ئەم خواردنانە مەخۆ ئەگەر دڵەكزەت هەیە

تەندروستی 19/03/2019

 

چاودێر: تابان رەزا
(دڵەكزە) نەخۆشییەكی بەناوبانگە، كە تووشی (گەدەو ریخۆڵەكان) دەبێت، ئەویش بە هۆی ئەوەی كە خواردنی هەرسكراوی ناو گەدە دەگەڕێتە دواوە بۆ ناو سورێنچك، یەكێكە لەو گرفتانەی كە زۆرێك لەهاوڵاتیان تووشی دەبن، لەوبارەیەوە د. كامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی،پسپۆڕی زانستی خۆراك ، دەڵێت"  میوە مزرەمەنیەكان و ماددەی كافاین وخواردنەوە گازییەكان بەهاراتی توند نەخورێت، چونكە بۆ دڵەكزە خراپە" 

چۆن دڵەكزە دەناسیتەوە؟
د. كامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی،پسپۆڕی زانستی خۆراك و نەشتەرگەری گشتی، باس لەوەدەكات، دڵەكزێ و ئازای گەدە وەك هەموو كێشەیەكی تەندروستی زۆر گرنگە هۆكارەكانی دەستنیشان بكرێت و نابێت پشتگوێ بخرێت بە تایبەت لەگەڵ بوونی نیشانەی وەك دابەزینی كێش بە خێرایی و ڕشانەوە و بوونی خوێن لە ناو پیسایی، كەمخوێنی، ڕەش بوونی ڕەنگی پیسایی ، بەردەوام بوونی بۆ ماوەیەكی زۆر ، پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت.

 ئەو خواردنانەی بۆ دڵەكزە خراپە؟
ئەو پسپۆڕە،لە بارەی خراپترین جۆرەكانی خۆراك بۆ دڵەكزێ و ئازاری گەدە، ئاماژەبەوەدەكات، میوە مزرەمەنیەكان وەك لیمۆ و سندی و پڕتەقاڵ بەتایبەت گیراوەكانیان یان بە شێوەی شەرەبەتی فرێش  خراپە، سیر و پیاز ، تەماتە  پێویستە كەمی لێ بخورێت و بە هێواشی و بە جوانی بجورێت،   هەروەها ماددەی كافاین چا و قاوە و كاكاو و سۆدا  بۆ چا و قاوە ڕۆژانە دوو كووپ زیاتری لێ نەخورێتەوە، خواردنەوە گازیەكان : چونكە دەبنە هۆی ئاوسانی گەدە ، نەستەلە،  لەگەڵ بیبەری توند و بەهاراتی توند و ترشیات و ترش و لیمۆن دۆزی ۰ 
 وتیشی، شیر هەرچەندە لە سەرەتادا ڕەنگە دڵەكزێ نەهێڵێت، بەڵام دواتر دەبێتە هۆی خرابتر بوونی بە تایبەت شیری تەواو چەوری ،خواردنەوە كحولیەكان، خواردنی سوركراوە و زۆر برژاو و خواردنی چەور وەك ڤاست فوود و بەز و دوگ و پیتزا، ساس و ماێونیز و كەچەپ ۰
پێویستە ئەم خواردنانە بخورێت
د. كامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی"  دەڵێت"   ئەو جۆرە خۆراكانە بۆ دڵەكزێ و ئازاری گەدە  باشە و پێویستە بخورێت، ئامانەن سەوزە و میوە بێجگە لە مزرەمەنیەكان و شلێك ،مۆز  و زەنجەبیل ماست  وهەنگوین و گوڵە بەیبوون ، هەروەها شۆڤان و چەرسی كاڵ و گوێز ئاردی بۆر و برنجی بۆر ،سپێنەی هێلكە و سركەی سێو  وماسی و گۆشتی مریشك و زەیتی زەیتوون.