مەلا بەختیار: سوربن لەسەر رێبازی مام و پابەندبن بە حیكمەت‌و ستراتیجی مام

کوردستان 20/02/2019





ئەمرۆ (20/2/2019) گروپی دڵسۆزانی مام، گفتوگۆیەكی كراوەی لەهۆڵی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، بۆ مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار و رۆشنگەر بەڕێوەبرد، كە تیادا لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی سوپاسیكردن كە لەسەر رێبازی مام بەردەوامن و خەبات دەكەن لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە دورەكانی مام‌و لەپای كاروچالاكییەكانیش بۆ خزمەتكردن بەڕێباز‌و قوتابخانەی مام جەلال‌و ئامانجە گەورەكانی، سوپاسیكردن.
لەچوارچێوەی تەوەرە كراوەكانی گفتوگۆ كراوەكەشیدا، نەریتی چۆنێتی هەڵبژاردن‌و داڕشتنی رێوشوێنی هەڵبژاردنی نوێچەشن، لەناو گۆڕانكارییەكانی سەردەم‌و كێبڕكێ‌و ململانێكانی، بە پرسێكی گرنگ ناوبرد‌و پاشئەوەی رەهەندەكانی لێكدایەوە شرۆڤەیكردن، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە یەكێتی دەبێ‌ لەو راستییە تێبگات‌و ئەزمونی هەڵبژاردنەكانی رابردووش دەبێ‌ ئەو راستییەیان ساغكردبێتەوە، كە حزب تەنها بەبڕیاری مەركەزی حزبی‌و بەبڕیاری رەسمی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی، لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا، دەرەقەتی ئەم ململانێی فرە رەهەندە‌و فرە پەلوپۆدارە نایات‌و وتی: ئێستا هەڵبژاردن رەهەندی زۆر فراوان‌و جۆراوجۆری  پەیداكردووە.
هاوكات كاریگەرییە جۆراوجۆرەكانی دنیا، هەرێمایەتی‌و ناوخۆیی، سۆسیال مێدیا‌و پڕوپاگەندەی دەوڵەتان، بەمایەی كاریگەری لەسەر چۆنێتی بیركردنەوەی دەنگدەر، ناوبردو رونیكردەوە كە هەست‌و هزری دەنگدەر تێكەڵەیەكە لەهەموو ئەو كاریگەرییانەو لەو روانگەیەشەوە تەئكیدیی كردەوە: لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا، ئەركی حزب قورس دەبێت، بۆیە پێویستە باشترین دروشمی هەبێ‌، باشترین دورنمای هەبێ‌، باشترین سیاسەتی هەبێ‌، باشترین پرۆژەی هەڵبژاردنی هەبێ‌‌و باشترین كاری رووناكبیریی‌و گروپبەندی هەبێ‌ بۆ ئەوەی لەناو ئەم هەموو كاریگەرییە، كاریگەریی پرۆژەی یەكێتی‌و هەڵمەتی هەڵبژاردن‌و كاندیدەكانی یەكێتیی، كاریگەرتربێ‌ لەناو كاریگەرەكاندا، هەتا بتوانێ‌ دەنگی دەنگدەران بۆخۆی دابینبكات.
هۆكارەكانی كەمبونەوەی رۆمانسییەتی سەركەوتنی شاخ، نەبوونی ژیانێكی یەكسان‌و دادپەروەر، چارەسەرنەكردنی تەنگوچەڵەمەكان، بەدینەهێنانی خواستە جیاوازەكانی چین‌و توێژەكانی كۆمەڵ بەپێی پێویستی ژیانی سەردەمەكە، گەشەپێنەدانی شارستانییەت، بونیادنەنانی ژێرخانی ئابوری‌و سیستەمێكی پێشكەوتوو، نەمانی متمانە، بەفاكتەری كەمبونەوەی بەشداریكردنی هاووڵاتیانی لەپرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا ناوبردو وتیشی: جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكان‌و بەدینەهێنانی خولیاو ئاواتەكانی خەڵك، گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی دنیا، دیاردەی تاكگەرایی، لیبراڵییەت‌و دیاردەی تازە لەپەیوەندی سیاسی، چینایەتی، ئابوریی، كۆمەڵ‌و خێزانیش وایكرد بەشێك لەنەوەی دووەم‌و سێهەم‌و بەتایبەت نەوەی دوای راپەڕین، بكەونە ژێر كاریگەری پڕوپاگەندەو سۆشیال مێدیا‌و ئەمەش جەزرەبەی لەكۆی پرۆسەی بونیادنانی كۆمەڵی مەدەنی‌و دیموكراسی ناوبرد.
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، بەرنامەی گونجاو ‌و راست‌و جێبەجێكردنیشی، كە گونجاوی گۆڕانكارییەكان بێ‌، چارەسەركردنی كێشە‌و تەنگوچەڵەمەكان، بەمایەی گێڕانەوەی متمانە ناوبرد‌و لەكۆتایی گفتوگۆكەشیدا، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، ناونانی گروپەكەی بەگروپی دڵسۆزانی مام، بەمایەی كاریزمایی سەرۆك مام جەلال‌و گەورەیی ئەو رابەرە لەمێژوودا ناوبرد، كە ئاسان نییە دووبارەبونەوەی لەمێژووداو وتی: 
هەتا ئەو رۆژەی مام دوا ماڵئاوایی كرد، هەرچی دەستیدەكەوت بۆخۆی نەبوو، بۆ كوڕی نەبوو، تەنانەت ماڵەكەی دەباشانیشی بەناوی خۆیەوە نەناوە‌و بۆ یەكێتی بوو، بۆیە هیچ كەسێك نییە لەسەر زەوی بەقەدەر مام جەلال بەخشندەبێت. بەخشندە نەك هەر بۆ یەكێتی، بەڵكو بۆ هەموو حزبەكان‌و لەسەر ئاستی عیراق‌و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، بەخشندەبوو. 
وتیشی: بۆیە كاتێك ئێوە ناو لەگروپەكەتان دەنێن، گروپی مام، لەبەرئەوەی مام یەكێك لەهەرە گەورەترین كاریزماكانی مێژووە، دووبارەبوونەوەی ئەستەمەو ئاسان نییە. بەڵام ناونان شتێكەو پابەندوبونیش بەناو و ناوەرۆك‌و رێبازی مام جەلالیش  شتێكی ترە‌و جەختیكردەوە: 
هەروەك چۆن مام فەرمویەتی هەموو پێشمەرگەیەكی یەكێتی پێوسیتە دەست‌و دەم‌و داوێن پاكبێ، دەبێ ئێوەش بەهەمان دروشمەوە، سوربن لەسەر رێبازی مام و هەر بەحیكمەتەكانی مام‌و پابەندبن بە ستراتیج، بە ئەخلاق، بە رێبازو بەئایدۆلۆجییەتی مام‌و وتیشی: نەوەی سێهەمی یەكێتی ئەركی گەورەتان لەسەر شانەو قەت ئەو ئەركەی لەسەر نەوەی سێهەمە، كەمترنییە لەو ئەركەی لەسەر نەوەی دووەم‌و یەكەم بوو لەشاخ‌و لەدوای راپەڕینیش، بۆیە هیواموایە بەناو و ناوەرۆك لەگەڵ مام بن، لەگەڵ حزبەكەی مام بن‌و لەگەڵ راپەڕینی بەردەوامی ئەقڵی مام بن، بۆ ئەوەی هەم تەنگوچەڵەمەكانی ئێستا‌و هەم لەپیلان‌و بەدبەختییەكانی دەرەوەش، لەعیراق‌و ناوچەكە دەربازبین‌و ئاییندەیەكی باشتر بۆ كورد، بۆ كوردستان، بۆ دیموكراسی، بۆ دادپەروەری‌و بۆ گۆڕەكەی مام‌و هەموو شەهیدەكانمان دابین بكەین.