پەیامێك لەحكومەتی هەرێمەوە

کوردستان 24/04/2019

چاودێر :
لەساڵیانی كارەساتی بۆردومانكردنی شاری قەڵادزێ، لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەیە :
ئەمڕۆ 24-4-2019 چل و پێنج ساڵ بەسەر كارەساتی بۆمبارانكردنی شاری قەڵادزێی خۆڕاگردا لەسەر دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق تێدەپەڕێت، كە ئاكامەكەی شەهیدبوون و برینداربوونی دەیان ڕۆڵەی گەلەكەمان بوو، جگە لەهەوڵی سڕینەوەی زانكۆی سلێمانی، كە ئەو دەمە لەسایەی شۆڕشی ئەیلولدا، لەئامێزی شاری قەڵادزێی ئازاددا بوو.
وێڕای چەندین شاڵاو و هەوڵی كاولكاری و جینۆساید و شەڕانگێزیی ڕژێمە سەركوتكارەكانی پێشوو دژ بە كوردستان و گەلەكەی، بەڵام شاری قەڵادزێ وەك سەرجەم شار و شارۆچكە و گوندە خۆڕاگرەكانی كوردستان، بە سەربەرزی مایەوە. لەجێگەی زانكۆیەكی زامدار، ئێستا لەكوردستاندا دەیان زانكۆی سەردەمیانەمان هەن.

حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە و بەردەوام لەخەمی سڕینەوەی كاریگەرییە نەرێنییە ئابووری و دەروونی و كۆمەڵایەتی و ژینگەیی و فەرهەنگییەكانی ئەو كارەساتە نەخوازراوانەیە كە دەیان ساڵ لەسەر دەستی ڕژێمە ستەمكارەكان لە دژی كوردستان و كوردستانییان ئەنجام دراون و كاری بەردەوام دەكات بۆ بنیاتنانەوە و ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی كوردستان و پێشخستنی كۆمەڵگاكەی لە هەموو ئەو بوارانەدا.
لەم یادەدا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی بۆمبارانی ساڵی ١٩٧٤ و ڕاپەڕینە پیرۆزەكەی ساڵی ١٩٨٢ی قەڵادزێی خۆڕاگر و سەرجەم شەهیدانی كوردستان.