یونس مەحمود: ئەمەریكا وەرزشی عیراقی لەناوبرد

وەرزش 10/03/2019

چاودێر: یونس مەحمود هێرشبەر و كاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی عیراق، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا تۆمەتبار دەكات بە "لەناوبردنی وەرزشی عیراق" و دەشڵێت "لە ئێستادا وەرزشی عیراق بە خراپترین دۆخدا دەڕوات".
ئەستێرەكەی پێشووی شێرەكانی رافیدەین، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقی قەتەری دەڵێت "ئەمەریكا رۆڵی گەورەی هەبوو لە لەناوبردنی وەرزشی عیراقدا، ئەوكاتەی پۆل بریمەر حاكم بوو، چەندین یاسای پەیوەست بە وەرزشی هەڵوەشاندەوە و هەروەها رۆڵی لیژنەی ئۆڵۆمپی سنوردار كردبوو، بەمەیش وەرزش بە گشتی و تۆپی پێ بەتایبەتی بەرەو دواوە چوون".
یونس مەحمود، كە ساڵی 2007 سەركردایەتیی عیراقی كرد بۆ بردنەوەی یەكەم نازناوی جامی ئاسیا، رەخنە لە یەكێتیی تۆپی پێی عیراقیش دەگرێت و دەڵێت "لە ئێستادا ئەندامانی یەكێتییەكە تەنها بیر لە مادە و پارە دەكەنەوە، كەسیان چارەی كەسیان ناوێت، ئەمەیش كێشەیەكی دیكەی تۆپی پێی عیراقە".
ئەم لێدوانەی یونس مەحمود لەكاتێكدایە گەورەترین دەستكەوتی عیراق لە تۆپی پێدا دەگەڕێتەوە بۆ دوای روخانی سەدام حسێن، كاتێك لە ساڵی 2007دا نازناوی جامی نەتەوەكانی ئاسیایان بەدەستهێنا، وەكچۆن لە ساڵی 2004 هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپیی عیراق گەیشتە چوارگۆشەی زێڕینی ئۆڵۆمپیادی ئەسینا.