فەرهاد چۆمانی: فێستیڤاڵی گەلاوێژ ماکێکە و دەری دەخات بزاوتێک هەیە
ڕەخنەی چاودێر
لەگەڵ نزیکبوونەوەی بیستوودووەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژدا،
ڕەخنەی چاودێر هەوڵ دەدات بۆچوونی بەشێک لە نووسەران و ئەدیبان و شاعیران بڵاو
بکاتەوە دەربارەی فێستیڤاڵ و کار و چالاکییەکانی.
لە دوای كۆبوونەوەی بەردەوامی سەرۆك و ئەندامانی دەستەی
باڵای بنكەی ڕووناكبیریی گەلاوێژ و ڕاوێژكردن لەگەڵ سەرپەرشتیاری گشتیدا، بریار
دراوە بیستودووەمین فێستیڤاڵی ڕووناكبیریی گەلاوێژ لە 18/4/2019 هەتا 20/4/2019
ساز بكرێت، کە نووسەر و ڕۆشنبیرانی کورد و وڵاتانی ناوچەکە تێیدا ئامادە دەبن و
بابەت و لێکۆڵینەوەیان دەبێت.
فەرهاد چۆمانی، نووسەر و وەرگێڕ، بە ڕەخنەی چاودێری
ڕاگەیاند، بە بۆچوونی من فێستیڤاڵی گەلاوێژ نەک هەر گرنگە بەردەوام بێت، پێم وایە
دەبێ فراوانتر بکرێت و وادەیەکی زیاتر بەردەوام بێت، پێویستە لەوەدا کورت نەکرێتەوە
ساڵی جارێک ئەم دیدارە ئەدەبییە گرنگە ساز
بکات. بەڵکو بکارێ ڕۆڵی گرنگتر لەبواری ئەدەب و چاپ و بڵاوکردنەوەش بگێڕێ. بۆ هەر
ساڵێک، لەو ماوەیەدا کە فێستیڤاڵ بەڕێوە دەچێت بزاوتێکی باشتر دەداتەوە ئەدەب و ئەدیبان.
گەنگەشەی فرەڕەهەند دەسازێنێ، فێستیڤاڵ ماکێکە، دەریدەخات بزاوتێک هەیە. ئەگەر فێستیڤاڵ
نەبێت و کۆڕ و سیمینار و چاپ و واژۆکردن و گەنگەشەی قووڵی ئەدەبی نەبن ئەدی لە کوێ
گفتوگۆی ئەدەبی بکەین. بە داخەوە بەرنامە ئەدەبییەکان لە تەلەفزیۆنە کوردییەکان وەک
بەرنامەیەکی ناپێویست ماوەیەک پەخش دەکرێن و بۆ وەرزێکی تر نامێنن. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە
عەقڵێک لە پشت بەڕێوەبردنیانەوە نییە هێندەی ئەجێندای گێرەشێوێنییە. بۆیە من پێم وایە
دەبێ فێستیڤاڵ پەل بکێشێ بۆ کاری گەورەتر، وردەکارتریش بێت لێژنە و هەڵسەنگاندن.
وتیشی: "بۆ من ئەو ڕۆژانەی لە فێستیڤاڵ بەسەریان
دەبەم پڕ بەرهەم و شتی تازەن، بە تایبەت کە گفتوگۆ دەسازێ لەگەڵ ئەدیبی گەلانی تر."