سایتی چاودێر دەچێتە تەكێكەی شێخ عوسمان لە ئیستەنبوڵ

ڕاپۆرت 13/04/2019


چاودێر-تایبەت
كەسایەتی ناوداری ئاینی ناسراو شێخ محەمەد عوسمان سیراجەدین نەقشبەندی، مەرقەدەكەی لە شاری ئەستەمبوڵە، ساڵانە ژمارەیەكی زۆر سەردانی مەڕقەدەكەی دەكەن. ئەو مەرقەدە لەساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو شوێنی حەوانەی زۆرێك لە كۆچبەرانی باشوری كوردستان بوو، سایتی چاودێر، لەراپۆرتێكی مەیدانیدا لە ئیستەنبول، وردەكاریی و گرنگیی مێژویی و ئێستایی ئەو مەرقەد و تەكەیەیە دەخاتەڕوو.

شێخ محەمەد عوسمان سیراجەدین نەقشبەندیی كێ بوو؟
شێخ محەمەد عوسمان سیراجەدینی دووم، كە بە شێخ عوسمانی دووڕوو، یاخوود بە شێخ عوسمانی بیارە  ناسراوە. شێخ و رۆحانییەكی ناسراو و خاوەن پێگەی سۆفیگەریی و كۆمەڵایەتی نەقشبەندییەكان بوو، كە لە هەر چوارپارچەی كوردستان ناوبانگی گەورە و پێگەیەكی دیاری لە ناوچەكە هەبووە و لە قۆناغە جۆراوجۆرەكانی مێژوو و وەچەرخانە سیاسییەكاندا رۆڵی كارییگەریی هەبووە.
خانەوادەی شێخ عوسمان ناوبانگێكی پیرۆزیان هەیە بەوەی خانەقا و خوێندنگەی تایبەت بە خۆیان هەبووەو خزمەتێكی ئێجگار گەورەیان بە موریدان و فەقێیانی كوردستان و رێبازی نەقشبەندی كردووە. هەر لەو قۆناغەشدا بیارە ناوەندێكی زانستی زۆر گەورە بووە، لە زۆربەی ناوچەكانیتری كوردستان و دەرەوەی كوردستان فەقێ‌ و زانستخوازان روویان لێكردووە.
لە قۆناغی شێخایەتی شێخ عوسماندا قوتابخانەی ئاینی هاوشانی خانەقاكان پەرەیان پێدراو، بوون بە مەڵبەندێكی فەرهەنگی گەورە، خانەقای بیارە بە ئەزهەری كوردستان ناوبانگی پەیدا كردووە، بۆ ماوەی 200 ساڵ وەك ناوەندێكی فەرهەنگیی ئیسلامی رۆڵی گرنگی گێڕاوە لە پەروەردەكردنی فەقێ‌ و خوێندن و وتنەوەی زانستە ئیسلامییەكان.

مەزارەکەی شێخ عوسمان

كەی چوو بۆ  توركیا؟
بورهان ئەحمەد، كوردێكی باشوورەو بە وتەی خۆی لە خانەوادەی شێخ عوسمانە، لە ساڵی 1996 وە لە ئەستەمبوڵ لە ماڵی  شێخ عوسمان بووە و لە تەكییەكەی ئەو كاردەكات. ناوبراو ئاماژە بەوەدەكات: شێخ عوسمان لەساڵی 1982 بۆ یەكەمجار سەردانی توركیای كردووە، دواتر لە ساڵی 1990 بەیەكجاری هاتۆتەوە بۆ ئەستەمبوڵ خانەقا و قوتابخانەیەكی ئاینی دروستكرد و لەڕێگەی ئەو دوو ناوەندەوە خزمەتی هەمەلایەنەی پێشكەش كردووە، بە شێوەیەكی زیاتر ناوبانگی پەیداكردوو هاوسۆزی سۆفییەكانی بەلای خۆیدا راكێشا. 

خانەقاكەی لە خزمەت كوردانی تاراوگە بووە
لە قۆناغی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو باشووری كوردستان دووچاری كێشەی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتی گەورە بویەوە. كە راستەوخۆ هۆكاری سەرەكی بوو كە خەڵكی باشووری كوردستان بەرەو ئەوروپا كۆچ بكەن. بارگرانی و سەختی دۆخی نەهامەتی باشووری كوردستان بە رێگەی قاچاخ شەپۆلێك دیاردەی كۆچی بەدوای خۆیدا هێنا.خانەقاكەی شێخ محەمەد عوسمان لە ئەستەمبوڵ ببوە خانەی لانەوازانی كوردان و وەك باس دەكرێت دەیان هەزار كەس لەو ساڵانەدا لە خانەقاكەی ئەودا حەواونەتەوە.
لەم بارەیەوە بورهان ئەحمەد بە "سایتی چاودێر" ی راگەیاند: لەو ساڵانەی كۆچ بوبو بە دیاردە لەباشوور هەموو ئێوارەیەك لە خانەقای شێخ عوسمان خواردنی 1500 كەس ئامادە دەكرا، ئێمە تەنها خانەقا بوین كە دەرگامان بە رووی هەموو كەسێكدا كراوە بووەو هاوكاری لێقەوماوان كراوە. حەزرەتی شێخ هەمیشە دەیگوت هەركەس پەنای بردە لای ئێمە ئەوا دەبێت جێی بكرێتەوە".
ئەو دەڵێت" لەو ساڵانەی كوردی باشوور بە قاچاخ دەهاتن بۆ توركیا بەمەبەستی سەفەركردن بۆ ئەوروپا، زۆریان لەبەر نەبونی روویان لە ماڵی حەزرەتی شێخ عوسمان دەكرد، لەو ساڵانەدا بیرمە هەموو شەوێك 1500 كەس لەماڵی شێخ ماونەتەوە.

لەسەر لەخۆگرتنی كوردەكان، ئەوروپا راپۆرتێكی بە توركیا داوە!
بورهان لەدرێژەی وتەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد لەو ساڵانەدا زیاتر لە 38 هەزار كەس لەماڵی شێخ عوسمان حەواونەتەوەو پاشان بەرەو ئەوروپا بەڕێگەی قاچاخ رۆشتوون. ئاماژەش بەوەدەكات لە ناوەڕاستی نەوەدەكان وڵاتانی ئەوروپا راپۆرتێكی داوەتە حكومەتی توركیا بەوەی خەڵكێكی زۆر لەرێگەی ماڵی حەزرەتی شێخ عوسمانەوە پشوودەدەن و بە قاچاخ دێنە ئەوروپا، لەبەرامبەر ئەوەشدا توركیا چەندینجار هێزی ناردۆتە ماڵی شێخ بەتایبەت شەوان و ئێواران بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی ئەوە بكات و ئەو كەسانەی پەنایان بۆ ماڵی ئەو بردووە دەستگیریان بكات.
بورهان ئەحمەد بەسەرهاێك دەگێڕێتەوە دەڵێت "ئێوارەیەكیان لەكاتی نان خواردن سفرە داخرا، كت و پڕ جەندرمەی تورك بە پێڵاوەوە هاتنە ماڵی حەزرەتی شێخ، زۆرێك لەوانەی لەوێ‌ بوون هەڵهاتن، عەسكەرەكان توڕە بوون لەو دۆخە، لەبەرامبەردا حەزرەتی شێخ نانی نەخوارد چاوەڕێی كرد تاكوو هەڵهاتووان بگەڕێنەوە سەر سفرەكە.
لە كتێبی "سۆفیزم و شۆڕش" لە نوسینی بەرزانی مەلا تەها، ئاماژە بە سەرچاوەیەكی فەرمی كراوە لەسەر راوبۆچونی شێخ محەمەد عوسمان لەو بارەیەوە دەڵێت "ئێوە سنورەكانی خۆتان توند بگرن، من ناتوانم ئەوەی پەنا بۆ من ببات نەیگرمە خۆم، دەرگای ئێمە كراوەیە بەڕووی لێقەوماوان".

وەقفێكی تایبەتی بۆ دامەزرا
لە ساڵی 2014، وەقفێكی تایبەت بەناوی "وەقفی شێخ محەمەد عوسمان سەراجەدین" دامەزرا. بە وتەی سەرۆكی وەقفەكە ئامانج لە دروستكردنی ئەم وەقفە،بۆ رێكخستنی كارەكانی خانەقا و مەرقەدی شێخ عوسمانی سیراجەدینە،وە لە رێگەی ئەم وەقفەشەوە هاوكارییەكانی خێرخوازان بۆ دروستكردنی خانەقا نوێیەكە وەردەگیرێت.
سەلیم بوراق، سەرۆكی وەقفەكە بە " سایتی چاودێر" ی راگەیاند: ئامانج لە دروستكردنی ئەم وەقفە بۆ ئەوەیە كە خێرخوازان لەڕێگەی وەقفەكەوە هاوكاری كەسانی كەمدەرامەت بكەن، هاوكات ئێمە كاری پڕۆژەی دروستكردنی بینای خانەقایەكی نوێ دەگرینەئەستۆ، كە بە 12 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت.

توركیا سودمەندە لەمە!
بەپێی وتەكانی سەرۆكی وەقفەكە بێت، ساڵانە نزیكەی 50 هەزار كەس لەوڵاتانی ترەوە سەردانی مەرقەدی شێخ محەمەد عوسمان دەكات. لە ئێران، لوبنان، عێراق، ئەوروپا، ئەمریكا، وڵاتانی ئاسیاوە دێن. جگە لەوەی نزیكەی شەش ملیۆن موریدی هەیە و لە توركیاش سەردانی دەكەن.

دەربارەی خانەقا نوێیەكە
بەوتەی كەسوكار و ئەندامانی وەقفی شێخ محەمەد عوسمان سیراجەدین، ساڵانە سەدان هەزار كەس روو لە مەرقەدی شێخ محەمەد عوسمان سیراجەدین دەكەن ، بەتایبەتیش لە وەرزی هاویندا رۆژانە 1000 بۆ 1500 كەس سەردانی مەرقەدەكە دەكەن، بۆیە بیر لە دروستكردنی خانەقایەكی مەزن كراوەتەوە تاكوو ئەو كەسانەی سەردانی مەرقەدەكە دەكەن بحەوێنەوە. سەرۆكی وەقفەكە دەڵێت "لە ئەمریكا، ئوردن، كەنەدا، وڵاتانی ئەوروپا، عیراق، سوریا، ئێران، وڵاتانیتری قەوقاز، لوبنان لە عەرەب و كورد و تورك و فارس و نەتەوەیتر دێن بۆ سەردان. روبەری وەقفەكە 16 هەزار مەتر دووجایە كە 8500 مەتر دووجای بۆ بینایە. شەش ملیۆن موریدی هەیە.
پڕۆژەكە لەساڵی 2017 دەستپێكرد و لەئێستادا هەیكەلی خانەقا نوێیەكە تەواو بووە، بە قوڵایی 38 مەتر بناغەی لێدراوە بۆ ئەوەی ترسی بومەلەرزەی لەسەر نەبێت تێچووی  پرۆژەكە بە 12 ملیار دۆلار خەڵمێنراوەو تائێستا 4 چوار ملیۆن دۆلار خەرجی بووە.
ماوەی دوو ساڵە دەستكراوە بە دروستكردنی تەكییەیەكی نوێ كە 16 هەزار مەتر دووجا بیناكەیەتی كۆلێژەكەی تایبەت بە فێرخوازانی قورئان بۆ 500 كەس و هەروەها تیایدا شوێنی تایبەت بۆ حەوانەوەی  3000 كەس دروستدەكرێت و نان بخۆن و میوانی بكرێن. چێشتخانەیەكی 3000 كەسی خواردن دروست دەكات، سێ‌ جۆر نانەواخانەی تیایە.

ماکێتی خانەقا نوێیەکە

كۆچی دوایی شێخ عوسمان و ناشتنی لە ئیستەنبوڵ

شێخ محەمەد عوسمانی نەقشبەندی لە31 ی كانونی دووەمی 1997 لە ئەستەمبوڵ لە خانەقاكەی خۆی كۆچی دوایی كرد، لە تەمەنی 101 ساڵیدا، ئێستاش هەر لەوێ‌ نێژراوە، خانەقاكەی بۆتە مەرقەد و شوێنكەوتوانی سەردانی دەكەن، بەپێی وتەكانی شایەتحاڵەكانی ئەو كاتە و كەسانی نزیك لە شێخ عوسمان دەڵێن توركیا رێگر بووە لە هێنانەوەی تەرمی شێح عوسمان بۆ كوردستان تەنانەت هێزێكی جەندرمەی گەورە لەوێ‌ بوون بەشداری مەراسیمی ناشتنی كردووە. ئێستاش مەرقەدەكەی دەكەوێتە گەڕەكی خادم كۆی سەربە ناوچەی كوچوك چەكمەجە لە ئیستەنبوڵ.
لە كتێبی سۆفیزم و شۆڕش لە نوسینی بەرزانی مەلا تەها دەربارەی كۆچی دوایی شێخ محەمەد عوسمانی نەقشبەندی ئاماژە بە هەواڵێكی ئەو كاتەی رۆژنامەی حوررییەت دەكات.
رۆژنامەی حورییەت لە پاش یەك رۆژ بەسەر كۆچی دوایی نوسیوێتی "شێخ عوسمانی نەقشبەندی 9 ملیۆن موریدی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاستدا هەیە، وەسێتیشی كردووە لەپاش مەرگی لە بیارە لە تەنیشت گۆڕی شێخ عەلادینەوە بنێژرێت، بەڵام لەلایەن توركیاوە رێگە بە هێنانەوەی تەرمەكەی نەدراوە، مەزارەكەش بۆتە شوێنێكی پیرۆز و زیارەتكاران سەردانی دەكەن، پێدەچێت هۆكاری ئەوەش ئەوە بێت توركیا دەیەوێ‌ مەزارگەی شێخ وەك سەرچاوەیەكی ئابووری بەكاربهێنێت.