شەڕی نێوخۆیی گۆڕان بە جنێو و تانەوتەشەر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا گەرم دەبێت

کوردستان 24/04/2019

چاودێر:
لەگەڵ نزیكبوونەوەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ململانێ نێوخۆییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان گەرمتر دەبن و كاربەدەستە باڵاكانی ئەو حزبە لە ڕێگەی پەیجە سێبەرەكانەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هێرشدەكەنەسەر یەكدی.
 بێستوون فایەق، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان بە ڕۆژنامەی ئاژانسی گوتووە "سەركردایەتیی گۆڕان ناتوانن بە شێوەیەكی باش و تەندرووست ئیدارەی بزووتنەوەی گۆڕان بدەن، بۆیە نەریتێكی خراپ لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هەیە، كاتێك ڕەخنە دەگریت بە جنێودان و تانەوتەشەری زۆر وەڵامت دەدەنەوە.״
ناوبراو دەشڵێت "بەشێكی زۆر لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان خاوەن پەیجی جۆراوجۆرن كە بەناوی خوازراوەوە جنێو بە ئەموئەو دەدەن، ئەوەی سیاسەت دەكات دەبێت خاوەنی ڕوئیای خۆی بێت و خۆشی نەشارێتەوە و ئاشكرا بۆچوون و قسەی خۆی بكات.״
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەكە "ناكۆكییەكانی ناو گۆڕان سەبارەت بە پرسی دارایی، میدیا و بەرپرسیارێتیی ناو گۆڕان و پۆستەكان بەردەوامە و ئەوەش وای كردووە هەڵدانەوەی مەلەفی یەكتری لە نێوان سەركردەكانیدا زیاتر پەرە بستێنێت".