیمۆند کارڤەر، چیرۆکنووسی ئەمەریکی، لە ٢٥ـی مەیی ١٩٣٨ـدا لە ئەمەریکا لە دایک بوو. ٢ـی ئۆگەستی ١٩٨٨ لە پەنجاساڵیدا کۆچی دواییی کرد.  ئەو مینیماڵنووسێکی بەتوانا بوو، هەرچەندە خۆی نەدەچووە ژێر باری ئەوەی کە مینیماڵنووس بێت. شاکارەکەی «کاتێک لە ئەشق دەدوێین لە چی دەدوێن»ـە، کە هارووکی مووراکامی هەمان ناونیشانی بە جۆرێکی تر بۆ کتێبێکی خۆی بە کار هێناوەتەوە: «کاتێک لە ماراسۆن دەدوێین لە چی دەدوێن.».