نیمار لەبەردەم هەڕەشەی سزایەكی قورسدایە

وەرزش 24/03/2019

چاودێر: ئەگەری ئەوە لە ئارادایە نیمار داسیلڤای بەرازیلی ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان لە یارییەك بۆ سێ یاری رابگیرێت، ئەویش بەهۆی لە ئینستاگرام قسەی لەسەر داوەری یارییەكەی پاریس سانجێرمان و مانچستەر یونایتد كردبوو.
یەكێتیی تۆپی پێی ئەوروپا "یوفا" لە راگەیەنراوێكدا نیماری بەوە تۆمەتبار كردووە كە "سوكایەتی" بە داوەر كردووە.
پێشتر نیمار لە ئینستاگرام نووسیبووی "داوەرەكانی ڤیدیۆ هیچ شتێك دەربارەی تۆپی پێ نازانن". وەك ئاماژەیەك بۆ داوەرانی یاریی یانەكەی بەرامبەر مانچستەر یونایتد لە قۆناغی 16ی چامپیۆنس لیگدا.
لەو یارییەدا پاریس سانجێرمان ئەگەرچی لە یاریگای خۆی یاریی دەكرد، بەڵام بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك شكستیان هێنا، لەدوایین خولەكەكانی یارییەكەدا داوەر پەناڵتییەك لەدژی یانە پاریسییەكە دەگرێت و بەهۆیەوە ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەكە دەكەن.
ئەم لێدوانەی نیمار لەكاتێكدابوو كە خۆی بەشداریی لە یارییەكەدا نەكردبوو، بەهۆی ئەو پێكانەی تووشی بووە.
یەكێتیی تۆپی پێی ئەوروپا رایگەیاندبوو ئەو رەفتارەی نیمار مادەی 11ی بەسەردا جێبەجێدەكرێت، كە جگە لە غەرامەكردن رەنگە لە یارییەك بۆ سێ یاری رابگیرێت.