كاریگەری چەوری ئاژەڵ لەسەر جەستە...!!

تەندروستی 12/03/2019


چاودێر: تابان رەزا
 چەوری مەڕ كە بە (بەز) ناودەبرێت،  ئەم چەورییە لەلەشی مەڕدا  زۆرە،لەڕووی پێكهاتەوە  لەڕۆنی روەكی جیاوازترە و زۆرێك لەڤیتامینەكانی تێدایە، هەندێك لەخەڵكیش ئارەزووی خواردنی ئەم جۆرە چەورییە دەكەن و لەخواردنی رۆژانەیاندا بەكاری دەهێنن، لەو بارەیەوە لەشكر حەمید، ئەندازیاری خۆراك، ئاماژەبەوەدەكات،  ئەگەر برێكی زۆر  بەزی مەڕ بخورێت  زیانی تەندروستی دەبێت.

‎لەبارەی پێكهاتەی مەڕ بزانە

 لەشكر حەمید، ئەندازیاری خۆراك، دەڵێت" چەوری مەڕ كە  لە كوردەواری بە ( بەز ) ناودەبرێت، بریتیە لە چەوریيەك لە لەشی مەڕدا زۆرە، ئەم جۆرە چەوریە لە ڕووی شیكاریەوە سەرچاوەیەكی وزەی زۆرە و جۆری چەوریەكە لە ڕوی پێكهاتەوە لە ڕۆنی ڕووەكی زۆر جیاوازە وە هەندێك لە ڤیتامینەكانی تێدایە بەتایبەتی ئەوانەی لە چەوریدا دەتوێنەوە، توێژینەوەكان لەسەر ( بەز ) زۆرن هەندێكیان باسی سودەكانی دەكەن و هەندێكی تریان باسی زیانەكانی دەكەن" 
سود و زیانەكانەی چەوری مەڕ
‎ ئەو ئەندازیارە، باس لەوەدەكات،  ئەگەر  خواردنی بەزی مەڕ بەبڕێكی دیاریكراو لەژێر چاودێری پسپۆڕی خۆراكدا بێت هەندێك سودی هەیە، وەك ئەمانەی  لای خوارەوە:
 ‎ كاریگەری لەسەر پێست هەیە، ئەگەر وەك ماسك بەكاربێت بەلابردنی هەندێك خڵتە و پیسی لەسەر پێست بە كاریگەری هەندێك پڕۆتینی تێیدایە.
 هاوكارە بۆ چارەسەری هەندێك كێشەی ئیلتیهاباتی جومگە پاش تواندنەوەی لەگەڵ هەندێك جۆر زەیتی ڕووەكی وە بەكارهێنانی لەسەر جومگە.
 هاوكارە بۆ درێژبوونەوەی قژ و برژانگ ئەگەر بەشێوەیەكی دروست لێیان بدرێت.
 سەرچاوەی خۆراك و بەهێزبوونی هەندێك ئەندامە وەك جگەر و ڕیخۆڵە ... هتد.
 دەركردنە دەرەوەی ژەهری كۆكراوە لەلەشدا لە ئەنجامی خواردنی هەندێك خۆراك تێر بەچەوریەكان.

‎ناوبراو وتیشی، هەموو ئەم سودانە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت لە بەزی ئاژەڵ بە بەراورد بە زەیتە ڕووەكیەكان لەڕووی كیمیاییەوە زیاتر جێگیرە واتە ئۆكسان بەخێرایی ڕوونادات، چونكە بوونی شێ و هەوا هۆكارە بۆ ئۆكسان زەیتی ڕووەكی، بەزی مەڕ بەشێكی كەمی وزەیە و ئاوێكی زۆری تێدایە، بەڵام زەیت بڕێكی زیاتر وزەی تێدایە .

‎لەشكر حەمید، ئاماژەبەوەدەكات،   هەندێك لە توێژینەوەكانی تر باسی زیانەكانی دەكەن بۆ توشبوون بە نەخۆشی دڵ و ڕەقبوونی خوێنبەرەكان و شێرپەنجەی مەمك و زەهایمەر ...هتد ، لە ئەنجامی توێژینەوەیەك بەزی ئاژەڵ لە چەوری تێر پێكهاتووە و سەرچاوەی وزەیە و لە هەموو ١٠٠ گرام بەزدا ٩٠٠ سعرەی گەرمیمان دەداتێ وە دەبێتە كەم بوونەوەی كۆڵیستڕۆڵ لەجۆری باش (HDL )، زۆر خواردنی دەبێتە هۆی قەڵەوی و ئەمەش هۆكارە بۆ نەخۆشی شەكرە و بەرزی پەستانی خوێن و جەڵدەی مێشك و هەوكردنی جومگەكان .

‎وتیشی، لە كۆتاییدا دەگەینە ئەو ڕاستییەی كە خواردنی بەزی مەڕ بەبڕی زۆر زیانی زیاترە لە سودەكانی، بەڵام ئەگەر بەزێكی تەندروست بێت بەبڕێكی زۆر كەم لەژێر چاودێری پسپۆڕی خۆراك لەگەڵ ئەمەشدا فول صویا و كەتان گوێز بخورێت كە سەرچاوەی ترشە چەوریەكان و ئۆمێگا (٣)  یە سودی زۆرە .