"کانی سپی" خەڵاتی باشترین شۆرت دۆکۆمێنتاری لە ئیتاڵیا بە دەست دەهێنێت
ڕەخنەی چاودێر
بەڵگە فیلمی (کانی سپی) کە فیلمێکی کوردیە و لەباشوری
کوردستان بەرهەمهێنراوە، بووە خاوەنی باشترین شۆرت دۆکۆمێنتاری لە فیستیڤاڵی
بەناوبانگی پریسما لە ئیتاڵیا.
فیلمەکە بەرهەمی بەشی بەڵگەفیلمی ڕووداوە و لە دەرهێنانی
(خەسرەو حەمەکەریم )ـە، فیلمەکە باس لە ٣ کچی ئێزدی دەکات کە وەک دەستکەوتی جەنگ لە
لایەن داعشەوە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە و یەکی زیاتر لە جارێک کڕین و فرۆشتنەوەیان
لەگەڵدا کراوە، هەرسێکیان کچی خانەوادەیەکن و لە سەرەتای هێرشەکانی داعشدا بۆ سەر
هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی شەنگال ڕفێندراون، ئەم خانەوادەیە تەواوی پیاوەکانیان
کوژران و ٢٢ کچی خانەوادەکەیان ڕفێنران، دوای پڕۆسەی ئازادکردنی موسڵ، کچەکان زۆربەیان
گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لە پیرۆزگای لالش و بە تایبەت بە ئاوی (کانی سپی) پیرۆز
کراونەتەوە و ئیستا لە کەمپی ئاوارەکانی شاریا لە پارێزگای دهۆک نیشتەجێن.
خەسرەو حەمەکەریم دەرهێنەرێکی کوردە و خەڵکی شاری هەڵەبجەی
شەهیدە و ئیستا لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە، ماوەی شەش ساڵە لە ئەڵمانیا گەڕاوەتەوە
و بە کاری فیلمسازییەوە سەرقاڵە، خاوەنی یەک کورتە فیلم و ٢٥ فیلمی دۆکۆمێنتارییە،
لە دەیان فیستیڤاڵدا بەشداریی کردووە و ئەمە یەکەمینجارە یەکێک لە فیلمەکانی خەڵات
بکرێن.