بەخشندەیی خۆر

ڕەخنەی چاودێر 14/03/2019


چاڕلز بوکۆڤسکی
و. لە ئینگلیزییەوە: عەتا میرەکی

 

چاڕڵز بوکۆڤسکی شاعیر و ڕۆماننووسی ئەمەریکایی ساڵی 1920 لە “ئاندرناخ”ی ئەڵمانیا چاوی بە ژیان هەڵێنا، دوای کۆچبەربوونی بنەماڵەکەی لە ئەمەریکا دەگیرسێتەوە. لە ژوورە هەرزانەکاندا دەژیا و بۆ دابینکردنی بژێوی خۆی دەستی دایە چەندین پیشەی سەخت و کەمداهات. ساڵی 1950 وەکو نامەبەر لە پۆستەخانەی لۆس ئەینجڵێس کاری دەکرد. ساڵی 1969 لەگەڵ ناوەندی چاپ و پەخشی Press Sparrow Black گرێبەستی ئیمزا کرد کە مانگانە سەد دۆلار وەربگرێ و لە بەرانبەردا تا ئەو دەمەی لە ژیاندا دەمێنێ وەک نووسەرێکی پیشەیی تەنها بە نووسینەوە خەریک بێ. خۆی لە نامەیەکدا دەڵێ: دوو بژاردەم لەبەر دەستدا بوو، یان لە پۆستەخانە بمێنمەوە و شێت بم.. یان بێمە دەرێ و بنووسم و برسی بژیم. من برسێتیم هەڵبژارد. یەکەم ڕۆمانی خۆی بە ناوی "پۆستەخانە" نووسی کە بیرەوەری و بەسەرهاتەکانی خۆی بوو، لەو ماوەیەدا کە وەک نامەبەر کاری دەکرد، وەکو وەفایەک بۆ Black Sparrrow Press زۆربەی بەرهەمەکانی هەر لەو ناوەندەدا چاپ کرد. بوکۆڤسکی لە ساڵی 1994 و لە تەمەنی حەفتاوچوار ساڵیدا لە سەن پێدرۆی ویلایەتی کالیفۆڕنیا کۆچی دوایی کرد. لەسەر کێلی گۆڕەکەی نووسراوە: هەوڵ مەدە (Don‌t Try). ئەو شێوازە نووسینەی بوکۆڤسکی بە ڕیاڵیزمی پیس ناسراوە. لە نووسراوەکانیدا ڕەخنەگرانە و بە تووڕەیی باسی هەڵاواردن، هەژاری و پرسە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی ئەمەریکا دەکا. بوکۆڤسکی وێڕای ژمارەیەکی زۆر شیعر، چەندین کۆمەڵەچیرۆک و شەش ڕۆمانی نووسیوە.

"پاریس" کۆمەڵێک لە شیعرەکانی بوکۆڤسکی دەگرێتە خۆ، کە خۆم هەڵم بژاردوون و ئەو ناوەشم لە یەکێک لە شیعرەکانی نێو ئەم کتێبەوە وەرگرتووە. یەکەمجارە نووسراوەکانی بوکۆڤسکی لە قەبارەی کتێبدا بکەوێتە بەر دیدی خوێنەری کورد و زۆر خۆشحاڵم کە ئەم بەرهەمە دەچێتە کتێبخانەی کوردییەوە.



بەخشندەیە خۆر
کە فڕۆکەیەک هەڵدەکشێ بەرەو ئاسمان
کە فڕۆکەیەک وەک قامچی بە بەرچاوییەوە ڕادەخوشێ
مووشەکەکان وەکو بۆق هەڵدەبەزنەوە
منداڵەکان نەخشەکە دەردێنن
ڕووخساری وەک پەنیری کەڕووهێناو مانگ هەڵدەواسنەوە
لەوێ
لەسەر مانگ دەست ناکەوێ
بەڵام لەسەر زەوی زۆرە ژیان:
منداڵانی دەموچاو نەشۆراوی هیندی
لاقیان لەسەر یەک داناوە و
فوو بە بلوێردا دەکەن
برسێتی هەناوی هەڵمژیون
سەیری ئەو مارانە دەکەن کە لێکئاڵاون
وەک پۆلێ ژنی جوان بەدەم بایەکی برسییەوە
مووشەکەکان وەکو کەروێشک هەڵدەبەزنەوە
ئینسانەکان دەسڕنەوە
سەگەکان دەسڕنەوە و
جێگای گوللە ماوەبەسەرچووەکان دەگرنەوە
چینییەکان هێشتا بەردی یەشم دەتاشن
تۆزقاڵێك برنج دەخەنە زگی برسییانەوە
برسێتییەکی هەزارساڵە
ڕووبارە قوڕاوییەکانیان بە ئاگر و گۆرانی ڕێدەکەون
قایغ و بەلەمەکانیان بە جوڵەی ئارامی
چاوەڕوانیی بێبەرانبەر ڕێدەکەن
لە تورکیا
ڕووخساری ڕۆژهەڵات لە قاڵییەکاندا دەبیننەوە
لە خوایەکی وەنەوشەیی دەپاڕێنەوە
خوایەک کە جگەرە دەکێشێ
پێدەکەنێ و ئەنگوست بە چاویاندا دەکا
کوێریان دەکا
وەک چۆن خۆداکان وا دەکەن
بەڵام مووشەکەکان ئامادەن، ئیتر بایەخێ بۆ ئاشتی نەماوە
شێتیی وەک لیلووفەڕێک لەسەر ئەستێرک
بە سەرگەردانی دەخولێتەوە
نیگارکێشەکان ڕەنگی سوور و سەوز و زەرد هەڵدەگرنەوە
شاعیران تەنیایی خۆیان دەکەنە سەروای شیعر
مووسیقازانەکان وەک هەمیشە برسێتی دەکێشن
ڕۆماننووسەکان هیچ بە دەست ناهێنن
پلیکانەکان وا نین، نەوڕەسەکان وا نین
پلیکانەکان خۆیان لە ئاو دەهاوێن و هەڵدەکشێنەوە
بە دەنووکیانەوە ماسییەکی نیوەمردووی ژەهراوی بە
ڕادیۆ ئەکتیڤ دەشەکێننەوە
بە ڕاستی، بە ڕاستی دەریا
گاشەبەردەکان بە قوڕ دەشواتەوە
لە واڵ ستریت
بازاڕ وەک مەستێکی سەرگەردان لەتر لێ ئەدا
بە دوای کلیلەکەیدا دەگەڕێ؛ ئاخ،
خوا شتێکی باشی بۆمان دیوەتەوە:
دەمانباتەوە سەردەمانی بەورە ددان شمشێرییەکان
سەردەمانی مەیموونە باڵدارەکان
کە لە قووڵکەکاندا بە دوای
خوودە و وردەواڵە و شووشە دەگەڕان
برووسکەیەک لەبەر پەنجەرەوە تێدەپەڕێ
لە ملیۆنان ژووردا دڵداران تێکئاڵاون
نەخۆش و گێژ وەکو ئاشتی
هێشتا ئاسمان بۆ نیگارکێشان و شاعیران
دەبێتە سوور، دەبێتە پرتەقاڵی
گوڵەکان دەپشکوێن وەکو جاران
بەڵام تۆزی سووتووی مووشەک و قاچکە ژەهراوییەکانیان
لەسەر دەنیشێ
ڕۆژگارێکی ناخۆشە
پەردەی شانۆی سەردەمی سەگی
دەبێ بەپێوە سەیری کەی
بلیت نەماوە، دیسان جێگە نەماوە
کار کاری خودایە، کاری کەسێک، شتێک
مووشەکەکان و ژەنەڕاڵەکان، ڕێبەران، شاعیران
پزیشکان، کۆمیدییەنەکان
کارخانەکانی سووپ و بیسکویت، فرۆشیارە درۆزنەکان
ئێستا دەتوانم ئەو کێڵگانە ببینم کە بە تۆزی بەردی خەڵووز
پیس بوون
دەتوانم یەک یان دوو شەیتانۆکە ببینم
زەرداوی سەفرا، بەردی گڕکان، یەک یان سێ ماسی ببینم
لە شوێنە کەمئاوەکاندا،
پەڵەی ڕیسواییەک بۆ سەرچاوە و بینینمان
ئەمە پیشتر ڕووی داوە؟
مێژوو ئەڵقەیەکە دەگاتە کۆتایی خۆی؟
خەونێک، مۆتەکەیەک،
خەونی ژەنەڕاڵێک، خەونی سەرۆکێک
خەونی دیکتاتۆرێک...
دەتوانین بە خەبەر بێین؟
یان هێزەکانی ژیان بەهێزترن لە ئێمە؟
دەتوانین بە خەبەر بێین؟
یان هاوڕێیان، دەبێ تا هەتایە لە خەودا بمرین؟

سەرچاوە:
https://m.poemhunter.com/poem-amp/the-sun-wields-mercy/