سەركردەیەكی گۆڕان: پارتی ناچاریكردووین بڵێین تۆمان هەبێ بەسمانی، بۆ پێشەوە پێشمانكەوە بارزانی!

کوردستان 20/02/2019

چاودێر:
ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، لەكۆبونەوەی 18/ 2/ 2019 پارتی دەستی بەسەر كڵاوڕۆژنەی پەرلەماندا گرت و هەموو لایەنەكانی تری ئاخنییە سوچێكی تاریك و چراكەشی بەدەستی خۆیەوە گرت، تا هەموومان ناچار بین لەدوایەوە بڕۆین وبڵێین لەكوردستان تۆمان هەبێ بەسمانی، بۆ پێشەوە پێشمان كەوە بارزانی!. 

ئیسماعیل نامیق ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەوتارێكیدا لەژێر ناونیشانی (مەترسییە گەورەكە) ڕایگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان سەرۆكایەتی حكومەت وسەرۆكایەتی هەرێم وسەرۆكایەتی ئەنجومەنی دادوەری كۆنترۆڵكردوەو بەویستی خۆی هەڵیسوڕاندون و هەڵیاندەسوڕێنێ، سەرۆكایەتی پەرلەمان تاكە سەرۆكایەتی بوو، كە نەكەوتبوە ژێر كۆنترۆڵی پارتییەوە، لایەنەكانی تر دەیانتوانی جار جار وەكو كڵاوڕۆژنەیەك بەكاری بهێنن و لەرێگەیەوە هەناسەیەك بدەن و تاڕادەیەكیش روبەڕوی پرۆژەكانی پارتی رابوەستن و تەسلیمی هەموو ویستەكانی نەبن.

ئاماژەی بەئەوەشدا، بەڵام لەكۆبونەوەی 18/ 2/ 2019 پارتی دەستی بەسەر ئەو كڵاوڕۆژنەیەشدا گرت وهەموو لایەنەكانی تری ئاخنییە سوچێكی تاریك وچراكەشی بەدەستی خۆیەوە گرت، تا هەموومان ناچار بین لەدوایەوە بڕۆین وبڵێین لەكوردستان تۆمان هەبی بەسمانی، بۆ پێشەوە پێشمان كەوە بارزانی!!! 

وتوشیەتی:"ئەزانن پارتی چۆن ئەوەی كرد؟ بەجوڵەیەكی زۆر سادە كردی ئەویش بەدانانی مونا قەهوەچی بەسكرتێری پەرلەمان وەكو نوێنەری پێكهاتەی توركمان، ئیتر حەز ئەكەن كێ ئەكەن بەسەرۆكی پەرلەمان بیكەن، ئەملای هەورامی و ئەولای قەهوەچی، پێم بڵێن چی پێ ئەكرێ چی؟".

ئەوەشی خستۆتەڕوو، ترسە گەروەكە بریتیە لەوەی پارتی پێدانی سكرتێری پەرلەمان بكات بەبنەمایەكی یاسایی پیرۆز، یان عورفێكی پەرلەمانی پیرۆز كەس جورئەت نەكات باسی دەستكاریكردن وهەمواركردنی بكات، وەكو ئەوەی بۆ كۆتای پێكهاتەكان كردوێتی.