نرخی ئەم ئۆتۆمبێلانە بەرزدەبێتەوە

کوردستان 19/02/2019

چاودێر:
سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی ھاوردە و ناردنكارانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ھەڵگرتنی خاڵە گومركییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و شارەكانی تری ژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراق نرخی ئۆتۆمبێلە مۆدێل بەرزەكان بەرزدەبێتەوە.

سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی ھاوردە و ناردنكارانی كوردستان، مستەفا عەبدولڕەحمان لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وتی: "یەكخستنی پێناسەی گومركی لە نێوان عێراق و ھەرێمی كوردستان، كە لەم ھەفتەیەدا چووە بواری جێبەجێكردنەوە لەناوخۆدا گرنگی تایبەتی خۆی دەبێت لەوەی بازرگانان و ھاوردەكاران لە گشت سنوورەكانەوە بە شێوەی یەك پاكێج دەتوانن كاڵاكانیان ھاوردە بكەن بۆ ھەرێم، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پێناسەیە زۆربەی پشتی بەستووە بە رسوماتی گومركی ھەرێم كە ئەوەش خاڵێكی باشە و رسوماتی گومركی ھەرێم كەمترە لە عێراق، بەڵام لە ھەندێك كاڵادا پشت بەستراوە بە بەھای گومركی عێراق بەوەش نرخەكان زیاد دەكات بە تایبەت لە ئۆتۆمۆبێلە مۆدێل بەررزەكاندا".

ئەو وتی: "بە شێوەیەكی گشتی یەكخستنی پێناسی گومركی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق ھەموو سنوورەكانی ھەردوولا پێكەوە دەبەستێتەوە و بازرگانان و ھاوردەكاران بە شێوەیەكی راستەوخۆ دەتوانن لە ھەر سنوورێكەوە بیانەوێت كاڵای خۆیان ھاوردەی ھەرێم و عێراق بكەن".

پێش چەند رۆژێك بڕیاری ھەڵگرتنی خاڵە گومركییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و شارەكانی تری ژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقی چووە بواری جێبەجێكردنەوە و ئەو خاڵە گومركییانە ھەڵگیران كە پێشتر لە لایەن حكومەتی عێراقەوە داندرابوون و كاریگەری گەورەی لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی دروستكردبوو.