حكومەتی هەرێم دەست بەدانەوەی قەرزێك دەكات

ئابوری 10/04/2019


چاودێر
بڕیارە لەم هەفتەیەدا، قۆناغی دووەمی دانەوەی قەرزی بەڵێندەران دەستپێبكاتەوە و 100 ملیۆن دۆلار بە بەڵێندەران بدرێت و هەر بەڵێندەرێكیش لە(20%)ی قەرزەكانی وەردەگرێتەوە.
زاگرۆس فەتاح، بەڕێوەبەری گشتی لەوەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێم، رایگەیاند: حكومەت توانیویەتی بڕە پارەیەك بۆ دانەوەی قەرزی ئەو بەڵێندەرانە دابین بكات كە قەرزداریانە و لەكاتی قەیرانی داراییدا پڕۆژەكانیان تەواو كردووە، بەڵام حكومەت لەبری پارەی كاش چەكی بێ رەسیدی پێداون، ساڵی 2018 لەقۆناغی یەكەمدا حكومەت بڕی 100 ملیۆن دۆلاری دایەوە بە بەڵێندەران.
وتیشی" قۆناغی دووەم ئامادەكارییەكانی تەواو بووە، هەندێك كاری ئیداری ماوە كە بەڵێندەران دەبێت بچنە بانكە بازرگانییەكان و لیستی قەرزەكانیان لەلای حكومەت پێشكەش دەكەن و ئەوانیش بیدەن بە وەزارەتی پلاندانان بۆ وردبینی".
ئاماژەی بەوەشكرد: لەم هەفتەیەدا دەستدەكرێت بە دابەشكردنی پارەكە بۆ بەڵێندەران و تاوەكو مانگێك بەردەوام دەبێت، ئەویش بەهەمان شێوەی قۆناغی یەكەم بڕەكەی 100 ملیۆن دۆلارە، هەر بەڵێندەرێكیش لە(20%)ی قەرزەكانی دەدرێتەوە.